کورد سەرەڕای پڕۆسە و هەڵمەتە مێژوویی و هەنووکییەکان، بەڵام توانیویەتی بەرگە بگرێت و بەسەر هەموو ستەم و چەوساندنەوەکان کە لە دژی کراون، زاڵ بێت و کەسایەتییە جیاوازەکەی بپارێزێت و ببێتە نموونەیەک لە خۆڕاگری لە پێناو مانەوەدا. چەوساندنەوە و ستەمکاری توند، ئەو دەستەواژە یاخود گوزارەیەیە کە نووسەر، ڕۆماننووس، ئەکادیمیست و فەیلەسووفی عەرەبی و میسری یوسف زێدان وەک وەسفێک لەبارەی کوردەوە دایهێناوە، هەروەها خاوەنی چەندین پەرتووکی بەناوبانگە، لە سەرووی هەمووانەوە ڕۆمانی عەزازیل کە بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕراوە. لە سۆنگەی تێڕوانین و دنیابینییە فراوانەکەی لەبارەی کورد و مێژوو و ئاییندە و چارەنووسەکەیەوە هەیەتی، ئەڵقەی ئەم جارەی بەرنامەی کورد لە تێڕوانینی هاوچەرخدا میوانداری ناوبراوی کردووە و وەڵامی چەندین پرسیاری هەمەچەشن و هەمەلایەن دەداتەوە.
کوردستان24: ئێوە لە وتارێکدا دۆخی کوردتان بە (چەوساندنەوە و ستەمکاری توند) ناوبردووە، بێگومان چەوساندنەوە و ستەمکاری دوو زاراوە یاخود دوو دەستەواژەن، هیچ وردەکارییەک بۆ ئەم دوو دەستەواژەیە هەیە، لە کاتێکدا باس لەوە دەکەین کە ئەمە بووەتە ناسنامەی کورد و لە خۆیدا کۆی کردووەتەوە؟
یوسف زێدان: واتا نزیکەی سێ هەزار ساڵە، ستەمکاری، واتا ستەمکردن لە کورد، هەروەها ئەو چەوساندنەوەی لە ناوچەکانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی دەکرا، نەک تەنیا لە ئێراق، ئەمە ناونیشانی سەرەکییە بۆ ژیانی ئەو پێکهاتەیە (کورد)، یانیش ئەو پێکهاتە ئیتنیکی و ڕەگەزییە ڕەسەنە. یەکەم تێگەیشتنم لەبارەی ئەو بابەتە، لەوانەیە بۆ نەوەدەکان بگەڕێتەوە، واتا لە سەرەتای نەوەدەکان، ئەو کاتە بوو کە باسی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن سەرۆکی ئەو کاتی ئێراقەوە بەرانبەر بە کورد دەکرا. ئەو کات وەک هەواڵ زانیاریم لەسەر ئەو بابەتە پەیداکرد، بینیم ئەمە پرسێکی ئاسایی نییە، ئەوەشم بۆ ڕوونبووەوە کە پڕۆسەی کۆچپێکردن لە باکوورەوە بۆ باشوور ئەنجام دەدرێت، هەروەها بۆ بەشەش. دیدگایەکی توێژەرانە وای لێ کردم، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەم. هەروەها سەرم لەو بێدەنگییەش سووڕما کە بەرانبەر ئەو پرسە هەیە. واتا هەڵبەتە لە وڵاتانی عەرەبی کەمینە پێکهاتەکانی لێیە، وەک: ئەمازیغ لە ئەفریقیا و سریانەکان و ئەوانی دیکە، بەڵام ئەو سەمکارییە ڕێکخراوە لەو کاتەدا بۆم دەرکەوت، کە بەدواداچوونم بۆ بابەتەکە کرد، بۆم ڕوون بووەوە کە چەوساندنەوەی