کۆسار عوسمان
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە 101ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیێندراوەکە لە هەژماری فەرمیی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لە 101ەمین ساڵی دامەزراندنی کۆمارداین. کۆمار بە ڕاستی، هەڵە و کەموکووڕییەکانییەوە 100 ساڵی دوای خۆیدا جێهێشت. ئەمڕۆش چاوەڕێ دەکرێت بگاتە ئامانجی بوونیاتنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کۆمارێکی دیموکراسیی گونجاو.
دەم پارتی دەڵێت: بوونیاتنان و پێشخستنی کۆمارێکی دیموکراسی، ئامانجی ئێمەیە. جارێکی دیکە پرسی بەدیموکراسیبوون لەگەڵ گەلانی تورکیا هاوبەشی پێدەکەین، ئەویش لەسەر بنەمای دەستوورێکی دیموکراسی، هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئازاد، سەروەریی یاسا و کۆمەڵگەی دیموکراسیانە.
دەم پارتی ئێستا سێیەم گەورەفراکسیۆنی تورکیایە و لە کۆی 600 کورسیی پەڕڵەمان، 57 کورسی هەیە. دەم پارتی داکۆکی لە خوێندن بە زمانی کوردی و مافەکانی دیکەی کورد دەکات.
ڕۆژی#29-10-1923# کۆماری تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ڕاگەیێندرا، ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی#09-09-1923# پارتی گەلی کۆماری ( جەهەپە)ی دامەزراندبوو.
ئەتاتورک ساڵی 1923 تاوەکوو 1950، 17 جار حکومەتی پێکهێنا؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند.[1]