کورد بەهۆی #حەسەن زیرەک#ەوە دەوڵەمەندترین نەتەوەیە لە میلۆدیدا
ئەو نە لە قوتابخانەیەکدا پیتێکی خوێند و نە مامۆستایەک پەلی گرت، لە هیچ ئەکادیمیایەکی هونەریدا ئاواز و مۆسیقای نەخوێندووە، بە پێچەوانەی هونەرمەندانی دیکەوە هەمیشە موزیکژەنەکان سوودیان لە کوردبوونی میلۆدییەکانی بینیوە، بەرچاوترین کاری حەسەن زیرەک کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی کوردییە، کە بە دەنگی ئەو وتراونەتەوە. حەسەن زیرەک بە دەنگ و گەرووی کوردانەوە توانی ناسنامەی کوردبوون ببەخشێتە سەرجەم گۆرانییەکانی، کە دەکرێت لە کۆلیژەکاندا کار و خوێندنەوەی ئەکادیمی لەسەر بکرێت .
حەسەن زیرەک (1921-1972) لە شاری #بۆکان# هاتووەتە دنیاوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین هونەرمەندەکانی کورد.
سیمایەکی دیاری حەسەن زیرەک ئەوەیە کە توانیویەتی زۆر وەستایانە ئاوازەکانی بێگانە بکوردێنێت، بۆ نموونە ئەگەر ئاوازێکی ئەرمەنی یان عەرەبی یان فارسی یان تورکی یان ئازەری لە مێشکیدا بووبێت زۆر بەجوانی و بە سەلیقە جوانەکەی ئاوازەکەی گۆڕیوە و هۆنراوەی بۆ ئامادەکردووە و بەبەرگو مۆرکێکی ڕەسەنی کوردانەوە ئاوازەکەی کورداندووە و وای کردووە ئەگەر یەکێک ویستبێتی بنەچەکەی بدۆزێتەوە بەزەحمەت بۆی دەرکەوتبێت کە ئاوازێکی وەرگیراوە. بۆ نموونە گۆرانی ( غنی لی شوی شوی) یەکێکە لە گۆرانییە ناسراوەکانی ئوم کەلسوم خانمە هونەرمەندی ناسراوی عەرەب، حەسەن زیرەک ئاوازەکەی وەرگرتووە و بە کوردی گوتویەتی (بۆم بڵێ تۆزە تۆزە.. دەی ماڵێ بابم نەسرین) تامو بۆنێکی کوردانەی بەم گۆرانییە بەخشیوە.
هەروەها حەسەن زیرەک گۆرانییەکی عەرەبی بە ناوی (یا عزیز الروح)ی خانمە هونەرمەند (زهور حسێن)ی بە ناوی گۆرانی (یا عەبابەیلێ ماڵ بەرزاوە) گوتووەتەوە، زیرەک ئەو ماوەیەی لە بەغدا بووە ئاشنای گۆرانی و مۆسیقای عەرەبی بووە، ئەم گۆرانییەی گوێ لێبوە و کاری لەهەست و سۆزی هونەریی کردووە.
$فاتمە زەرگەری کێیە؟$
ئەو کچەی گۆرانی ئازەریی لەگەڵ حەسەن زیرەک دەڵێت, لە شاری تەورێز و لە سەردەمی شادا، گۆرانیبێژێکی ئازەری بەناوی خانمی (زەڕگەری) کۆنسێرتێکی دەبێت، حەسەن زیرەک بەهەڵکەوت دەچێتە ئەو شارە و ئەو کۆنسێرتە، هۆڵ پڕ دەبێت، زەڕگەری ئاهەنگێک بەناوی ( گولدر مەنی گولدر) پێشکەشی خەڵکەکە دەکات، کارەکە دەیگرێ و خەڵکەکە زۆری چەپڵە بۆ لێدەدەن و تکادەکەن ئەم گۆرانییە دووبارە بکاتەوە، خانم زەڕگەری دەڵێت (ئیزن بدەن دوای پشوویەک دێمەوە سەر سەکۆ) خانم زەڕگەری بەرەو هۆڵی حەسانەوە دەڕوات، حەسەن زیرەک بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشوێنی دەکەوێت و لە بەردەمی دەچەقێت.
خانم زەڕگەری دەڵێت: فەرموو چ کارێکت هەیە؟
حەسەن زیرەک: خانم دەمت خۆشبێ، دەمەوێت ئیزن بدەی کە هاتییەوە سەر سەکۆ ئەم ئاهەنگەت بە کوردی لەگەڵ بەڕێوەببەم.
خانم زەڕگەری: ئەم ئاهەنگەت لە کوێ بیستووە؟
حەسەن زیرەک: تەنیا لە تۆ و هەر ئەمڕۆ.
خانمی زەڕگەری: چۆن شتی وادەبێت؟ من لانی کەم مانگێکە مەشقی لەسەر دەکەم!
