=KTML_Bold=گرنگی ناوەندە هزرییەکان لە هەرێمی کوردستان=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
ناوەندە هزرییەکان یان دامەزراوەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی هەر دەوڵەتێ، چونکە ڕۆڵی بەرەوپێشبردنێکی داهاتووئامێز دەگێڕێ، بۆ پاراستنی تاکەکان و دەوڵەت و نەوەکانی ئایندە، ئەگەر چی هەندێ دەوڵەت هەیە، گرنگی بە ناوەندە هزرییەکان نادات، یان هەر ڕێگر دەبێت لە دامەزراندنیان. بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی، کە لە ڕێگەی سیستەمێکی داپڵۆسێنەر و پاوانخواز و دیکتاتۆرییەوە بەڕێوەدەچن.
سەرچاوەی گرنگیدان بە ناوەندە هزرییەکان تایبەتمەندە بە قەوارەی دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتان، چونکە ئەم ناوەندانە بازنەیەکن یان بەشێکن لە قۆناغەکانی داڕشتنی سیاسەتەکان و درووستکردنی بڕیاری سیاسی.
بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین، ئەم ناوەندانە دامەزراوەی ئەکادیمی و زانستی ڕەهان، جێگرەوە و بژاردەی ئامادە و گونجاو پێشکەش بە بڕیاربەدەست دەکەن، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەت و حوکمڕانی باش.
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەکو نموونەیەکی بێ وێنە لەسەر ئاستی جیهان، کە دەوڵەتێکی دانپێنراو نییە، بەڵام قەوارەیەکی دەستووری گرینگە، کەش و هەوایەکی دیموکراسی و فەزایەکی فراوانی بۆ ئازادییەکان فەراهەم کردووە و لە چەند ساڵی ڕابووردوو لە ڕووی ستراتیژی ئابووری زانیاری هەنگاوی زۆر باشی بەرەو پێشەوە ناوە، بۆیە بە دەرفەت دەزانرێ لە ڕێگەی ئەم وتارەمانەوە پێشنیازی دامەزراندنی ناوەندێکی هزری بۆ پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بکەین، کە تەنیا پسپۆڕی زۆر بە توانا و شارەزای بواری ئابووری لەخۆ بگرێ و ئەو پسپۆڕ و شارەزایانە داڕێژەری ستراتیژی ئابووری بن، نەوەک سیاسەتمەداران و بارزگانانی کەرتی تایبەت. چونکە ناوەندە هزرییەکان ناوەندی زانستی و ئەکادیمین و کار لەسەر توێژینەوە دیراساتی ستراتیژی و خوێندنەوە بۆ ئایندە دەکەن، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستییە بێ گەرد و ئەبستراکتەکان و پێشکەشکردنی بژاردە و ڕاسپاردەی گونجاو لە بابەتە ئابوورییەکان، بەڵام ناوەندی هزری تر دەتوانن لە بوارەکانی سیاسەت و فەلسەفە و کۆمەڵناسی یان هەر بوارێکی ژیاری تر بە ڕاسپاردە و بژاردە و پێشنیارەکانیان جومگەکانی دەوڵەت دەوڵەمەند بکەن و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئامۆژگاری بدەن بە بڕیاربەدەست، تا بڕیاری گونجاو بدات.
دەستەواژەی «Think Tanks»، کە لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەیەک بوو بۆ ژینگەیەکی لەبار، تیایدا شارەزایانی کاروباری بەرگری و داڕێژەرە سەربازییەکان کۆدەبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی بابەتە ستراتیژەکانی پەیوەست بە بەرگری. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنرێ بۆ وەسفکردنی ئەو دامەزراوانەی، کە سەرقاڵی چالاکی سیاسی و شیکردنەوەی بنەما سیاسییەکانن.
دامەزراوەی ڕاند RAND بۆ توێژینەوە پێی وایە، ناوەندە هزرییەکان کۆمەڵە کەسانێ یان پەیمانگە ڕێکخراوەکان لەخۆ دەگرێ، کە ئامانجیان ئەنجامدانی توێژینەوەی چر و پڕە و چارەسەر و پێشنیار بۆ گرفتەکان بە شێوەی گشتی پێشکەش دەکەن، چ لە بواری تەکنەلۆژی بێت، یان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ستراتیژ و ئاسایشی نەتەوەیی.
