ساڵانی دوای هەڵگیرسانی #شۆڕشی ئەیلوول# لە 1961 بەگشتی و دوتر دوای کودەتای بەعسییەکان لە شوباتی 1963 بەسەر عەبدولکەریم قاسم و گەشتنیان بە دەسەڵات، ئێراق ڕووبەڕووی ئەوپەڕی توندوتیژی و سەرکوتکاری بووەوە، بەشێوەیەک لەلایەک حکومەتی ئێراق لەگەڵ کورد و شۆڕشەکەی بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی لە شەڕدا بوو، لەلایەکی دیکەوە لە ناوخۆدا خەرکی سەرکوتکردنی هەر جۆرە نەیارەتی و بەرهەڵستکارییەک بوو، کە دەبووە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی حزبی بەعس. هاوکات لەسەر ئاستی ناوچەکەدا جارێکی دیکە لەو ماوەیەدا جەنگی نێوان عەرەب -ئیسرائیل بەتایبەت لە حوزەیرانی ساڵی 1967 هەڵگیرسایەوە و هەر یەک لە میسر، ئوردن و سووریا سەرکردایەتی عەرەبیان دەکرد لەو جەنگەی دژ بە ئیسرائیل بەرپا بوو و بە جەنگی شەش ڕۆژە ناسراوە.
لەو سەروبەندەدا بوو، بارزانی شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێراقی ڕاگرت، کە ئەمەش لەسەر داوای ژمارەیەک لە زانایانی ئایینی بوو، چونکە ئەو کات ئێراقیش خۆی بە بەشێک لە جەنگی عەرەب -ئیسرائیل دەبینی، تەنانەت ژمارەیەک لە کوردیش بەتایبەت شیوعییەکان و هەندێکیش لە پارتییەکان چووبوونە ناو جەنگەکە و وەک فیدائی بەشداری کردە و چالاکییەکانی دژ بە سوپای ئیسرائیلیان دەکرد. محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا دۆڵەبەکرەیی ناسراو بە (محەمەد فیدا) وەک یەکێک لە کوردەکانی خەڵکی هەولێر، لە ماوەی نێوان ساڵانی 1967 -1972 چووەتە بەرەی ئازادیخوازانی فەڵەستین و بەشداری چەندین چالاکی چەکداری کردووە و لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ بەرەیەکی بەرفراوانی ئازادیخوازانی جیهانی کردووە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەڵەستین، ڕۆژنامەنووس عەبدولستار باغەمرەیی بۆ کوردستان24 بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەو سەردەمی باشووری کوردستان و ئێراق و بەشداری و چالاکییەکانی کورد لەو جەنگەدا ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ناوبراو کردووە.
کوردستان24: بارودۆخی ئەوسای باشووری کوردستان و ئێراق بەگشتی چۆن بوو؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: بارودۆخ لە ناوەڕاستی شەستەکان بەدواوە لە باشووری کوردستان تا ئەوپەڕ توند بوو، حکوومەتی ئێراق بە هەموو هێزی سیاسی و سەربازی هەوڵی لێدان و لەناوبردنی شۆڕشی کوردی بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دەدا، بۆ ئەو مەبەستەیش چەندان شێوازی بەکار دەهێنا، هەموو ئامانجی دوورخستنەوەی بەتایبەتیی گەنجە کوردە هەڵاتووەکانی ڕیزەکانی سوپا سەربازە فیرارەکان بوو لە شۆڕشی کورد، کە بە شۆڕشی ئەیلوول ناسراوە و لە دژی حکومەتی ئێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە شەڕدا بوو.
