یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، کورد گیانیانن، بۆ ئەوانیش #ئامەد# و یۆزگات وەک یەکن.
عیزەت ئولڤی یۆنتەر، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە ڕۆژی پێنجشەممە، 31ی تشرینی یەکەم، یۆنتەر لە شاری ئیستەنبووڵ سەردانی ڕێکخستنەکانی ناوچەی پەندیک و کارتاڵی پارتەکەی کرد.
عیزەت ئولڤی یۆنتەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وتی: کورد گیانمانن بەشێکن لە ئێمە. برا کوردەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ تیرۆر نییە. بۆ ئێمە ئامەد چییە، یۆزگاتیش ئەوەیە. ڕیزە چییە شرنەخیش ئەوەیە، مێرسین چییە ڕیزەش ئەوەیە، ئەنقەرەش ئەوەیە. هەموویان لە دڵماندان، هەموویان لە باوەشماندان. هەموویان بۆ ئێمە یەکن و یەکسانن.
یۆنتەر وتیشی: ئێمە هیچ کەسێکمان پەراوێز نەخستووە، جیاکاریمان نەکردووە جیامان نەکردووەتەوە، بە کەم تەماشامان نەکردووە و وەکوو هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵدا نەکردووە.
یۆنتەر لە قسەکانیدا سەبارەت بەو پڕۆسە نوێیەی کە لەلایەن #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# سەرۆککۆماری تورکیا و #دەوڵەت باخچەلی# سەرۆکی مەهەپە دەستی پێ کردووە وتی: کۆت و بەندەکانی سەدەکانی تورکیا لادەبرێن. لە سەد ساڵەی نوێدا تورکیایەکی دوور لە تیرۆر دادەمەزرێت.
پڕۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ 2024، لەگەڵ کردنەوەی خولی نوێی پەڕڵەمانی تورکیا و تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بووە ڕۆژەڤی تورکیا و باکووری کوردستان.
ڕۆژی چوارشەممە لە #23-10-2024# دوای 43 مانگ، عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ڕوها، سەردانی زیندانی ئیمراڵی کرد و یەکەم پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی سەبارەت بە پڕۆسەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد کە گوتبووی: دەتوانم پڕۆسەکە لە شەڕ و تووندوتیژییەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەیەکی سیاسی. [1]