چەند لایەنێکی شاراوە دەربارەی ژیانی #حەسەن زیرەک#
نووسینی: #توانا حەمە#
حەسەن زیرەک یەکێکە لە دیارترین گەورە هونەرمەندانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆکاری ئەوەی بەرهەمەکانی، زادە و ئاوێتە بە هەست و ئەندێشەی کۆمەڵگە و کولتووری کوردیین، بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی مێژووی موزیکی کوردی هەژمار دەکرێت، سەرەڕای پایە بڵندی (زیرەک)، بەڵام بەراورد بە خۆی، هێشتا کاری ئەوتۆ لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نەکراون.
زۆر لایەنی شاراوەی ئەم کارەکتەرە دیارەی نێو دنیای موزیک و گۆرانیی کوردی، ڕاڤەی بۆ نەکراوە و تا هەنووکە لە ڕوویەکی زانستی و لۆژیکی و مێژووی موزیکەوە، لێکدانەوە بۆ ئەو باس و خواسانە نەکراوە، کە دەربارەی ئەو لە بەرنامەی تیڤی و ڕادیۆکاندا، بەتایبەت لە ساڵیادەکانیدا دەربارەی باس دەکرێن.
ئەوەی جێی سەرنجە مێژووی ئەم هونەرمەندە بۆ نزیکەی سەد ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، واتە مێژوویەکی زۆر دوور نییە، بۆیە کەسانێکی زۆر لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا کردووە، یان لە نزیکەوە هاوڕێ و ئاشنای ژیانی بوون.
کەسانێکی زۆر لە ساتی گۆرانیوتن و گۆرانی تۆمارکردن لە نزیکی بوون، گەرچی زۆرێک لەو کەسانە زانیاری زۆریان دەربارەی هەیە، بەڵام زۆرینەی جار نایدرکێنن، یاخود خۆیان نایانەوێ دەربارەی لایەنە شاراوە و نادیارەکانی بدوێن، بە نموونە: تا چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگوترا، ھێشتا چەندین گۆرانی تۆمارکراوی (حەسەن زیرەک) هەیە و بڵاونەبووەتەوە، بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەزموونێکی باشم لەگەڕان بە دوای مێژووی موزیکی کوردیدا هەیە، وەک توێژەرێک بڕوام وایە: بەڵێ ڕاستە و ھێشتا زۆر گۆرانی کوردی، نەک تەنیا حەسەن زیرەک بەڵکوو زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک: (#حەمەساڵح دیلان#، #عەلی مەردان#، مەحمود تۆفیق شلک، #سێوە#، #تایەر تۆفیق#… هتد) لە لای هەندێک خانەوادەی ماڵە دێرینەکانی شارەکانی کوردستان پارێزراوە، بەداخەوە هەندێک لەم خانەوادانە، وەک لایەنێکی خاوەندارێتی کەسی و جۆرێک لە شانازی، جاربەجارێ بوونی ئەو بەرهەمانە وەک خاوەندارێتی خۆیان لەلای ئەوان پارێزراوە و بڵاونەکردنەوەی ئەدرکێنن،
بە بڕوای من ئەم جۆرە لە ئاکارە، ھیچ خزمەت بە مێژووی موزیکی کوردی و خودی ئەو گۆرانیبێژانە ناکات، کە ئاماژەم بە ناویان کرد، بەڵکوو تەنیا لێڵی و ناڕوونی دەربارەی مێژووی ئەوان و موزیکی کوردی درووست دەکات.
هەروەها هەندێک لە نووسەران بەڵگەی مێژوویی گرنگیان بەردەستە، بەڵام دیسانەوە ئەوانیش لای خۆیان پاراستویانە، تەنیا وەک زانیاریی کەسیی لەلای خۆیان ھێشتویانەتەوە، یاخود زۆر جار بەبێ ڕاڤە دەیانخەنە ڕوو یان وەک چیرۆکێک لە سەربوردەی ژیانیاندا بە ڕاگوزەرێک باسی لێوە دەکەن.
