دوایی پیشان دانی ئاستێکی بەرز لە ڕکابەرییەکانی پاڵەوانێتی بۆکسێنی یانەکانی ئێراق و بەدەست هێنانی نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە #09-07-2024# و لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# پێشوازی کرد لە ستافی ڕاهێنەران و یاریزانی پاڵەوانی بۆکسێنی ئێراق #زوبێر ساڵح#.
لەو میوانداریەدا و سەرەتا جێگری سەرۆکی یانە وێڕایی پیرۆزبایی خۆی لە یاریزانی پاڵەوان زوبێر ساڵح ڕایگەیاند کە داهاتووی یاری بۆکسێن لە شاری سلێمانی دەبێت و ئەم نەوەیەی کە یانەکەمان پەروەردەی دەکات نەوەی ئەو داهاتووە دەبن.
حاکم مەحمود وتیشی، زوبێر ساڵح و هاوڕێکانی لە پاڵەوانێتی ئاسیا و جیهانیشدا دەتوانن ئەنجامی کاریگەر بەدەست بهێنن بەو مەرجەی متمانەیان بە خۆیان و ئاستەکەیان هەبێت چونکە ئەو یاریزانانەی کە دێنە بەرانبەریان و دەبنە ڕکابەریان هیچیان لەمان زیاتر نابن.
لە درێژەی وتەکانی جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە وتی بە گەرمی دەستی ماندوو بوونی هەردوو ڕاهێنەر (بڵند مەحمود، ساڵح عەلی) دەگوشین کە هاوکاری تەواوی ئەم یاریزانە تازەپێگەیشتووانەن و ماندووبوونی ئەوان ئاستی یاریزانەکانمانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ.
لە کۆتایشدا خەڵاتی یاریزان (زوبێر ساڵح) ی کردوو هیوایی سەرکەوتنی لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتووش بۆ خواست.[1]