کورد لە چیرۆکێکی تەوراتیی زۆر سەرسووڕمانەوە دەستی پێ کردووە. ئێمە دەزانین کە کولتووری تەوراتیی یەهودییەکان سەرچاوەیەکی گەورەی پڕە لە ئەفسانە. یەکەم خوێندنەوە بۆ ڕەچەڵەکی کورد عیبرانییەت بوو و شتێکی زۆر نامۆ دەڵێت: بەوەی کە پاشا داود هاوسەری زۆر هەبوون. باسی قورئان و 99 مەڕ و ئەو شتانە دەکەن. مەبەستی ئێمە لە قسەکانمان ئەوە نییە. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، کە عیبرانییەکان ڕقیان لەوە هەبوو کە بە قسەی خۆیان ژمارەیەک لە هاوسەرەکانی داود پەیوەندیان لەگەڵ جنۆکەکان هەبوو! هەروەها دەڵێن: هەندێک دیداری پەنهانییان لەگەڵ جنەکان هەبووە ، دواتر لە جنەکانەوە سکپڕ بوون و کوردیان لێ لەدایک بوو. جا بیر بکەوە! هەڵبەتە تەورات ناسراوە و کولتووری ئەبهانییەکانیش بە ئیدانەکردنی کەمینەکان بەناوبانگە و بەو عەقڵیەتەی ئەوان کورد وەک منداڵی جنۆکە دەمێننەوە، کە لە ئافرەتی دامێنپیس لەدایک بووە. هەروەها ئەبەوییەکان و هەموونییەکانیش کە دانیشتووی ئوردنن، کچانی پێغەمبەر لوێ-ن، کە ئیبراهیم ناردوویەتی بۆ سەدوم. ئەوانیش دوو بوون و یەکێکیان ئامۆزای منی لێ لەدایکبوو، کە باپیری هەموونییەکان بوو و ڕۆژی دواتر لەگەڵ کەسوکارەکەی گەڕایەوە. ئیتر بەم شێوەیە دەگێڕدرێتەوە، لە کاتێکدا دەگوترێت: میسرییەکان و گەلانی عەرەب نەوەی کەنیزەکە میسرییەکەن. ئەو هەموو پاشماوە ئەفسانەیە هەڵبەستراوە و کوردیش خراوەتە ناوییەوە، بەڵام ئەمە وەک بیرکردنەوە ماوەتەوە و مێژوونووسانیش ئاماژەیان بەوە داوە.
کوردستان24: لە پەرتووکە کولتوورییەکان و مێژووی عەرەبی و ئیسلامیدا!؟
یوسف زێدان: بەڵێ، واتا بەبێ هیچ ڕەخنە و لێکۆڵینەوەیەک. هەڵبەتە لەسەر شێوازی ئیبن خەلدون و مەقریزی، واتا ئەو مێژوونووسانە زۆر کەسانی بەتوانان، هەر چی مێژوونووسە کۆنەکان و چیرۆکنووسەکانیشن، کە زۆربەیان یەهودین، هەروەها گێڕەرەوەکان و ئەوانەش کە بە ئیسرائیلییاتەکان ناودەبرێن، بەشێکی تایبەت لە فەرموودەی پێغەمبەردا هەیە و بەشێکی تایبەتیش بە چیرۆکی گشتی هەیە، کە هەڵبەتە ئاگاداری ئەم بابەتە بوون و بە هاوکاری یاریدەدەرەکان بڵاوبووەوە، دوور لەو ئەفسانانە پرسیارم کرد، ئایا ئەو چەوساندنەوە سەدامییە نوێیە؟ نەهامەتییەکانی مرۆڤم لە ناوچەکە بینی، واتا ئەو ناوچەیە، ناوچەی باکووری ئێراق، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتی لە یادەوەریمان بیسڕینەوە، مەبەستم سنووری سیاسییە.
کوردستان24: من لەبارەی بابەتی سنوور و دیدگای تۆ بۆ کوردستان قسەت لەگەڵدا دەکەم.
