هەوار ئیسماعیل
پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی #پەکەکە# خرایە زیندانەوە.
ئەحمەد ئۆزەر، کوردە و سەربە جەهەپەیە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 30ی تیشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت دەستگیر کراوە، بەو هۆیەوە کاژێر 16:00ی ڕۆژی پێنجشەممە #31-10-2024# ، لە بەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت گردبوونەوە دەکەن. ئۆزەل داوای لە هاووڵاتییان کرد بەشداری لە گربوونەوەکەدا بکەن.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت و دەنگۆی دانانی قەیووم، تولای هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لەگەڵ پەڕڵەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئیستەنبووڵ دەبن.
دەم پارتی لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت و دەنگۆی دانانی قەیووم بۆ شارەوانیی ئەسەنیورت، کودەتایەکی ڕوونە دژی ئیرادەی گەل. ئەم هەڵوێستە دیموکراسی و ئیرادەی ناوخۆیی پشتگوێ دەخات. بەرانبەر ئەو کودەتا سیاسییە بێدەنگ نابین.
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی ڕێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە ڕۆژی چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024 سەبارەت بە ڕووداوەکە وتی: هێزە ئەمنییەکان دەرگای بینای شارەوانی ئەسەنیورتیان بە زۆر کردووەتەوە و چوونەتە ژووری فەرمی. ئێمەش هەوڵدەدەین لەوە تێبگەین کە چی ڕوویداوە. بە بڕوای ئێمە ئەمانە هەمووی ئۆپەراسیۆنن. پەڕڵەمانتارەکانمان و یاریدەدەرانی سەرۆکەکەمان ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشن.
دوای دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانییەکەیان، گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: دەزانین کێ شەڕی تیرۆر دەکات و کێ هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدات.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ ڕایگەیاند، ئەحمەد ئۆزەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە دەستبەسەر کراوە.
لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ماڵی ئەحمەد ئۆزەر و سەرۆکایەتی شارەوانی ئەسەنیورت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکنراوە.
داواکاری گشتی بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەحمەد ئۆزەر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل قسەی کردووە.
پڕۆفیسۆر. د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وان ی باکووری کوردستانە.[1]