حەمە ساڵح دیلان؛ قەڵەمێکی بڕشت و دەنگێکی کەموێنە
نووسینی: #حەسەن فەلاح#
#محەمەد ساڵح دیلان#، ناسراو بە حەمە ساڵح دیلان، ساڵی 1927 لە گەڕەکی #گۆیژە#ی شاری #سلێمانی# هاتووەتە دونیاوە، یەکێکە لە دیارترین شاعیر و مەقامبێژانی کورد.
حەمە ساڵح دیلان قۆناغی سەرەتای خوێندنی لە مزگەوتی شێخ بابە عەلی و خوێندنگەی خالیدییە دەستپێکردووە، پاشان بووە بە فەرمانبەر و لە سایەی بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەرانەدا دووچاری گرتن و دوورخستنەوە بووە.
دیلان یەکێک بووە لە دیارترین شاعیرەکانی سەردەمی خۆی، لەسەر دەستی باوکی، ڕێی بۆ خۆشکراوە تاوەکوو ببێت بە شاعیر، کاریگەربووە بە شیعرەکانی: #مەولەوی#، #پیرەمێرد#، #گۆران# و #سالم#، هاوکات خوێنەری شیعری فارسی بووە و حافز و سەعدی کاریان تێکردووە.
لە ئاستی ناوەرۆکە شیعرییەکانیدا، حەمە ساڵح دیلان، گرنگییەکی زۆری بە باری هزر و لایەنی نیشتمانپەروەریی داوە، ئەمەش ئاستی هۆشیاریی ئەم کەسایەتییە دەردەخات بەرانبەر بە دۆخی ڕامیاریی سەردەمەکەی، کە یەکەم هۆنراوەی خۆی لە بەندینخانەی کوت نووسیوە.
دیلان لە شیعرەکانیدا، ڕەمز و نیشانی بەکارهێناوە، مەبەستەکانی تایبەت بوون و لەسایەی سەردەمی تاریکییدا هونەرێکی ڕەنگینی بە نیشانەکانی درووستکردووە، هاوکات، جگە لەوەی شاعیرێکی دیار و جواننووس بووە، خاوەنی دەنگ و سەدایەکی ناوازە و ئاسمانیی بووە، بە دەنگە خۆشەکەی، مەقامی وتووە و بێهاوتا بووە لە چڕینیدا و ئاوازی داناوە.
ڕێکەوتی 28-10-1990، لە تەمەنی 63 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.[1]