حەسەن زیرەک: (یەزد دوورە و گەز نێزیک)، پێدەچێت ئەو وەڵامەی زیرەک پەندێکی پێشنینان بێت و پێی گوتبێت (ئەوە عەرز و ئەوە گەز) دڵنیابووە لەخۆیی و ئەوەی نیشانداوە تاقیم بکەرەوە و دەتوانم لەگەڵتدا ئەو گۆرانییە بخوێنم، تۆ بەئازەری و منیش بە زمانە شیرینەکەی کوردی.
خانمی زەڕگەری: نموونەیەکم بۆ بڵێ!
حەسەن زیرەک یەک دوو بەندی بۆ دەڵێت و سەربەندەکەی دەکاتەوە ئازەری،
خانم زەڕگەری: تۆ کێی؟
حەسەن زیرەک: حەسەن زیرەک
خانمی زەڕگەری زۆری ڕێز و حورمەت دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە سەر سەکۆی ئاهەنگ و تێر و تەسەل ئاهەنگەکە بە ئازەری و کوردی دەڵێن.
کە خەڵکەکە دەزانن ئەو کوردە حەسەن زیرەکە، هێندەی دیکە چەپڵەڕێزان دەکرێن، پاش یەک دوو ڕۆژ ئەو گۆرانییە دەکرێتە قەوانی گرامافۆن و بەتەواوی ئێراندا بڵاودەبێتەوە، ئەو قەوانە یەکێک لە پڕفرۆشترین کارەکانی ئەو دوو گۆرانیبێژە بوو. هونەرمەند حەسەن زیرەک چەشنێک بلیمەتی تێدابووە.
گوێگرێکی باشی ئاواز و مۆسیقای ئازەری بووە
هونەرمەند حەسەن زیرەک گوێگرێکی باشی ئاواز و مۆسیقای ئازەری بووە. ئەگەر ئاوازێکی بە دڵ بوایە و خۆش بهاتایە بەرگوێی دەیکردە کوردی و بەشێوەیەک دەیوت کە گوێت لێدەبێت وادەزانی گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە، لەبەر ئەوەی خۆی شاعیر بوو، شیعری گونجاوی دادەنا و بە مۆرکێکی کوردانەوە دەیخوێند.
حەسەن زیرەک گۆرانییەکی ئەو خانمە هونەرمەندە ئازەریەی کورداندووە، گۆرانییەکە بە ناوی (نییە ئاغڵامیسان) لە ڕادیۆی تەورێز تۆمارکراوە، حەسەن زیرەک گۆرانییەکی کردووە بە کوردی بەناوی (پێم بڵێ مەزەدار) و بە هاوکاری تیپی مۆسیقای ڕادیۆی #کرماشان# و موزیکژەنی لێهاتوو (موجتەبای میرزادە) تۆماری کردووە.
$بە گۆرانییەکی (کوردی- ئازەری) ناوبانگی زیاتربوو$
حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و تورکیشی گوتووە، لەم جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک شیعری کوردی تێکەڵاوکردوون. یەکێک لەو گۆرانییە خۆشانە کە بە زمانی ئازەری گوتویەتی گۆرانییەکە بە ناوی گڵدر. حەسەن زیرەک بە شێوەی (دوێت) و بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو کچە گۆرانیبێژەدا گۆرانییەکە دەڵێن، (گلدور مەنی گلدور–حەسەنیش بە کوردی بۆی دەستێنێتەوە، پێبکەنە بابتبینم...).
لە مێژووی هونەر و مۆسیقای کوردیدا ئەم گۆرانییەی حەسەن زیرەک کارێکی نوێیە، چونکە گۆرانی هاوبەشی نێوان دوو گۆرانیبێژی کورد و ئازەرییە. ئەم گۆرانییە لە سەردەمی خۆیدا لەلایەن گوێگران و دۆستانی هونەرەوە پێشوازی باشی لێکراوە و ناسراوترین گۆرانی ئەو ساڵە بووە.
هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی بەم شێوەیە باس لەتوانای هونەریی زیرەک دەکات و دەڵێت بەڕاستی زوو شتی وەردەگرت، شتێک کە لەیادمە و زۆر سەرنجڕاکێش بوو بەلامەوە ئەوەبوو لە ماڵی شەوکەت ڕەشید دانیشتبوین، مۆسیقامان لێئەدا، عەزفەکەی منی زۆر پێخۆش بوو، زۆرجار ئەیوت کە سەیری پەنجەکانت دەکەم میرزادەم دێتەوەبیر.
