شیراز ڕەئوف
بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزیی لوبنانەوە، هەزاران کوردی دانیشتووی باشووری وڵاتەکە کە پێشتر لە ڕۆژاوای کوردستانەوە پەنایان بۆ ئەوێ بردووە، ئاوارە بوون. ئاوارەکان دەڵێن هیچ کەسێک جگە لە خێرخوازانی کورد هاوکارییان ناکات.
نوێنەر فاتیح، نێردراوی تۆڕی میدیایی ڕووداو بۆ لوبنان، سەردانی شوێنی مانەوەی بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی کرد. کڵێسەی کوردان لە لوبنان و بەشێک لە خێرخوازانی کورد لە بەیرووت، هاوکاریی ئەو کوردانە دەکەن کە لە باشووری لوبنانەوە بەهۆی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە ئاوارە بوون.
نیهاد حەسەن، قەشەی کڵێسەی کوردان لە لوبنان کە خۆی خەڵکی عەفرینە بە نوێنەر فاتیحی گوت: ''14 ساڵە لە لوبنان ئاوارەم، بەهۆی دۆخی سووریا و ڕۆژاوای کوردستانەوە هەزاران هاونیشتمانیی کورد لە لوبنان سەرقاڵی جووتیاری بوون، کە ئێستا ئاوارەن.''
نیهاد حەسەن ئاماژەی بەوەدا، بۆ کوردانی ڕۆژاوای کوردستان لە لوبنان هاوکاریی کۆدەکەنەوە و، ''لە سەرەتای دەستپێکردنی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، 10 هەزار کەسمان بەسەرکردووەتەوە کە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانن و لە لوبنان ئاوارە بوون.''
ئەو قەشەیە ئەوەشی خستە ڕوو، لە دەستپێکدا هیچ کەسێک هاوکاری نەکردوون، ''تەنیا هاوڕێیانمان لە کڵێسەکانی ئەمریکا و ئەوروپا هاوکارییان دەکردین، دواتر ڕێکخراوەکان هاتن و لە پڕۆسەی دابینکردنی شوێن و پێداویستیی بۆ ئاوارەکان هاوکاریان کردین.''
نیهاد حەسەن باس لەوە دەکات، ڕۆژانە 20 بۆ 30 خێزانی کورد لە لوبنان ئاوارە دەبن و دێنە کڵێسەکە، ''ژمارەیەکیش لە خێزانەکان لێرە جێگەیان نەبووەتەوە، بەڵام لە ناوچەی دیکە شوێنمان بۆ ئەوانیش دابین کردووە.''
وەک ئەو قەشەیە وتی، ژمارەیەک لە ئاوارەکان بردراونەتە کڵێسەی حەلەب، ژمارەیەکیشیان گەڕاونەتەوە کۆبانێ و سەرێکانێی ڕۆژاوای کوردستان.
یەکێک لە بنکە تەندرووستییەکانی بەیرووت، ڕۆژێک لە هەفتەدا تایبەت دەکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی بە کوردانی ئاوارە؛ پزیشکیشیان لە دەرەوەی لوبنانەوە بۆ چووە و خۆبەخشانە خزمەتیان دەکات.
سام کۆرتەر، پزیشکێکی ئوستراڵی کە لە هەولێر مامۆستای زانکۆیە و کریستیانە، لەسەر داواکاریی قەشەی کڵێسەی کوردان خۆبەخشانە چووەتە لوبنان بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری تەندرووستی بە ئاوارەکان.
سام کۆرتەر بە ڕووداوی گوت: ''نزیکەی شەش ساڵە لە هەولێرم، لەوێ مامۆستای زانکۆی کوردستانم و بۆ کاری خۆبەخشی و بۆ ماوەی یەک هەفتە هاتوومەتە لوبنان''.