یوسف زێدان: سەرەتا باسی سنووری سیاسی دەکەین، بەدرێژایی دوو بۆ سێ هەزار ساڵی دوای ئەو سنوورانە شوێنی بەریەککەوتن و جەنگەکان بوون، یۆنانی -فارسەکان و موسڵمان -موسڵمان، واتا بۆ نموونە؛ ئەو هەڵمەتەی محەمەد خوارزمی پاشا بۆ هاتنە ناو بەغدا دەستی پێ کرد و ڕووبەڕووی زریانێکی بەفربارین بووەوە، هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە کورد ئەو سوپایەی لەناوبرد. کاتێک کورد لە ناوچەکە بوون چەندین سوپا بەلایاندا تێدەپەڕین، هەروەها بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە مێژوودا هاتوون، کورد پاشماوەی سوپاکەی لەناو برد، لە کاتێکدا هیچ کەسێک باسی ئەوەی نەکرد: کاتێک سوپایەک هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەی کورد چی بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەهێنێت؟! دواتر عەرەبە موسڵمانەکان لەگەڵ فارسەکان، پاشانیش سەفەوییەکان لەگەڵ عوسمانییەکان، واتا قەدەر پێی خۆش بووە کورد بکەوێتە ناوچەیەک، کە وەک لە هەندێک لە وتارەکانمدا ناوم ناوە (ناوچەی تۆقێنەری جیهان)، بۆیە هەڵبەتە نەهامەتییان بەدەست چەوساندنەوە بینیوە.
کوردستان24: چی وات لێ دەکات ئەو بوێری و خوێندنەوەیەت بۆ کورد و دۆزی کورد و مەرگەساتەکانی هەبێت؟ لە کاتیکدا زۆرێک لە دەستەبژێران (نوخبە) لەو بۆچوونە کشاونەتەوە و ئەگەریش نەکشابنەوە، ئەوا بە ساختەکار ناویانبراوە و تەشهیریان پێ کراوە، چی لە پشت ئەو بوێرییەی تۆیە؟
یوسف زێدان: هیچ شتێک لە پشتییەوە نییە، واتای ئەوەی شێک ڕەنگاوڕەنگ دەکات، مانای وایە شتێکی دەوێت. من بەپێی توانا لەگەڵ داواکارییەکان نەرم و نیانم. دواتریش ئەمە ڕووبەرێکی فراوانی ئازادیم پێ دەبەخشێت، بۆ ئەوەی ئەوە بڵێم کە بەلای منەوە ڕاست و درووستە، واتا تەماعی بە هیچ کەسێکدا نابەم و بە سرووشتی خۆشم هەمیشە هاوسۆزم لەگەڵ لایەنی ستەملێکرا و و ئەوەشم بینیوە، تەنانەت لە زۆرێک لە وتارەکانم و ڕۆمانی عەزازیلیش کوردم بەبیر هێناوەتەوە، بەوەی کە ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی زایین سەرهەڵدەدەن واتا بەر لە هاتنی ئیسلام و دەرکەوتنی کاروباری عەرەبی و ئەو شتانەش، واتا تەنانەت نەوەکەشیان شێواندووە، بۆ نموونە: (پێرت -قۆرد) کە لە سەرچاوە عیبرانییە کۆنەکاندا هاتووە، عەرەبەکان ناویان بە ئەکراد هێنا، لە کاتێکدا ئەکراد لەسەر وەزنی ئەعرابە. پاشان یەکێکی دیکه، واتا کۆمەڵەیەکی دیکە وتییان کورد ڕەوەندی فارسەکانن، ئەمە تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنی ڕاستییەکانە.