گرنگی ناوەندە هزرییەکان لەوەدایە، کە پەیامێکی مرۆیی هەیە و بە شێوەیەکی زانستی کاری لەسەر کردووە بۆ بەرژەوەندی تاک و دەوڵەت و مرۆڤایەتی بەگشتی، تاوەکو ژیانێکی سەقامگیر و ئاسودە دەستەبەر بێت. بۆیە بە پێویست دەزانرێ ئەم جۆرە ناوەندانە هاوکاری ماددی و مەعنەوی و ئاسایشی بکرێن.
بە دڵنیاییەوە ئەم ناوەندانە ئاراستەی جیاجیا لەخۆدەگرن، هەندێ ناوەند هەیە توێژینەوەی بێ لایەنانە پێشکەش دەکەن و سەرچاوەی داراییان فرەییان پێوە دیارە، ناوند هەیە بە شێوەی گرێبەست کار دەکات، لەگەڵ حکومەتە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان گرێبەست ئەنجام دەدات، لە بەرامبەردا دیراسە و توێژینەوە و ڕاوێژیان پێشکەش دەکات. ناوەند هەیە ئەرکی ڕیکلامکردنە و دیدگایەکی تایبەت پێشکەش دەکات، کە لایەنداری ئایدیۆلۆژی پێوە دیارە و ئەو لایەنەی پاڵپشتی دەکات ناسراوە.
بێ گومان ناوەندی هزری حزبی هەیە، کە دیراسە و ئەدەبیاتگەلی ئامادە دەکات، کە پاڵپشتی و پشتگیری حزبێکی دیاریکراو دەکات و گرنگی بەوە نادات، وەکو ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی دەرکەوێ.
ناوەندی هزری هەیە لایەنداری دەوڵەت و سیستەمی سیاسییە، بە پێچەوانەوە ناوەندی تر هەیە لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و نەیاری سیستەمی سیاسی پاڵپشتی دارایی دەکرێ و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکانی دژایەتی سیستەمی دەسەڵاتداری پێوە دیارە و زۆر جار ئەو جۆرە ناوەندانە لە ناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات لە ژێر نازناوی جیاجیا کار ئەنجام دەدەن.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیکە 1200 تا 1300 ناوەندی هزری بوونیان هەیە، کە کاریان داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە.
ناسنامەی ناوەندە هزرییەکان کاریگەری لەسەر سەربەخۆییان هەیە، چ لە ڕووی ئەجێندای توێژینەوەکەیانەوە بێت، یان لە ڕووی سەرچاوە داراییەکانیان و بەردەوامی ئەو سەرچاوانەوە بێت. لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوە هزرییەکان پۆلێن دەکرێن بۆ شەش گروپ:
1- ناوەندە سەربەخۆکان (Autonomous Independent)، کە سەربەخۆن لە ڕووی کۆمەکی دارایی لە ڕێگەی حکومەت یان گروپەکانی بەرژەوەندی و بەخشێنەر.
2- ناوەندە نیمچە سەربەخۆکان (Quasi-Independent)، کە سەرچاوەی داراییان لە لایەن گروپەکانی بەرژەوەندی یان لایەنی بەخشێنەر و ئاژانسی گرێبەست Contracting Agency، ئەم لایەنانە کاریگەری ئاشکرایان هەیە لەسەر پرۆسەکانی ناوەندە هزرییەکان.
3- ناوەندەکانی سەر بە زانکۆکان (University Affiliated)، کە لە ناو حەرەمی زانکۆکان کار دەکەن.
4- ناوەندەکانی سەر بە حزبە سیاسییەکان (Political Party Affiliated)، کە بە فەرمی سەر بە حزبەکانن.
5- ناوەندەکانی سەر بە حکومەت (Government Affiliated)، کە بەشێکن لە پێکهاتەی کاری حکومەت.
6- ناوەندەکانی نیمچە سەر بە حکومەت (Quasi-Governmental)، کە مینحە حکومی و گرێبەستی حکومی لەگەڵ دەکرێ، بەڵام بە فەرمی سەر بە دەزگاکانی حکومەت نییە.
