عەبدولسەلام ئاکنجی
لە دژی دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی میردین، ئێلیﮪ و ناوچەی خەلفەتی ڕووها، لە بەردەم شارەوانیی هەر سێ شوێنەکە خۆپێشاندان کرا.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، #04-11-2024# ، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیﮪ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای ڕووهای باکووری کوردستان دانرا.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا.
پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، ڕێپێوان، لێدوانی ڕۆژنامەڤانی، گردبوونەوە، خێوەتهەڵدان و سەکۆدانانی بۆ ماوی 10 ڕۆژ قەدەخە کرد.
لەلایەکی دیکەوە بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانی ئێلێﮪیش دانرا. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندرایە گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیﮪ بە قەیووم دانرا.
هەر ئەمڕۆ دوابەدوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیﮪی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای ڕووها دانرا.
هێزە ئەمنییەکان زوو ڕێوشوێنی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەمەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا.
لە شوێنی قەرەیڵان، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەی خەلفەتی لەلایەن پارێزگاری ڕووها وەک قەیوم بۆ سەرۆکی شارەوانی خەلفەتی دەستنیشانکرا.
ئەحمەد تورک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بەیانی زوو بەرەو بینای شارەوانی بەڕێکەوتن و لەوێ گردبوونەوە. تیمەکانی پۆلیس لە ناوچەکەدا بوون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ئەحمەد تورک ڕایگەیاند: شارەوانیی ئێمە داگیر کراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. وتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات.
ئەحمەد تورک وتی، تەنانەت نەمانتوانی کەلوپەلەکانمان لە بیناکە وەربگرین. بینای شارەوانی پڕ بووە لە پۆلیس. بێگومان خەڵک لەسەر سندووقی دەنگدان ئیرادەی خۆیان دژی ئەمە دەردەبڕن. ئەگەر ئەمە ئەو شتە بێت کە ناوی دەنێن کرانەوە، ئەوە کرانەوە نییە. ئێمە بە هیوای وڵاتێکەوە خەریکی سیاسەت دەبین کە خەڵک لەسەر بەها دیموکراسییە هاوبەشەکان کۆببنەوە. ئێمە بۆ ئەمە لێرەین. بەم ڕەفتارە حکومەت نیشانی دا کە نیازی چارەسەرکردنی نە کێشەی دیموکراسی و نە کێشەی کوردی نییە.
محەمەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانیی خەلفەتی ڕووها ڕایگەیاند: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەم عەقڵییەتە نادەین.
هاوکات، گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی ئێلیﮪ ڕایگەیاند: لەنێو 81 شار دا بە زۆرترین ڕێژەی دەنگ ئەم شارەوانییەمان بەدەستهێناوە. بەهیچ شێوەیەک ئەم ئەمانەتە ڕادەستی فەرمانبەرێکی سووک ناکەین. ئێمە لێرەین و تێدەکۆشین و هەموو گەلی خۆمان بۆ بەرخودان بانگهێشتی ئێرە دەکەین.
لە خۆپێشاندانەکانی ئێلیﮪ دا گرژی لەنێوان خۆپێشاندەر و هێزە ئەمنییەکان درووست بوو. پۆلیس بە ئاو بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد. لە ئەنجامدا بە دەیان کەس دەستبەسەر کران.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و دەبەپە و پەڕڵەمانتارانی هەردوو پارتەکە بۆ پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران سەردانی ئێلیﮪ و مێردینیان کرد.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەنێو خۆپێشاندەران دا ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی لە بواری سیاسی دا ناتوانن کۆنترۆڵمان بکەن، بە دەستی دادوەر و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ کودەتایان بەسەرمان دا کردووە. [1]