لە دنیای لێکۆڵینەوەدا بەتایبەت لە بواری موزیکیدا، مەرج تەنیا ئەوە نییە، کە چۆن دۆکیۆمێنت (بەڵگە) کۆدەکەیتەوە، بەڵکوو مەرج ئەوەیە لە کوێدا بەکاری ئەھێنیت، چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکەیت، چۆن شیکاری و بەراوردکاری بۆ دەکەیت؟!
ئەگەر نا هەر وەک ئەوەیە: پارچە ئاسەوارێک بدۆزیتەوە لە مۆزەخانە دایبنێت بۆ سەیرکردن، بەبێ ھیچ ڕاڤەیەک، تەنیا بڵێیت: ئەمە ئاسەوارێکی کۆنە! بە بڕوای من ئەم لایەنەی خستمەڕوو، گەورەترین گرفتی نێو دنیای موزیکی کوردییە، هەر بۆیە تا ئێستا مێژوویەکی ڕوونی موزیکی ئەم نەتەوەیە نەنووسراوەتەوە و هێشتا بەڵگەکان لە ئاستی زارەکی و بە نەنووسراوی ماونەتەوە.
بۆیە لەم بابەتەدا بە پێویستم زانی سێ لایەنی شاراوەی ژیانی زیرەک بخەمەڕوو، کە دەشێت بە زۆر کەسی ئاسایی و هونەرمەندان و لێکۆڵەرەوانی موزیک دەربارەی (حەسەن زیرەک) ئاشنا نەبێت، بە ئامانجی دنەدانی توێژەران و کەسانی نزیکی دیکە، کە چیتر ئەو باس و خواسانە وەک زانیاریی کەسی لە یادگەی خۆیاندا نەهێڵنەوە، بەڵکوو بیانخەنە بۆتەی نووسین و لە وتار و سەربردەی ژیانیاندا بیاننووسنەوە.
=KTML_Bold=لایەنی یەکەم:=KTML_End=
زیرەک تەنیا گۆرانیبیژێک نەبوو، بەڵکوو ژەنیاری ئامێرێکی (موزیکی)ش بوو؟
یەکێک لەو لایەنەی، زۆرینەی کات، حەسەن زیرەک لە ڕووی زانستی موزیکەوە بە کەسێکی تەنیا گۆرانیبێژ دەناسێنرێت، زۆرینەی کات لە ڕاڤە و گفتوگۆکان دەربارەی ئەم هونەرمەندە، وەک جۆرێک لە سەرسووڕمان و پەیجوور ئاسا تواناکانی دەخەنەڕوو، کە ئایا زیرەک بەبێ هیچ زانستێکی موزیکی و بەبێ ئەوەی ژەنیاری هیچ ئامێرێکی موزیکی بووبێت، چۆن توانیویەتی سەدان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، کە زۆرینەی ئاواز و تێکستی خۆین، یان فۆلکۆرن و بە مۆرکی خۆی دووبارە چڕیونێتییەوە؟ چۆن توانیویەتی ئەو هەموو ئاوازە دانرا و فۆلکلۆرییانە، بە باشترین و سازترین شێوە بچڕێت؟
ئەم پرسیارە لۆژیکییانە، وەڵامەکەی لەلایەن توێژەری دیاری کورد محەمەد حەمە باقی، لە فیلمێکی بەڵگەنامەییدا بە ناوی (گەروویەکی ناوازە)، کە (کەناڵی کوردسات بەرهەمی هێناوە) دراوەتەوە، توێژەر لەمەڕ ئاشنایی و پەیوەندیی خۆی و (زیرەک)دا باس لەوە دەکات، کە لە تەممووزی 1967 بە هۆکاری سیاسی زیندانی کراوە، لە هەمان کاتدا حەسەن زیرەکیش بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ساواک (کە تەنیا بیانوو یەک بوو) دەستگیر کراوە، توێژەر دەڵێت:
«من و زیرەک لە زیندانەکانی (#سلێمانی#، بەعقوبە، #کەرکووک#) پێکەوە بوون»، ئەو لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا، ئاماژە بەوە دەکات، لە ساتی دەسگیرکردنیدا (زیرەک) ئامێرێکی عودی پێبووە، بۆیە لە زیندانیشدا ئامێرەکەی هەر پێ بووە، ئەو دەڵێت:
زۆر کەس نازانی بۆچی زیرەک هەمیشە ئاواز و گۆرانیی تازەی هەبووە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە زیرەک عودژەن بوو، هەر بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا، ئەو گۆرانییانەی کە دەیانچڕێ، لە ڕووی هونەرییەوە ساز و لەبار بێت، ئەمە هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی زیرەک بوو».