کوردستان24: ئێوە لە هەولێر کاری سیاسیتان دەکرد و چالاک بوون، بەو هۆیەوەش دەستگیر کراون، هۆکاری دەستگیرکردن و دواتر زیندانیکردنتان هەر بەهۆی کاری سیاسییەوە بوو؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئێمە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای چەپدا کاری سیاسیمان دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێبەندی بەها نەتەوەییەکان و دۆزی کورد بوون لەو سەردەمەدا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی دەکرد. لە سەرەتاکانی ساڵی 1967 لە هۆتێل خانزاد لە لای چایخانەی مەچکۆ لە هەولێر بە تۆمەتی پابەندبوون بەبەها و بنەماکانی شۆڕشی ئەیلوول و هەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆم بە ماڵباتی بارزانییەکان و کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ شۆڕش لەنێو ماڵەکانی سەر قەڵاتی هەولێر، دەستگیر کرام و دوای زیاتر لە سێ مانگ مانەوە لە زیندان، ئازاد کرام.
کوردستان24: دوای ئەوەی ئازاد کران، ئێوە چوون بۆ فەڵەستین بۆ بەشداریکردنی لە جەنگی عەرەب -ئیسرائیل، ئێوە چۆن بوو بڕیارتان دا بۆ ئەو جەنگە بچن؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئێمە لە سەرەتادا کارتێکراو بووین بە بیری چەپ، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پرسی کورد وەکوو پرسێکی نەتەوەییمان بە ئیعتوبار وەرگرتبوو. لە ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعیدا بووم و بەهۆی وریایی و چالاکییەکانم و زانینی زمانی عەرەبی بە ئاستێکی بەرز، حزبی شیوعی نووسراویان بۆ کردم بۆ ئەوەی لانی کەم بچمە فەڵەستین لە چوارچێوەی ئەو بەرە بەرفراوانە نێودەوڵەتییەی بۆ بەرگریکردن لە دۆزی فەڵەستین لەسەر ئاستی دنیا درووست بوو، نەخاسمە ئێمە لەگەڵ هەزاران عەرەب و یوگسلافی و ڤێتنامی و ڕووسی و چینی و ئەمەریکایی و ئەفریقایی بە یەکەوە و لەنێو چەندان بەرەی بچووکتر بەشداریمان لە سەرخستنی دۆزی فەڵەستینییەکان کرد. لە لایەکی دیکەوە حزبی شیوعی ئێراق کە ئێمە تێیدا ئەندام بووین، مەبەستی بوو بەشداری جەنگەکە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەگەر گەڕاینەوە خزمەت بە کاری حزبایەتی بکەین، بەتایبەتیی کە ئێمە لەوێ لە ماوەی پێنج ساڵی مانەوەماندا بەشداریمان لە چەندین خولی سەربازی و ئەندازەیی جەنگ و پەروەردەی جەنگ کرد، کە هەموو ئەوانە بۆ خۆیان توانستی حزبیان لە کاری سیاسی و خەباتی چەکداریدا پێش دەخست.
کوردستان24: ئێوە کە چوون بۆ ئەو جەنگە سەرەتا لە کوێ دابەزین؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئێمە یەکەم جار لە جەبەل سەورە جێگیر کراین، کە لە بنەڕەتدا شانە سەرەتاییەکانی فیدائییەکانی فەڵەستین وەک بەرەیەکی گشتی لە ساڵی 1948 بۆ ڕەتکردنەوەی داگیرکاری ئیسرائیل لەو چیایەدا بنکەیان دامەزراندووە و ئیلهامیان لە جەنگی پارتیزانی شۆڕشگێرانی جەزائیری، ڤێتنامی، چاینایی و ئەمەریکای باشوور وەرگرتووە و بۆ یەکەمین جار لە ناوەڕاستی ساڵی 1950 چالاکییەکانیان لە دژی سوپای ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا، میسر و ئوردن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئەنجام دا.