ئامانج و ڕۆڵی ئەم ناوەندانە بە پێی سروشتی دامەزراندنیان و ئاراستەیان دەگۆڕدری، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا بریتیە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژی نوێ و سەربەخۆ، دوور لە پاشکۆیەتی و سەرپێی، یان بەرژەوەندی، بۆ لایەنەکانی تایبەتمەند و جێ بەجێکار لە پێناو ژیانێکی باشتر لەسەر بنەمای زانستی و میتۆدی.
ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زانا و بیرمەند و توێژەرە پسپۆڕمەندەکان و کاراکردنی ڕۆڵیان و سوود وەرگرتن لە توانا هزری و زانستییەکانیان دەبێتە مایەی بەروەپێشبردنی هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی کوردستانیان و بەهێزکردنی بەرنامەکانی حکومەت و نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر کۆمەڵگە لە ڕووی ئاسایشی و تەندروستی و کەش و هەوا.
دەکرێ لە ئایندەدا ناوەندە هزرییەکان لە هەرێمی کوردستان گرێ بدرێن بە توڕە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە ناوەندە هزرییەکان، وەکو تۆڕی Global Development Network تۆڕی جیهانی پەرەپێدان و ناوەندی تر بۆ ئاڵوگۆڕی توێژینەوەی ئەکادیمی نێوان ناوەندەکان و لەسەر فەزای دیپلۆماسییەتی ڕێگای دووەم Second-Track Diplomacy، ئەم تۆڕە گرینگانە کاردەکەن بۆ پێکەوەگرێدانی ناوەندە هزرییەکان و حکومەتەکانیان و کەرتی تایبەت و شێوە کەشێ فەراهەم دەکەن لە نێوان ئەو سێ کەرتە، تا بتوانن پێکەوە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و وانە بەسوودەکان بکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەست بێ بە تەواوکاری نێوان سیاسەتە خۆجێیەکانی تایبەت بە بواری پەرەپێدان و درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان و شیکاری ئایندەیی و پاڵپشتیکردنی توانای توێژەرانی شارەزا لە هەرێمی کوردستان.
ئەمەش دواجار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکار دەبێت لە دەرکردنی بڕیاری درووست و عەقڵانی سەبارەت بە جێ بەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=لە کۆتاییدا:=KTML_End=
ڕۆڵی ناوەندە هزرییەکان لە ناو کۆمەڵگەدا زۆر گرنگە و بێ گومان کاریگەری دەبێت لەسەر نەوەکان لە داهاتوودا، چونکە دیراسەی زانستی قووڵ لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و هزری و ئاسایشی و بوارەکانی تر دەخاتە بەردەست و نموونەیەک پێشکەش دەکات، کە باشتر بێت لەو واقیعەی ئێستا ئێمە تیایدا دەژین.
توێژەران و بیرمەندان و زانایان و شارەزایانی ناوەندە هزرییەکان بە سوپای دووەمی دەوڵەت ناودەبرێن، کە نە تەنها لە کاتی جەنگ و قەیران کاردەکەن، بەڵکو کارە هزری و زانستییەکانیان لەکاتی دوای جەنگ و قەیران و لەسەردەمی ئاشتی هەر بەردەوامی دەبێت. ئەوا جیاواز لە کەسانی ئاسایی بەردەوام سەقاڵی بیرکدنەوە و توێژینەوە بن، تا دەگەن بە ئەنجام و ڕاستییەک، کە دەبێتە مایەی خۆشی و سەقامگیری بۆ مرۆڤایەتی.
سەربەخۆبوونی ئەو ناوەندە هزریانە و دوورخستنەوەیان لە هەر فشار و کۆت و بەند و ڕێگری کردن لە سەپاندنی بۆچوونی تایبەت بەسەریاندا پێویستە، تاوەکو زانیاری و بەرهەمە زانستییەکانیان ببنە مایەی متمانەی هەموو لایەک.
بە هیوای کوردستانێکی شکۆدار و دەوڵەمەند لە ڕووی ناوەندەکانی هزر و مرۆڤانی نیشتمانپەروەر. [1]