گەرچی لێرەدا ئاست و توانای ژەنینی نازانرێت چۆن بووە، چونکە هیچ تۆمارێکی ژەنینی نییە، بەڵام ئەمە ئەو وەڵامەیە، کە زیرەک بەشێکی توانا دەنگییەکانی و ئاستی گۆرانیچڕینی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەڵی: ئەو ژەنیار بووە و ئاشنای لایەنە موزیکییەکان بووە، بە پێچەوانەی ئەو بڕوایانەی هەن، کە پێیان وایە زیرەک گۆرانیبێژێکی بێ سەواد و هیچ ئاشنای موزیک و ئامێرژەنین نەبووە، بەڵکوو تەنیا بەهرەیەکی خۆڕسکی هەبووە و گۆرانی وتووە، لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا توێژەری ناوبراو پێی وایە، کە (زیرەک) ئەو گۆرانییانەی لە دیوەخانی فەیزوڵا بەگییەکاندا لە زاری گۆرانیبێژانی پێش خۆیەوە گوێی لێ بووە، دووبارە نۆژەنی کردونەتەوە و دایڕشتونەتەوە و بەشێواز و مۆرکی تایبەت بەخۆی لە خۆشخوانی و ڕادیۆکانی ئەو سەردەمەدا پێشکەشی کردووەتەوە.
=KTML_Bold=لایەنی دووەم:=KTML_End=
ڕۆڵی ژن لە ژیانی هونەری زیرەکدا! زیرەک وەک شێوەکارێک بوو؟
بۆ ئەمە پێویستە کەمێک مرۆڤناسانە لە کەسایەتی زیرەک وردبینەوە، ئاشکرایە (زیرەک)، کەسێکی عاشق و گیرۆدەی جوانی ژن بووە، هەر بۆیە لە تەمەنیدا چەندین جار هاوسەرگیری کردووە، بەشێکیان پەیوەستە بەوەی، کە کەسایەتی زیرەک بە جۆرێک بووە، لە شوێنێک جێگیر نەبووە، هەر بۆیە لەگەڵیاندا نەماوەتەوە، هەندێکیشایان خۆیان بەهۆی ژیان و کەسایەتی زیرەکەوە، توانای مانەوەیان لەگەڵ زیرەکدا نەبووە و بەجێیان هێشتووە.
بۆ نموونە:
تەنیا لە شاری سلێمانیدا دوو جار هاوسەگیریی پێکهێناوە، تا ساڵانی ڕابردوو هەر لە ژیاندا مابوون، گەرچی وەک توێژەرێکی مەیدانی زۆر هەوڵمدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەم، بەڵام بەهۆکاری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، لە بارەی ئەو ئەزموونەی ژیانیان لەگەڵ (زیرەک)دا بدوێن.
زۆر عاشق بوون، نەسرەوەتن و نەمانەوە لەگەڵ کەسێک و لە شوێنێکی دیاریکراودا، هۆکاری شکستی خێزانی زیرەک بوون، هەر بۆیە دەبینرێت جوانی ژن، پانتاییەکی فراوانی نێو بەرهەمەکانی داگیرکردووە، بە بڕوای من ئەگەر ژن لە گۆرانییەکانی زیرەک دەربهێنیت، گۆرانییەکانی ئەو پانتاییە فراوانەی نێو گۆرانی کوردی خاڵی دەبوو، کە لە موزیکی کوردیدا پڕیکردووەتەوە.