کوردستان24: هەروەها هەندێکی دیکەش ڕەچەڵەکیان بۆ عەرەب دەگەڕێننەوە، بەوەی کە لە ڕەچەڵەکدا عەرەبن
یوسف زێدان: مەسعودی و بەشێک لە مێژوونووسە کۆنەکان گوتوویانە: ئەوان لە ڕەچەڵەکە عەرەبییەکانن، بەڵام بەرەو ناوچە شاخاوییەکان هەڵکشاون و دابڕاون، بەڵام سەیری ناوهێنانیان بکە! ئەعراب -ئەکراد، کەواتە کە تۆ دەڵێیت: کوردستان، بۆچی ناڵێیت ئەکرادستان؟! بۆیە لێرەدا وەک ئاماژەمان پێدا، جۆرێک لە ستەمکاری هەیە کە وای لێکردووم هاوسۆزیم بۆیان هەبێت. ئەوان خاوەن شارستانییەتێکی جوان و ئاشتیخوازانەن، بەدرێژایی مێژوو نەمانبیستووە کورد سوپایەکی پێکهێنابێت، وێڕای ئەو هەموو گەورەییەی خۆیان و هێزی ئاوەدانکردنەوەیان و بوێری ئافرەتەکانیان، هەروەک لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ داعش ئەو ڕاستییەمان بینی. واتا لە ماوەکانی ئەم دواییەدا بەهیچ شێوەیەک نەمانبیست کە ئەوان نەتەوەیەکی دەستدرێژکار بن، یانیش پەلاماری شوێنێکیان دابێت و کاولکارییان کردبێت.
کوردستان24: ناوچەی کوردستان بەگوێرەی یەکێک لە وتارەکانت، بریتییە لە پەیوەندییەکی جوگرافی بە سنوورێک دابڕێندراوە، کە لەلایەن خاوەن بەرژەوەندییە باڵاکانەوە لەسەر کاغەز کێشراوە، هەر بەهۆی ئەو نەخشەیەش ئەو سنوورە مردووە کە دەڵێت: (سنوورەکانی مرۆڤ بێسنوورن)، لە ڕووی مێژووییەوە چۆن دەڕوانیتە کوردستان؟
یوسف زێدان: هەڵبەتە کوردستان لە رووی مێژووییەوە بە بەراورد لەگەڵ کوردستانی ئەمڕۆ. لێرەدا هەندێک خاڵی ئەرێنی و هەندێکی نەرێنیش هەن، ئاشکرایە دۆخی ئەمڕۆی کورد زۆر باشترە و پێشم وانییە ناوچەی کوردی لە ئێراق، وێڕای بوونی کێشەگەلێک، بەڵام ئەو ئارامییەی ئێستا هەیە و ئەو ئاوەدانییە بەهێزەی لە هەولێر لەئارادایە. من دوو جار بە چاوی خۆم بینیومە، هەروەها ئەو خزمەتەی پێشکەش بەو شوێنە دەکرێت و ئەو سەقامگیریەی لەناو ماڵەکاندا هەیە بەر لە چەند ساڵێکی دوور، لەئارادا نەبوون. لەگەڵ ئەمەشدا کوردی ئێستا میراتێکیان لە بیرۆکەی جیابوونەوە لە سەردەمانی ڕابردوو بۆ ماوەتەوە، واتا بۆ نموونە ئەوان بەر لە ساڵی 1950 هیچ هێڵێکی سنووری نەبوو کە خاکی وڵاتانی ئێراق و سووریا لێک جیا بکاتەوە، بە هەمان شێوە هیچ سنوورێک لەنێوان کوردی باکووری سووریا و کوردی باکووری ئێراقدا نەبوو، ئامەد بەشێکی دابڕاو نەبوو لە کوردستانی ئێراق، هەروەها پارچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە کەوتووەتە ناو سنووری سیاسیی ئێران و لای هیچ کەسێک شاراوە نییە کە بەدەست زۆرێک لە نەهامەتییەوە دەناڵێنن، بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو، بەشێوەیەک ئێستا سنووری سیاسی و یاریی سیاسی، بیرم دەکەوێتەوە جارێکیان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان