کۆسار عوسمان
لە نوێترین لێدواندا لەبارەی پرسی کورد لە وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: کۆماری تورکیا موڵکی کەسێک، نەتەوەیەک، پێکهاتەیەک یان کوتلەیەک و مەزهەبێک نییە و ئەم کۆمارە چەند کۆماری تورک بێت، ئەوەندەش کۆماری کوردە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەم کۆمارە، کۆماری عەلەوی و سونییە، کۆماری ڕاستڕۆ و چەپڕۆیە. دەبێت ئەمە قبووڵ بکەین کە لە چەند سەردەمێکدا ڕۆڵەکانی ئەم کۆمارە جیاکارییان لەدژ کرا.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، کاتێک هاتینە دەسەڵات، شارەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات کە فەرامۆش کرابوون، خزمەتگوزاریمان پێ گەیاندن. لە پێناو گەشەپێدانی برایەتیی کورد و تورک ئەوەی پێویست بوو کردمان، بەڵام هەموو جارێک دیوار و ناپاکی هاتنە بەردەممان، ئەوانەی مشەخۆری سەر کێشە و تیرۆرن ئاستەنگیان درووستکرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا وتی، ئێمە قوربانیی زۆرمان دا و زۆر جار هیوامان داڕما، لە پشتەوە خەنجەرمان لێدرا، بەڵام هیوا و ڕاستگۆییمان لەدەستنەدا، هەرگیز لە مافی برایەتی دانەبڕاین. ئەوەی بۆ تورکیا و داهاتووی ڕۆشنی گەلەکەمان پێویستە هەرگیز لە ئەنجامدانی سڵمان نەکردەوە و سڵ ناکەینەوە.
قسەکانی ئەردۆغان لەسەر پرسی کورد لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتیدا بوو. ئاکپارتی پشتگیریی لە هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی دەکات و ئەردۆغانیش بەم لێدوانانەی هەنگاوێکی زیاتری نا.
سەرۆککۆماری تورکیا وتیشی، ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە لە ڕۆژەڤی وڵاتەکەمان بەتەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە.
دەم پارتی، داوای کۆمارێکی دیموکراسی دەکات، هاوکات داوای ناسنامە و ئیرادەیەک بۆ کورد دەکات کە پێیوایە زەوتکراوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، 100 ساڵە ناوبەناو نیازپاکی و هیواداریمان بیستووە، بەڵام لە دەستپێکی دووەمین 100 ساڵدا کوردان ئیدی هیواداربوونیان ناوێت، گەرەنتیی دەستوورییان دەوێت.
پێشنیازی ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە بۆ ئەوەی کۆتاییهاتنی ڕێکخراوەکە ڕابگەیێنێت، لەلایەن باخچەلییەوە کرا. ئەردۆغان پشتگیریی دەکات و بەڵێن دەدات، پرسی کورد چارەسەر بکات. ئێستاش چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی حکومەتی تورکیان.[1]