هەوار ئیسماعیل
پێشنیازێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان -دەم پارتی سەبارەت بە دامەزراندنی ستافێکی وەرگێڕانی زمانی کوردی لە پەڕڵەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگی پەڕڵەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە ڕەتکرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 31ی تشرینی یەکەم، دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی پەڕڵەمان پێشنیازی کرد کە ستافی وەرگێڕانی کوردی لە پەڕڵەمان دامەزرێت بۆ ئەوەی زمانەکانی دیکە، بە تایبەت زمانی کوردی بخرێتە ناو چالاکییەکانی پەڕڵەمانەوە.
لە پێشنیازەکەدا هاتووە، لە پەڕڵەمانی تورکیا کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگە دەکات، لەم جوگرافیایەدا هیچ جێگایەک بۆ زمانی دایکی گەلانی دیکە دانەنراوە. هەر بۆیە زۆر جار بەتایبەت لە گفتوگۆکانی کورسیی پەڕڵەمان و کاروباری یاسادانان کێشە درووست دەبێت و جگە لە زمانی تورکی زمانە دێرینەکانی ئەم خاکە پشتگوێ دەخرێن.
دەم پارتی لە پێشنیازەکەیدا داوای کرد، ستافی وەرگێڕانی کوردی دابمەزرێنن، بەڵام ئەو پێشنیازە بە زۆرینەی دەنگی پەڕڵەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە ڕەتکرایەوە.
زۆر جار لە پەڕڵەمانی تورکیا کاتێک بەشێک لە پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی دەیانەوێت وتارێک بە زمانی کوردی پێشکەش بکەن، دەستبەجێ مایکەکەیان بێدەنگ دەکرێت و دەنگیان دەبڕدرێت. جگە لەوەش زمانی کوردی کە زمانی ملیۆنان کوردی باکووری کوردستانە، لە نووسراوەکانی حکومەت و پەڕڵەمان بە زمانێکی نەزانراو (X) دادەنرێت. [1]