دیار سلێمان
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت: ئەگەر پێگەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لاواز بێت، هۆکارەکەی بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، چارەسەرکردنی پرسی کورد نابێتەهۆی دابەشبوونی تورکیا.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوێنێ هەینی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و لەبارەی چەند مژارێک قسەی کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری وتی، تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دووچاری تەنگژە نابێت و ڕایگەیاند، ئەگەر لەم وڵاتەدا کێشەی کورد نەبێت و هەموو هاووڵاتییان هەست بەیەکسانی بکەن و بە زمانی دایک بخوێنن، وڵات دابەشنابێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لە کاریگەریی خراپی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد و وتی، ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری بووبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە پرسی کورد چارەسەرنەکراوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەهەپە وتی، ئایا بەڕاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە لە پشت ئەو هەنگاوەی ئەوان هەیە؟ تاوەکوو ئێستا دڵنیا نین. ئێوە لەلایەک دەستتان درێژ دەکەن (تەوقە دەکەن) و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پڕۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت.
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کردەوە و وتی، ئەگەر ئومێدێکی بچووکیش هەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بکەین. کێشەی کورد بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت. پێویستە شەڕوپێکدادان کۆتایی بێت و پڕۆسەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە دەستپێبکات.
دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی ڕابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و ڕۆژی #22-10-2024# لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
ڕۆژی#30-10-2024#یش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و وتی، ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە (پرسی کورد) لە ڕۆژەڤی وڵاتەکەمان بەتەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە. [1]