شتێکم لێ بینی، کە شتێکی زۆر خەراپ بوو، پێموابێت ساڵی 2007 یانیش 2008 بوو، واتا بەر لە نزیکەی 15 ساڵ، زیاتر لە جارێک ئەو سەردانی میسری کرد و وتارێکی لە زانکۆی قاهیرە هەبوو. سەرەتا وام زانی ئەو پیاوە باسی سەربردەیەکی باش و مێژوویی دەکات، بەڵام بینیم باسێکی سۆزداری کردە هەروەها بیرم دەکەوێتەوە و هێشتا دەستەواژەکانی ئەوم لەیادە و دەیوت: ئێمە مرۆڤین! ئاقوبەتمان مردنە! هەروەها بانگەوازی بۆ ئیسلامەتییەکی جوان دەکرد، لە هەمان کاتدا فڕۆکەکانی کورد هێرشی سەر ئامەدیان دەکرد! لە هەمان ئەو کاتەدا بوو کە وتارەکەی پێشکەش دەکرد، کەواتە ئیسلامەتیی چی؟! و ئەو قسە پڕوپووچانە چین دەیکەیت! تۆ باسی مردن دەکەیت و هەروەک پیاوێکی سۆفی بێت، لە هەمان کاتدا فڕۆکەکانی خۆی لە هێرشدا بوون، هەڵبەتە ئەگەر بێدەسەڵاتی کورد نەبوایە لە ئامەد، ئەوا وەڵامی دەدرایەوه، هەروەها ئەو ململانێ و یارییە سیاسییە، دواتر بەسەربازکردنی کۆمەڵێک کورد لەلایەن ئێرانەوە و بە سەربازکردنی کورد لە دەیەکانی ڕابردوو لە ئێراق، ڕاستییەکەی ئەم یارییە سیاسییانە بوونە هۆی چەوساندنەوەیەکی توند، ئێستا کورد لە ئێراق دەرفەتێکی باشیان هەیە، هەر بۆیە لە هەولێر بەئاشکرا لە پێشانگای پەرتووک هۆشداریم دا لەوەی کورد داوای سەربەخۆیی لە ئێراق بکات، چونکە ئەمە کارەساتە هەم بۆ کورد و هەمیش بۆ ئێراق، هەردووکیان بەمە لاواز دەبن. هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە، ڕۆژێک دێت، ئەم یارییە سیاسییانە کۆتایی دێن و زمان سەردەکەوێت و مێژوو و ئیرادەی گشتیش سەردەکەون و دووبارە نەخشەی ئەو ناوچەیە دادەڕێژرێتەوە، کە بە دڵنیاییەوە ئەم داڕشتنەوە نوێیەی ناوچەکە بەڕێوەیە، بەڵام ئێستا نا. من ئەوەم وت و تا ئیستاش سوورم لەسەر ڕای خۆم و هێشتا ئەو ڕایەی خۆمم نەگۆڕیوە.
کوردستان24: ئاماژەت بەوە کرد، کە کورد مێژوویەکی درێژ کۆیان دەکاتەوە، بەڵام مێژوو لەلایەن کەسانی بەهێز و سەرەکەوتووەکانەوە دەنووسرێتەوە، بە چاوی بیرمەندێکی عەرەبی چۆن سەیری مێژووی کورد دەکەیت؟
یوسف زێدان: پێویستە بە چاوێکی بێلایەن سەیری مێژوو بکرێت نەک بە چاوێکی عەرەبی یان عیبرانی یاخود فەرەنسی. مێژوو دەڵێت: کە ئەم نەتەوەیە تەنیا یەک مێژووی هەیە و یەک هەرێمیش بۆ ئەو پێکهاتەیە هەیە و ئەوەش ڕەت دەکاتەوە کە ڕەوەند بووبن و لە شوێنێکی دیکەوە هاتبن، هەروەها سەر بەو گەلە گەڕۆکانەش نین کە بەردەوام شوێنی خۆیان دەگۆڕن و لەناو خێمەدا دەژین. ئەوان خاوەنی خاکن و خاکەکەشیان تایبەتمەندی و جوانی خۆی هەیە. هەورەها ئەوان خاوەن زمانی خۆیانن و خاوەن چەندین نەهامەتین کە هەموویانی کۆکردووەتەوە، دواتریش هێزی کورد بە شێوەیەکی گشتی لەو چوار وڵاتەی بەسەریدا دابەشکراون، خۆی لە مێژوو و زماندا دەنوێنێت.
