سیساوەیی؛ غەریبم و حەیران بەربووم لە بەندێ
کانی عومەر
#حەسەن سیساوەیی#، لە ڕێگەی حەیرانەکانییەوە داستانە کوردییەکانی پاراستووە و برەی پێداون، لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی گرنگ تۆمارکردووە.
ناوی تەواوی حەسەن ڕەسووڵ مام خاڵە، لە گوندی ئاری سیرەکی لە دەشتی #هەریر#ی باشووری کوردستان، لە ساڵی 1926 لەدایکبووە.
هەر لە منداڵییەوە خولیایەکی زۆری بۆ هونەری حەیرانبێژی هەبووە، سەرەڕای بەربەستە خێزانییەکانی بەردەمی، بەتایبەت باوکی، بەڵام تا کۆتایی تەمەنی لە حەیرانوتن بەردەوام بوو.
خاڵە حەسەن نازناوی سیساوەیی وەک وەفایەک بۆ ئەوڕەحمان بەگی ئاغای سیساوە بە پاشناوی خۆیەوە لکاندووە، چونکە ئەو کاتەی لە گوندی ئاری سینەک ژیاوە، ئاغای سیساوە لە هەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتی کردووە.
لەگەڵ ئەوەی سیساوەیی هیچ پلەیەکی خوێندەواری نەبووە، خەریکی کاری وەرزێری و مەڕداری بووە، بەڵام خاوەنی چەندین بەستە، حەیران و لاوکی کوردییە.
جگە لە هونەری حەیرانوتن، توانایەکی باشی لە هونەری گێڕانەوەی چیرۆک و درووستکردنی بیرۆکەی گێڕانەوەدا هەبووە، خاوەنی ژمارەیەک چیرۆکی تایبەت بە خۆی بووە.
لە ساڵی 1958، حەیرانەکانی غەریبم و حەیران بەربووم لە بەندێی بۆ ئێستگەی بەغدا تۆمارکردووە، و لە ساڵی 1968 یەکەم کاسێتی خۆی تۆمارکردووە.
ژمارەیەک لەو داستانانەی کە حەیرانبێژ حەسەن سیساوەیی تۆماری کردوون:
محەمەد و سێوێ
ئەسمەر و مامەر
خەج و سیامەند
گەنج خەلیل
حەبیب ئاغای سیاوی
خانزادی میری #سۆران#
جگە لەمانە دەیان داستانی دیکەی تۆمارکردووە، هەروەها دەیان حەیرانیشی گوتووە، کە لە پاراستنی مێژوو و وێژەی کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.
لە #10-01-2015#، بەهۆی جەڵدەی دڵ لە شارۆچکەی #باسرمە# کۆچی دوایی کردووە.[1]