لە سەربوردەی ژیانیدا زۆرجار دەگێرنەوە، زیرەک لە ساتی خۆشخوانی و گۆرانی وتندا، ئەگەر ژنان و کچان لە دووریشەوە لێوەی دیار بوایە، خۆشتر و باشتر گۆرانی وتووە، یان زۆرجار لە بەر نەبوونی ژنان و کچان، گۆرانی هەر نەووتوە، بۆیە چەندین جار لەسەر ئەوە تووشی لێدان و ئازاردان بووەتەوە، یاخود بەهۆی گۆرانی وتن و ناو بردنی ژن تووشی گرفت و لێدان بووەتەوە، تەنانەت خۆی چیرۆکی نەهامەتییەکانی بە دەنگ بۆ تۆمارکردووە، کە چۆن لە پایی دەسگیرۆیکردن و ڕێزگرتنی و خزمەتکردنی تووشی سووکایەتی و ئازاردانی جەستەیی و ڕۆحی بووەتەوە، توێژەر محمەد حەمە باقی وەک شایەتحاڵیک دەگێڕیتەوە: «زۆر جار بە جۆرێک لێیان دەدا، بێهۆش دەبوو، دواتر خەڵک دەیانخستە ناو بەتانییەکەوە و بۆ نەخۆشخانەیان دەبرد».
واتە: بە جۆرێک تووشی لێدان و ئازاردانی جەستەی بووەتەوە، کە نزیکی مەرگیان کردووەتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەم لایەنە چ کاریگەرییەکی لەسەر هونەرەکەی هەبووە؟ هەر بۆیە دەبینین زۆرێک لە گۆرانییەکانی سەربوردەی ئازارەکانی خۆی و عەشقە و لە زمانی گۆرانییەوە دەیانگێڕێتەوە، تەنانەت لە ساڵی 1966دا بەسەرهات و بەشێک لە گۆرانییەکانی خۆی بە شعری کێشی پەنجە نووسیونێتییەوە و نووسەری دیاری کورد د. محەمەد سدیق موفتیزادە، پێشەکی بۆ نووسیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مۆڵەتی فەرمی لە ساواک وەرنەگرتووە، کتێبەکەی قەدەغەکراوە و خۆشی بەرەو ئێراق هەڵهاتووە، جگە لەم باسانە کە لەم لایەنەدا خرانەڕوو، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت، باسی بکەم، ئەویە کە (زیرەک) نەک تەنیا گۆرانێبیژ بووە، بەڵکوو توانایەکی باشی شێوەکاریشی هەبووە، بەڵگە بۆ ئەمە، لە گەڕانێکی مەیدانیمدا دەربارەی موزیکی کوردی، دیدارێکم لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو، (جەمال جەلال) سازکرد، کە ئەو وەک هونەرمەندێکی موزسیان و گۆرانبێژێکی دیاری ئەو سەردەمە، لە ساڵانی 1985 ئیزگەی کوردی بەغدا کاری کردووە، لە هەمان کاتدا ئەو ساڵانێک بێژەر و بەڕێوەبەری بەشی کوردی ئیزگەکە بووە. ئەو وەک شایەتحاڵێکی گرنگی ئەو ڕۆژگارەیە و لە نزیکەوە ئاشنای زیرەک بووە، لەو دیدارەمدا لە باسێکی ئەو ڕۆژگارەیدا دەربارەی زیرەک بەم جۆرە بۆم دوا:
