کۆسار عوسمان
یاریدەدەری #دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی مەهەپە هەنگاوەکانی پارتەکەی بە بوێرانە ناودەبات و دەڵێت: هەنگاوی گەورە کاری سیاسەتڤانی گەورەیە.
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، کە ئەمڕۆ لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە پەسنی هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پرسی کورد کرد.
یاریدەدەرەکەی سەرۆکی مەهەپە وتیشی، سیاسەت کاری ترسنۆکەکان نییە. ئێمە بوێرانە هەنگاو دەنێین.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی وتارەکەی یاڵچن هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر کارگەی درووستکردنی فڕۆکە، درۆن و کەرەستەی دیکەی سەربازی بوو. یاریدەدەرەکەی باخچەلی وتی، هێرشەکە دەریخست کە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی زۆر لە جێگەی خۆیدا بوو.
دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی#22-10-2024# لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.[1]