کوردستان24: ئەرکی ئێوە چی بوو؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئەرکی ئێمە بریتی بوو لە ئەنجامدانی چالاکی لە دژی سوپای ئیسرائیل، بەتایبەتیی کە هێزەکانی ئیسرائیل بە درێژایی غەور ئوردن تا بەسەر دەریای مردوو دەگات، لەوبەرەوە بڵاوەیان کردبوو. ئێمە لە ماوەی مانەوەماندا چەندین جار چالاکیمان لە دژی سوپای ئیسرائیل ئەنجام دا، بەڵام ئەوان لە جەنگدا زیرەک بوون، کەمترین زیانیان بەردەکەوت.
کوردستان24: ئێوە مەبەستم ئەوەیە جگە لە تۆ، کوردی دیکە لەگەڵ ئێوە هەبوون، ژمارەتان چەند دەبوو؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئێمە لە سنوورەکانی هەولێر نزیکەی 60 -70 کورد دەبووین کە بەشداریمان لەو جەنگەدا کرد، تەنانەت لە شار و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان کوردی دیکە هەبوون بۆ ئەوەی بەشداری لە جەنگەکەدا بکەن. هاوکات جگە لە کوردی باشووری کوردستان، کوردی پارچەکانی دیکەش هەبوون، بەتایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.
کوردستان24: ئێوە کوردەکان هەمووتان لە جەبەل سەورە بوون، یاخود لە شوێنی دیکەش بوون؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: نەخێر ئێمە کوردەکان بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش کرابووین، بابەتەکە زۆر پەیوەندی بە نەتەوە نەبوو، بەڵکوو دۆزەکە وەک دۆزێکی ئومەمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا. هەندێک لە کوردە ئێراقییەکان لە جەبەل کەڕامە بوون لە تەنیشت شاری سەڵت لە ئوردن، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی نەوەی ئەو کوردانەن لە سەردەمی سەڵاحەددینی ئەیووبی بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی دژ بە خاچدرووشمەکان لەوێ نیشتەجێ بوونە. من جارێک سەردانی بەشێک لە هاوڕێ کوردەکانم کرد و دواتر بە یەکەوە چووینە بازاڕێکی زێڕینگران، لەوێ هەندێک لە زێڕینگرەکان بە کاکە بانگیان کردین پێیان وتین کە برای ئێوەین! وتیان ئێمەش کوردین و باپیرانمان لە سەردەمی سەڵاحەددین لە شاری سەڵتی باکووری کوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و هەر بۆیە ئەو ناوچەیە هەر بە سەڵت ناونراوە! ئەوان کورد بوون، بەڵێ بەڵێ ئەوان کورد بوون و ئارەزووی دیداری ئێمەیان دەکرد، ئێمە ئەو ڕۆژە جلوبەرگی کوردیمان پۆشی بوو، ئەوان داوایان کرد، جلەکانیان پێ بدەین بۆ ئەوەی وێنەی یادگاری پێ بچرکێنن، ئەوان دەیانوت ئەمە جلی ڕەسەنی ئێمەیە، ئێمە ئەم وێنانە بەو جلە ڕەسەنەی خۆمان لە ماڵەوە هەڵدەواسین بۆ ئەوەی منداڵ و نەوەکانمان بزانن ئەمە جلی ڕاستەقینەی ئێمەیە.
کوردستان24: ئێوە واتا کوردەکانی باشووری کوردستان هەمووتان سەربە حزبی شیوعی بوون، یاخود ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشتان لەگەڵدا بوو؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: نەخێر ئێمە بە تەنیا شیوعییەکان لەوێ نەبووین، بەڵکوو ئەندامانی پارتیش لە ڕیزی فیدائییەکاندا بوون، ئەوانیش خەڵکی زیرەک و لێوەشاوە و ئازادیخواز و ڕزگاریخواز بوون، ئێمە هەموو وەک برا لەو بەرە بەرفراوانەدا بووین، کە خەباتمان بۆ دۆزی گەلێکی چەوساوە دەکرد.