«من کرابووم بە سەرۆکی بەشی کوردی، تورکمانی و سریانی لە ئێزگەی کوردی بەغدا، بەڵام پاش ماوەیەک بڕیارێکی تایبەتیی سیاسی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی بەغداەوە درا، کە ئیدی پێویستە سەرجەم گۆرانییەکی کوردی وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی و سانسۆر بکرێت، لەم بڕیارەدا زیرەک تووشی گرفت بوو، چونکە ئەو بەشێوەی لە خۆوەوتن (ارتجال) گۆرانی دەچڕی، لە هەمان کاتدا خوێندەواریشی نەبوو تا بتوانێت گۆرانییەکانی خۆی بنەوسێتەوە، ئەو داوای لە من کرد، کە لەو بڕیارە بیبەخشن، بەڵام وتم: ناتوانم ئەوە بکەم، چونکە بڕیاری سەروو خۆمە، زیرەک وتی: ڕێگەچارە ئەوەیە، تۆ هاوکاری من بکەیت، وتم چۆن؟ زیرەک وتی: من سەرەتا گۆرانییەکان تۆمار دەکەم و پاشان تۆ گۆرانییەکانم بۆ بنووسەرەوە و دواتر ئەگەر گرفتی تێدابوو بڵاویمەکەنەوە». بە هۆکاری ئەوەی کە (زیرەک) سلێمانییەوە دەهات و هونەرمەندێکی دیاری سەردەمەکە بوو، لە هەمان کاتدا هاونەتەوەم بوو، دواجار گۆرانیوتن سەرچاوەی بژێوی ژیانی زیرەک بوو، نەمتوانی داواکەی قبووڵ نەکەم، چونکە لەو کاتەدا، زیرەک مانگانە پێویست بوو چوار گۆرانی تۆمار بکات، پاداشتی هەر گۆرانییەک بڕی دە بۆ پازدە دیناری ئەو سەردەمەی وەردەگرت.
بۆیە خۆم گۆرانییەکانم بۆ دەنووسییەوە و پاشان وەرمدەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، بە چەند ڕۆژێک دوای ئەو بڕیارە زیرەک لە کاتی تۆمارکردندا کاغەزێکی بەدەستەوە بوو، لە کاتی گۆرانیوتندا زووزوو تەماشای دەکرد، پاش کۆتایی هاتنی گۆرانییەکە و تۆمارکردن، لە بەر ئەوەی گومانی لەسەر بوو، ئەم کاغەزەی کە کاتی گۆرانوتن پێیبوو، جێی گومان بوو.
بۆیە هەر زوو ڕاپۆرتی لێدرا بوو، کە ئەو ڕاست ناکات دەڵێت: خوێندەواریم نییە، بەڵکوو ئەو خوێندەواریی هەیە،
ئەوەبوو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام ئەو لە لێکۆڵینەوەکەدا بە شەرمەوە کاغەزەکەی پشانداین، کە بینیمان نووسین و هۆنراوەی گۆرانییەکەی نەبوو، بەڵکوو وێنەی ژنێکی بە قەڵەم ڕەساس کێشا بوو، بەڵام زۆر جوان وێنەکەی کێشابوو، کاتێک کە لێمان پرسی کێ ئەم وێنەیەی کێشاوە؟
زیرەک لە وەڵامدا وتی:«خۆم کێشاومە».
ئیدی هەموومان تووشی سەر سوورمان بووین، لە توانای وێنەکێشانەکەی، ئەو وتی:
«خۆتان دەزانن من ئەگەر ژنم بەرانبەر نەبێت، ناتوانم گۆرانی بە باشی بچڕم، بۆیە ئەم وێنەیەم کێشاوە، ئەگەر نا من خوێندەوارییم نییە».
ئیدی بەم ڕووداوە ئێمە هەموومان دەستمان کرد بە پێکەنین، گەرچی دیسانەوە هیچ بەڵگەیەکی دی یان وێنەیەکی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشتووە، تا ئاستی تواناکانی شێوەکاری ئەو بزانرێت، بەڵام لەمەوە دیسانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی، کە عەشق و جوانی ژن نەک تەنیا سەرچاوەی سروشی گۆرانیوتنی (زیرەک) بووە، بەڵکوو سەرچاوەی سروشی جۆرێک لە شێوەکاریشی بووە، تەنانەت ئەگەر گۆرانیشی نەچڕیبێت، ئەوا وێنە و نیگاری ئەو ژنەی کێشاوە، کە عەشقی بووە.
