دوای بەدەست هێنانی نازناوی خولی تۆپی پێی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق لە شاری بەغداوە، تیمی بێچووە شێرە پێشمەرگەکان گەیشتنەوە شاری #سلێمانی# و لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لەلایەن بەڕێز #شێخ جەعفەر شێخ مستەفا# سەرۆکی یانە و حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆک و سکرتێر و تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پێشوازی کران.
لەو پێشوازیەدا کە خانەوادە و کەسوکاری یاریزانە پاڵەوانەکان ئامادەی بوون قەڵغانی ئاڵتونی ئەو خولە بەهێزە پێشکەش بە سەرۆکی یانەی پێشمەرگە کراو لە بەرانبەردا بەڕێزیان پیرۆزبایی لە ماڵبات و کەسوکار و دایە و بابەی یاریزانەکانیان کردوو وتیشی ئەم ئەنجام و دەست کەوتەمان هاندان و پاڵپشتی خانەوادەکان بووە کە ڕۆڵەکانیان ناردووە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێراق و خۆشیان وەک پاڵپشتی بۆ یانەکەمان و ناوی پێشمەرگەی کوردستان هاوشاندیان بوون و هانی ڕۆڵەکانیان داوە و ناوی پێشمەرگەیان بە دەنگی بەرز وتۆتەوە.
سەرۆکی یانەی پێشمەرگە وتیشی ئەم جەنگەی کە بردمانەوە و قەڵغانەکەیمان هێنایەوە بە هەوڵی هەمووان بووە هەر بۆیە دەستی ماندووبوونتان دەگوشم و لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیواخوازیشم هەمیشە بەو شێوەیە هانی تیمەکەتان و یانەکەتان بدەن بۆ ئەنجامی شایستە و بەرچاو.
دواتر خانەوادەی یاریزانانی تیمەکەی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگەی پاڵەوانی ئێراق پیرۆزباییان لە یانەکەیان و خۆشیان کردوو دووپاتیان کردەوە کە بۆ هەمیشە بەرگریکاری ناوی پێشمەرگە و یانەکەیان دەبن یەک دەست هەواڵی ئەو ئەنجامە بۆ ئاستەکانی دیکەش دەدەن.
پاشان حاکم مەحمود ئەحمەد موڕاد جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئەنجامە و دەست کەوتە بەرز دەنرخێنن و وتیشی کە لە داهاتوودا مەراسیمێکی شایستە بەو ئەنجامە و نازناوە بۆ تیمەکەی یانەی پێشمەرگە لەنێو ئەم هۆڵەدا بە ئامادەبوونی ماڵبات و خانەوادەی یاریزانان و کۆمەڵێک کەسایەتی وەرزشی و حکومی ڕێک دەخەین و خەڵاتی تایبەتیان دەکەین.[1]