کوردستان24: داوای لێبوردنێکی تۆ هەیە لەسەر دەستەواژەی (تۆ دەمکوردێنی)، چیرۆکی ئەمە چییە؟
یوسف زێدان: بەڵێ، من نەمدەزانی. واتا بەر لە 25 ساڵ ئاگاداری میحوەری مەترسیداریی دۆزی کورد نەبووم، جا کاتێک ویستم بەدوای ئەو بابەتەدا بچم و وردبینیی بۆ بکەم، وەک هەمیشە من لە زمانەوە دەستپێدەکەم، دواتر بە مێژوو، پاشانیش بە گۆڕانکارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی لەو دیاردەیە تێبگەم، لە زمان تێبینی ئەوەم کرد، هەڵبەتە لە زمانی گشتی نەک ڕێزمانی، دەڵێن: (من لای فڵانە کەس کارم کرد، بەڵام ئەو منی کورداند) منی کوردانت، واتا مافی منی بەتەواوی نەدا، یاخود فێڵی لێ کردم و مافی منی نەدا، ئەمە وەک سکاڵایێکە لە کەسی سکاڵالێکراو، کەواتە بۆچی ئەوی کورداند!؟ واتا ستەمی لە بەرانبەر کرد.
کوردستان24: واتا خۆی لێ پاراستووە؟
یوسف زێدان: نەخێر. واتا مافی ئەوی نەداوە، ستەمی لێ کردووە. ئیتر لە هۆشیاری گشتیدا وای لێهات کە کەسێک ستەمی لێ بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، بە کورد دەچوێنرێت. وشەی کورداندن هیچ ئیهانەیەکی تێدا نییە و هیچ مەبەستێکی زیانگەیاندن بە کوردیش تێیدا نییە، بەڵکوو مەبەست لێی مافخوراوی و ستەمکارییە. دواتریش هەروەک لە زمانی گشتیدا، مەبەست لێی نیشاندانی چەوساندنەوەی کوردە لە ناوچەکە، بەوەی کە هەمیشە کورد ستەمی لێ دەکرێت و مافەکانیان بەتەواوی نادرێت. کاتێک کەسێکی ئاسایی لە میسر دەڵێت: (فڵان کەس منی کورداند) مانای وایە کە مافی منی بەتەواوی نەداوە، هەروەک بڵێی من کورد بم!
کوردستان24: بەشێک لە دەستەبژێرەکان (نوخبەکان) گەلی کورد و پرسی کوردیان بۆ ئەوە گۆڕیوە، کە لە بری ئەوەی وەک بەشێک لە چارەسەری نیشان بدەن، وەک بەشێک لە کێشە نیشان دەدەن. ئێمە چۆن دەتوانین ئەو بابەتە بگەڕێنینەوە بۆ بنەچە ڕاستەقینەکەی بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئیئتیلاف پێکبهێنین، نەک لەسەر جیاکاری؟ بۆ ئەوەی لە زیندووکردنەوەی ململانێ و دژایەتییەکان دوور بکەوینەوە! تۆ وەک ڕۆماننووس و فەیلەسوفێک چیت بۆ ئەمە هەیە؟
یوسف زێدان: من وا دەیبینم، کە پەیوندی نێوان ئیتنیکی عەرەبی و ئیتنیکی کوردی، زۆر بەهێزە و ڕەهەندی پەیوەندی تێیدا لە ڕەهەندی جیابوونەوە زیاترە.. ڕاستە کە ستەمکارییەکی دڕندانە بە درێژایی مێژوو دەرهەق بە کورد کراوە، کە بەشێک لە ستەمکارەکان عەرەب بوونە، وەک دەوڵەتی عەباسی، بەڵام نزیکی لە لۆژیکی دیالۆگی نێوانیان و لە مێژووی هاوبەشیان هەر بەردەوام دەبێت. کاتێک دەزانین کە عەبدولقادری گەیلانی لە وڵاتی فارسەوە هاتووە و لە بەغدا ژیاوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری قوتابیی هەبووە و شێخی زۆر لەبەردەستی هەڵکەوتوون. یەکێک بووە لە نموونەکانی کوردی. لێرە سینەمای میسری زۆر شانازی بە عەلی بەدرخان، دەرهێنەری بەتوانا دەکات.