=KTML_Bold=لایەنی سێیەم:=KTML_End=
ستەم کردن و سڕینەوەی ئەرشیفی بەرهەمەکانی لەلایەن هونەرمەندانی ئەو ڕۆژگارەوە بۆچی؟
ئاشکرایە زیرەک لە سەردەمی خۆیدا گوێگرانی بێشوماری لە ئیزگەی کوردی بەغدا و #کرماشان# و تاران هەبووە، هەر ئەمە زۆر جار مایەی ئیرەی هونەرمەندانی سەردەمی خۆی بوون.
زۆر جار دەبیستین، کە زیرەک نەک بە تەنیا لەلایەن خەڵکە ئاساییەکە ئازار دراوە، بەڵکوو لەلایەن هونەرمەندانی ئەو سەردەمەش تووشی سووکایەتی و ئازاردان بووەتەوە، گەرچی زۆرینەیان نکۆڵی دەکەن و هۆکاری گرفتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی بەدمەستی زیرەکەوە بووە، بەڵام بە خوێندنەوەی واقعی کۆمەڵگە و شایەتحاڵەکان، هۆکارەکە بۆ ئیرەیی بەرانبەر تواناکانی زیرەک دەگەڕێننەوە.
زۆرجاریش دەشێت ئەو چیرۆکانە درووستکراوی هەوادارانی بێت و ڕاستی نەبن، بۆ ئەمە زۆر جار هونەرمەندی دیاری کورد (مەزهەری خالقی) بە ئازاردانی زیرەک تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
زۆر جاریش شەماڵ سائیب لە ئێزگەی بەغدا تۆمەتبار دەکرێت، کە بەهۆی کێشەی نێوانیانەوە، بەرهەمەکانی زیرەکی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە، بەڵگە بۆ ئەمە، نووسەر و بێژەر لە ئیزگەی کوردی بەغدا، کەمال ڕەئوف ناسراو بە (بابی لالۆ)، لە کتێبێکیدا دەربارەی مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغدا، دەربارەی کێشەکانی نێوان زیرەک و شەمال سائیب لەگەڵ کامیل کاکە ئەمین دەدوێت، لەو دیمانەیەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە (شەمال سائیب) کێشەی لەگەڵ زیرەک هەبووە، هەر بۆیە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی، کە شەماڵ سائیب، بە هاوکاری (ئەحمەد ڕەئوف -کارمەندی چاودێری شریتخانە) کاتێک، کە زیرەک لە ئیزگە گۆرانی تۆمارکردووە، دوای پەخشکردنی گۆرانییەکانی، پاشان ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانی لە ئەرشیفدا، لەسەر داوای شەماڵ سائیب و لەلایەن (ئەحمەد ڕەئوف)ەوە سڕاونەتەوە.