ئەو هونەرمەندە موزیکژەنە کە لە چەندین ئاهەنگدا کەمانی بۆ حەسەن زیرەک ژەنیوە، بیرەوەرییەکی زیرەک دەگێرێتەوە کە لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا سەردانی #سلێمانی# کردبوو، دەڵێت لەماڵێکدا دانیشتبووین، ئەندامانی تیپی مۆسیقای مەولەوی مۆسیقامان لێئەدا، وتی فەترەیەک ئیسراحەت دەکەم، ئێمە مۆسیقایەکمان لێدا مۆسیقاکە ئەرمەنی بوو، مۆسیقای ئەوەی ئەمڕۆ پێ دەڵێن (ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە).
لەپڕ حەسەن زیرەک ملی بەرزکردەوە، وتی توخوا کاک ئەنوەر ئەوە لێدەنەوە، وتم بۆچی؟ وتی تۆ لێیدەوە و هەقت نەبێت، منیش دندنەیەک دەکەم لەگەڵتان. دەستمانکرد بە مۆسیقا لێدان، یەکسەر دەستی پێ کرد ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە. کەلیمات و وشەکانی یەکسەر بۆهات)، کە گوێی لێ دەگریت وادەزانیت ئاوازێکی کوردییە.
#ئەنوەر قەرەداغی# دەڵێت یەکێک لە قابلیەتە جوانەکانی ئەوەبوو، ئەگەرچی ڕەنگبێ زۆر گۆرانی ئازەری گوتبێ، بەڵام تەواو کورداندویەتی. بە مۆرکی کوردی وتویەتی.
$ئاوازدانەر بووە و شیعری لەناکاو و ڕاستەوخۆی بۆ هاتووە$
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حەسەن زیرەک پشتبەستنە بە گۆرانی فۆلکلۆریی. لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا ویستبێتی یان نا، کەی داوای وتنی گۆرانیان لێکردبێت دڵی کەسی نەشکاندووە و بێ ماندووبوون گۆرانی گوتووە، ئەمەش بۆخۆی ڕاهێنانێکی دەنگی باشە و سوودی لەم ئەزموونانە بینیوە. ئەمەش بووەتە پاشخانێکی گرنگ بۆ دەنگ و سەدای و هەرچییەکی ویستبێت بەئاسانی لە ڕێی ئاوازەکانەوە وێنای کردووە.
حەسەن لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بوو زۆربەی زۆری زانیارییەکانی گشتی و خۆرسک و وەرگیراوی ژیانی کۆمەڵی کوردەوارین، نەک ناوەند و دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، لەگەڵ ئەمەشدا حەسەن تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکوو شاعیرێکی باشیش بووە و زانا و بلیمەت بووە لە بەند داڕشتندا، ئەویش بە حوکمی ئەوەی شاعیر بووە و لە ئاهەنگی زەماوەند و هەڵپەڕکێدا بەشداریی کردووە. واتە بۆ بەند و وشە و هۆنراوە پەکی نەکەوتووە.
سیمایەکی تری حەسەن زیرەک ئەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو گرووپ و کۆڕانەی بەشداریی لەگەڵدا کردوون دەنگی گونجاندووە، واتە لەگەڵ (ڕادیۆکان هەر لە ڕادیۆی کوردی بەغدا و #کەرکووک# و ڕادیۆی تاران و ڕادیۆی کرماشان، یان کۆڕ وکۆبوونەوەکان و کارەکانی لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی، یاخود بەتەنیاش) گۆرانی چڕیوە و کاری خۆی کردووە. دەگمەن دەبینین هەڵەیەک بکات یاخود لە ڕیتم دەربچێت یان نەشازێک بکات.
حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێبەش بوو، بەڵام توانایەکی بێ وێنەی لە هۆنینەوەی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردیدا هەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگە بێ وێنەکەیدا بوونە هۆی ئەوەی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە سەرانسەری کوردستان ببنەخۆشەویستی خەڵک و ناسنامەی هونەری گۆرانی فۆلکلۆری کوردی.
حەسەن زیرەک، وانەی مۆسیقای نەخوێندبوو، بەڵام بە سرووشت مۆسیقازان بوو، گوێچکەی مۆسیقای بەهێزبوو، کە لە ئاهەنگەکانیدا موزیکژەنەکان نەشازێکیان بکردایە دەیزانی.