کوردستان24: ئێوە ئەو ماوەیەی لەوێ بوون، ئاگاداری ڕەوش و بارودۆخی باشووری کوردستان بوون؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: من هاوڕێیەکی عەرەبی بەغهەمیشە هەبوو بە ناوی (ئەیاد). ئەو ڕادیۆیەکی لە لوبنان بە دیاری بۆم کڕی، من شەوانە لە ڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە ئاگاداری بەشێک لە ڕووداوەکانی ئێراق و کوردستان بووم، ئاگادار بووم لەنێوان حکومەتی ئێراق و سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان چ ڕووی دەدا.
کوردستان24: ئەی چی لەبارەی هەڵوێستی ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا دەزانن سەبارەت بە بەشداری کورد لەو جەنگەی ئێوە تێیدا بەشدار بوون؟
محەمەد دەروێش عەبدوڵڵا: ئێمە دەزانین مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی ڕزگاریخواز و ئازادیخوازە، ئەو لە سۆنگەی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆزی فەڵەستین و هەر دۆزێکی دیکەی هاوشێوە دەکرد، ئێمە ئاگاداری ئەو بوون، کە ئامادە بوو شەڕ لە دژی حکومەتی ئێراق ڕابگرێت، بەوپێەی سوپای ئێراق بەتایبەت ئەو کات خۆی وەک بەشێک لەو جەنگەدا دەبینی. دواتر ئێمە لە ڕێگەی ڕادیۆیەوە گوێبیست بووین کە مەلا مستەفا بارزانی ژمارەیەک لە کوردی وەک فیدائی ڕەوانەی بەرەکانی جەنگی دژ بە ئیسڕائیل کردووە. ئێمە بیستمان ئەو کات ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان سەردانی مەلا مستەفا بارزانییان کردبوو و سەبارەت بە چوونی کورد بۆ فەڵەستین و بەشداریکردنیان لە جەنگ لە دژی ئیسرائیل پرسیاریان لێ کردبوو، ئەو گوتبووی خۆی فەرمانی پێ کردوون بۆ ئەوەی بچن بەشداری ئەو جەنگە بکەن. مەلا مستەفا بارزانی پیاوێکی هاوسۆز بوو لەگەڵ چەوساوەکانی جیهان، بە تەنیا خەمی کورد نەبوو، خەمی هەموو مرۆڤێکی ستەملێکرا و و چەوساوەی بوو، ئەو سەرکردەیەکی نێونەتەوەیی بوو، بۆیە ناوی لە هەموو جیهان هەبوو، عەرەبەکانی فەڵەستین خۆشیان دەویست، کە دەیانزانی ئێمە کوردین، بەتایبەت ڕۆشنبیر و سیاسییەکانیان ڕاستەوخۆ ناوی بارزانیان دەهێنا، سەڵاحەددین و بارزانی دوو ناوی خۆشەویست بوو لەلای فەڵەستینییەکان.
بایۆگرافی:
محەمەد عەبدوڵڵا دۆڵەبەکرەیی ساڵی 1950 لە گوندی دۆڵەبەکرەی سەربە شارەدێی قوشتەپە هەولێر لە دایک بووە. لە سەرەتای کاری سیاسی لە ناوەڕاستەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەم لەنێو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعیدا چالاکی کردووە، بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەبووە، بەتایبەت کە بەهۆی بەرگریکردن لە بارزانییەکان و شۆڕشەکانیان، ڕووبەڕووی هەڕەشە و سزادان و زیندانیکردن بووەتەوە. لە ساڵی 1967 تاوەکوو 1972 لە فەڵەستین لە بەرەی بەرگریکارانی دۆزی فەڵەستین جەنگاوە و فێری هونەر و ئەندازەی جەنگ بووە. دوای گەڕانەوەی و لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 بووەتە فەرمانبەری حکومەت و لە ساڵی 1980 هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی چوار کوڕ و شەش کچە. ئێستا خانەنشینە و لە هەولێر لە گەڕەکی ڕۆشنبیری نێشتەجێیە.[1]