هەروەها وەک بەڵگە بۆ قسەکانی، ئاماژە بەوە دەکات، زیرەک لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنی لە ئیزگەی (بەغدا)دا، تەنیا پەنجا و چوار گۆرانی لە ئەرشیفی ئیزگەی (بەغدا)دا هەیە، نووسەر ئاماژە بەوەدەکات، شەمال سائیب لە ڕێکەوتی 3\6\1986 لە #هەولێر# خۆشی دانی بەو کارەدا ناوە، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەداوە، «تەنیا یەک گۆرانی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە، کە ئەویش گۆرانی ئالادەلعونە بووە، بەڵام «دان بەوەدا ئەنێم کە من هۆکاری دەرکردنی زیرەک بووم لە ئیزگەی بەغدا، بە هۆکاری ئەوەی زیرەک لە گۆرانییەکانیدا ناوی ژنانی زۆر دەهێنا ئێمەش هەمیشە لەلایەن پیاوانی عەشایەر و ئاغایانی ئەو کاتەوە نامەی هەڕەشەمان بۆ دەنێردرا دەیان گوت: کە زیرەک لە گۆرانییەکانیدا بۆ ناوی ژنی ئێمە دەهێنێت؟». گەرچی لە وەڵامدا زیرەک وتویەتی: «من کاتێک ناوی ژنێک دەهێنم نازانم کێن، تەنیا بەشێوەی لەخۆوەوتن لە کاتی گۆرانی وتندا دێنە سەر زارم». ئەگەر لێرەدا ئەم وتانەی بابی لالۆ دەربارەی ئەرشیفی زیرەک، بەراورد بە وتەکانی: موزسیان جەمال جەلال بکرێت و زیرەک مانگانە تەنیا چوار گۆرانی تۆمار کرد بێت، ئەوا پێویستە ژمارەی گۆرانییەکانی لە ئەرشیفدا (سەد و چل و چوار) گۆرانی بێت، کەواتە: (90) گۆرانی زیرەک ئەرشیف نەکراوە یان سڕاونەتەوە، هەرچی دەربارەی وەدەرنانی زیرەکە لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا، بۆ لایەنی ناڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی ئەو ڕۆژگارەی کورد، دەگەڕێتەوە، کە ئەو سەردەمە چ ئاستەنگ و دەردی سەرییەکی ژیانی زیرەک بوون.
لێرەدا دەرئەنجامی ئەم سێ لایەنە، دەشێت ئەم چیرۆکانە بۆ هەندێک کەس و توێژەر جێی بایەخ نەبن، بەڵام ئەگەر بڕوانرێتە ژیاننامەی زۆرینەی موزیسیانان و گەورە بیرمەندانی مێژووی گەلانی جیهان، گەرچی دەربارەی ژیانیان زۆر ورد و زانستییانە نووسراوە، کەچی هێشتا لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای زانیاریی نوێ دەربارەی ژیانیان بەردەوامن، بۆ ئەمە لەسەر ئاستی خوێندنی باڵادا سەرچاوەی وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی توێژەرانی بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکانن.
ئەگەر بواری موزیک بکەینە نموونە، خوێندنەوەی مێژووی گەورە موزسیانان، پێویستییەکی گرنگی ڕانان و خوێندنەوەی پڕۆسەی موزیک و موزیک درووستکردنی ئێستا و ئاییندەیانە، بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی ئەم لایەنە وتەیەکی بیرمەند و فەیلەسوف سڵاوڤۆ ژەیژەک هەیە دەڵێت:
«کارەساتە ئاگات لە ڕابردوو نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا بتوانیت کاریگەریی لەسەر ئاییندە درووست بکەیت». بە بڕوای من بۆ کۆتایی هێنان بە کارەساتی نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی دەربارەی مێژووی موزیکی نەتەوەیی و کۆتایهێنان بە نەبوونی سەرچاوە و هەنگاونان بۆ ئاییندەی موزیکی کوردی، پێویستە ئاوڕ لەو ڕابردووە فەرامۆشکراوەی موزیکی کوردی بدرێتەوە و بنووسرێتەوە، تا بتوانرێت بە پشتبەستن بە کۆڵەکەکانی ڕابردوو دیسانەوە ئاییندەیەکی باشتر بۆ موزیکی کوردی بنیات بنرێت.[1]
$سەرچاوە:$
-بروانە کتێبی: موزیک چییە؟ نووسینی توانا حەمە، 2019
محەمەد حەمەباقی، چاوپێکەوتن، فیلمی بەڵگەنامەی کەناڵی کوردسات، بە ناوی (گەروویەکی ناوازە) دەربارەی ژیانی حەسەن زیرەک.
-جەمال جەلال، چاوپێکەوتن، توانا حەمە، سارا لەتیف، سلێمانی، 20\9\2013.
-دیمانەی تۆمارکراو، کامیل کاکە ئەمین، گەڵاکەر و تۆمارکردن: کەمال ڕەئوف محەمەد، 3\6\1986. لە بەرگی یەکەمی مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغدا، 1939-1958، چاپخانەی ڕۆشنبیری، 2014.
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!