ئەو پزیشکە خۆبەخشە وتیشی: ''ڕۆژانە 20 بۆ 30 کەسی ئاوارە سەردانمان دەکەن و چارەسەر وەردەگرن، هەر ڕۆژەی سەردانی ناوچەیەک دەکەین و چارەسەری تەندرووستیی بە ئاوارەکان دەگەیێنین''.
بەوتەی سام کۆرتەر، ئەوانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانیان دەکەن، زیاتر نەخۆشیی درێژخایەنی وەکوو گوشاری خوێن و شەکرەیان هەیە و دەڵێت: ''هەوڵدەدەین دەرمانیان بۆ دابین بکەین.''
ئەو پزیشکە ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ چارەسەری کوردانی ئاوارە لە لوبنان، پێویستیی زۆریان بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەیە، داواش لە خێرخوازان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات، بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی هاوکارییان بکەن.
وەک سام کۆرتەر دەڵێت: لە بەیرووت بەشێک لە دەرمانخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هەموو دەرمانێکیان نییە.
لە کۆی ئەو یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەیەی کە بەهۆی شەڕەوە لە لوبنان هەن، ژمارەیەکیان کوردن کە زیاتر خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانن؛ بەوتەی خۆیان، دۆخی ژیانیان خراپە و هیچ کەسێک هاوکارییان ناکات.
ناوچەی بورج حەموود لە باکووری لوبنان یەکێک لەو شوێنانەیە کە ژمارەیەکی زۆر کوردی ئاوارەی تێدایە. نێردروای ڕووداو دەڵێت: ''ئەو کوردانەی چەندین ساڵە لێرە پەنابەرن، کۆبوونەتەوە و دووکان بە دووکان دەگەڕێن بۆ ئەوەی کەلوپەل و پێداویستیی سەرەتایی خێزانەکان بکڕن و وەکوو هاوکاری بیبەن بۆ ئەو خێزانە کوردانەی کە دووبارە ئاوارە بوونەتەوە.''
ئیدریس عەفرینی کە یەکێک لەو هاونیشتمانییە خێرخوازانەیە، بە ڕووداوی گوت: ''بەردەوام سەردانی خێزانە ئاوارەکان دەکەین، خێزانی وا هەیە هیچی لە ماڵدا نییە، هیچی نییە لەسەری بخەوێت، بەردەوام بەسەریان دەکەینەوە.''
ئیدریس ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا نزیکەی 600 خێزانی کوردی ئاوارە لە بەیرووت هەن کە ڕۆژانە سەردانی 15 بۆ 20 ماڵیان دەکەم و کەلوپەلیان بۆ دەبەم.''
ئەو هاونیشتمانییە لە کاتێکدا شوێنی مانەوەی خێزانێک پیشانی کامێرای ڕوودا دەدات، دەڵێت: ''دۆخی ئاوارەکان زۆر خراپە و لەگەڵ ئەوەی کە شوێنی مانەوەیان گونجاو نییە، زیاتر لە 250 دۆلاریش کرێی خانوو دەدەن.''
هاوکات یەکێک لە کوردانی ئاوارە بە ڕووداوی گوت، ''نزیکەی 10 ساڵ لە باشووری لوبنان بووم و کشتوکاڵم دەکرد، دوای جەنگ ئاوارە بووین، پێنج کەسین و زیاتر لە مانگێکە لێرەین. کاتێک ئاوارە بووین، تەنیا کڵێسەی کوردان هاوکاریی ئێمەیان کرد. کورد لە هەموو شوێنێک بێکەسە.''
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون کە بەشێکیان ڕوویان لە ئێراق کردووە.
18ی تەممووزی 2024، مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە ڕووداوی گوت: ''زیاتر لە 120 هەزار کوردی ڕۆژاوای کوردستان و بە دیاریکراوی عەفرینی، لە باشووری لوبنان دەژین، بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی عەفرینەوە، پەنایان بۆ ئەو سنوورانە هێناوە و لەوێ زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵن.''[1]