جوانترین گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆی کرماشان تۆمارکراون، تام و بۆ یەکی کوردانەیان هەیە، بە بیستنی موزیکەکەی هەست دەکەیت ئاوازێکی ڕەسەنی کوردییە. ئەڵبەت حەسەن زیرەک بەرلەوەی بێتە ڕادیۆی کرماشان، لە تاران کۆمەڵێک کاری کردبوو، بەڵام ئەو ئۆرکێسترایەی کاری لەگەڵ کردبوو دابەشکردنەکەی سەد لەسەد فارسی بوو. لەڕووی ئۆرکێستراوە باشبوون، بەڵام لەڕووی تام و چێژی کوردیەوە ناگەنە ئەو کارانەی لە کرماشان بۆی تۆمارکراون
$کێ بوون ئەوانەی مۆسیقایان بۆ گۆرانییەکانی زیرەک لێداوە؟$
حەسەن زیرەک لەنێوان ساڵانی 1962 تا 1964 لە ڕادیۆی کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ موزیکژەنە گەورەکانی ئەو سەردەمەدا وەک، موجتەبای میرزادە کە ڤیۆلۆنی دەژەنی، محەمەد عەبدولسەمدی ژەنیاری کلارنێت (قەرە نەی) و سەپەرشتیاری گرووپی مۆسیقای ڕادیۆی کرماشان بوو، ئەکبەر ئێزدی سەنتورژەن و بەهمەن پوولەکی زەڕبی لێداوە، ئەو هاوکارییانە بوونە هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵێک بەرهەم کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە لە یادگاریدا ماون.
بەشێک لە گۆرانییەکانی (مریەم بۆکانی، گەوهەرێ، ناڵەشکێنێ، دیسان شەو هات، کیژان دەچنە مێرگۆڵان، خاڵۆی ڕێبوار، وەک قومری، لۆرکێ، نەورۆز، کەتانە، هەی نار، کابوکێ، لەیلا، کرماشان شاری شیرین، ئەمان دوکتۆر، بۆچ منت ناوێ، هۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، کەویار، ئەسمەرهتد..)
زیرەک زیاتر لە هەزار گۆرانی تۆمارکراوی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان گۆرانییەکانی زیرەک خۆیان لە زیاتر لە هەزار و 500 گۆرانی دەدەن، بەڵام بەشێکیان تۆمارنەکراون، یان هێشتا بڵاونەکراونەتەوە و لە ماڵاندا ماونەتەوە.
حەسەن زیرەک توانیویەتی دەمودەست شیعری زۆر جوان بڵێت و مەبەستەکانی پێدەرببڕێت و ئاوازیشیان بۆ دابنێت، دیارە لە شیعری شاعیرانیش کەڵکی وەرگرتووە، نالی، وەفایی، سەید کامیل، گۆران، هەردی، کوردی، هێمن، پیرەمێرد و تاهیربەگی جاف لەو شاعیرانەن کە زیرەک شیعرەکانیانی کردووە بە گۆرانی، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخوێندەواربووە زۆر جار کە وشەیەک یان پیتێکی بیرنەماوە دەستکاری شیعرەکەی کردووە، بەو حاڵەش کە شیعرێکی کردووە بە گۆرانی ڕوحی بەبەرداکردووە.
حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژانی کورد گۆرانی گوتووە بۆ نموونە دەتوانین (محەمەدی ماملێ، مەلا حسێن عەبدوڵڵازادە، ئەحمەد شەماڵ، سەید محەمەد سەفایی، نەسرین شێروان، فاتمەی زەرگەڕی ناسراو بە ژاڵە) ئاماژە پێ بدەین.
$حەسەن زیرەک: هونەر لەنێو کورد دا قەدری نەما$
حەسەن زیرەک پێیوابووە کوردبوون گیروگرفتی سەر ڕێگای هونەرەکەیەتی، بۆخۆی لەوبارەیەوە بەدڵشکاوی دەڵێت: هونەر لەنێو کورد دا قەدری نەما، هونەر بۆ من بەهرەیەکی نەدا، هونەر بۆ من کارێکی نەکرد کە بە شوێنیدا بچم ، چوون کوردم و بە زمانی کوردی قسە دەکەم.
ئەوانەی لە نزیکەوە زیرەکیان ناسیوە و ئاگاداری ژیانی ئەو هونەرمەندە بوون، باسی ئەوە دەکەن زۆرجار فارسەکان داوایان لە زیرەک کردووە بە سەبکی فارسی و بە فارسی گۆرانی بڵێت، کەچی زیرەک ئەمەی نەکردووە، چونکە عاشقی کوردستان و گۆرانی و مۆسیقای کوردی بووە و هەوڵیداوە لە ڕێی هونەرەوە خزمەتی نەتەوەکەی بکات.
هونەرمەند مەزهەری خالەقی دەڵێت: کورد بەهۆی حەسەن زیرەکەوە خاوەنی زیاتر لە 100 میلۆدیە و دەوڵەمەندترین نەتەوەیە لە میلۆدیدا.[1]
$سەرچاوە:$
1- حەسەن زیرەک و هەندێک لە بەسەرهاتەکانی: میرزا کەریم خۆشناو
2- ڕەهەندەکانی حەسەن زیرەک: عادل محەمەد کەریم
3- گۆڤاری ڕامان: ژمارە (252) ڕۆژی بڵاوبوونەوەی 05-05-2018
4- بەرنامەیەکی دۆکیومێنتاری کەناڵی کوردسات لەسەر حەسەن زیرەک
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!