کوردستان24: یەکەم چاپخانە لە میسر ئەو کردییەوە؟
یوسف زێدان: من باسی بەشداری خەڵک دەکەم، بەڵام بەشداریکردنی ڕووداوەکان، ئەوا نموونەی زۆری هەیە، بە ئاوڕدانەوەیەک لە هەندێک لە ستەمکاران، دەشزانن من مەبەستم کێیە، یاخود ئەوەی بە دەوڵەتی قووڵ ناودەبرێت و کار لەسەر لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە دەکات. کورد و عەرەب هەر بەمشێوەیە دەمێننەوە، لە کاتێکدا هەردووکیان موسڵمانن، هەردووکیشیان بە هەمان دۆخدا تێدەپەڕن، هەروەها هەردوولاش گەمارۆی ئابوورییان دەخێتە سەر.
کوردستان24: جەنابت باسی ئەوە دەکەیت کە هەردووکیان موسڵمانن، بەڵام عەرەب سوورە لەسەر ئەوەی کە بە بێباوەڕ و جوداخواز وەسفی کورد بکات.. ئەمەش زۆر لە ئەدەبیاتی ژمارەیەک لە ئیسلامییەکان و هەندێک لە عەرەبەکاندا ڕەنگیداوەتەوە، واتا ئەگەر تۆ جیاواز لەلایەنی بەرانبەر بیر بکەیتەوە، دەکرێت تۆ بڵێیت لەبەر ئەوەیە کە سیاسەتێکی شکستخواردووی هەیە.. یاخود دیدگایەکی کورتمەودای هەیە، بەڵام کاتێک دێیت و بەوە وەسفی ئەوان دەکەیت، ک ئەوان جوداخواز و بێباوەڕن، ئەمە فەرهەنگێکی بەئامانجگیراوە و لەلایەن هەندێک وڵاتی خاوەن هەژموونی دراوسێ لە ناوچەکەوە ئاڕاستەکراون و لە عەقلیەتی عەرەبی و موسڵماندا جێگیرکراوە.
یوسف زێدان: جوداخوازی ئەگەر خۆجیاکردنەوەیەکی ویژدانی و پاساو هەڵگریش بێت، بەڵام هەڵەیە، من ئەمەم بە ڕاشکاوانەش باسکردووە، هەرچی ئەوەشە کە ئەوان موسڵمانن یانیش موسڵمان نین، ئەوا ئەو کەسە گەمژەیە کە ئەم جۆرە قسانە دەکات، چونکە زۆر بەسادەیی و بە بنەمایەکی شەرعی پێی دەڵێین: بۆ نموونە تۆ دڵی ئەوت شکاندووە و بڕۆ سەیری مزگەوتەکانی کوردستانی ئێراق و ئامەد بکە. مێژووی هاوبەش، بوونی کەسایەتییە سۆفیگەراییەکان، ئایا ئەمانە هەموویان موسڵمان نین؟ یان چی؟ دواتر مافی هیچ کەسێک نییە بڕیاری لەسەر بدات، ئایا ئەو موسڵمانە یانیش بێباوەڕە، تۆ چیت بەسەرهاتووە؟ وەک خۆت بمێنەرەوە، واتا تەواو، کاتێک ڕۆژی قیامەت خودا ئەوان پاداشت و سزا دەدات، ئەو ئەوانی خوڵقاندووە، خۆ تۆ نەتخوڵقاندوون.
کوردستان24: ئەمە نامانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بیرۆکەی جەنابت لە سەرەتا باستکرد؟ واتا بابەتی یاری سیاسی لە هزری کۆمەڵدا لێرە و لەوێ، وەسفکردنی کورد بە جوداخواز، ئەمە نە لە کۆمەڵگەی عەرەبی و نە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، بەڵام لە سیاسەتی هەوندێک وڵاتدا هەیە، کە بەڕاستی دەیانەوێت جۆرێک لە کێشە لەنێوان کورد و عەرەب درووست بکەن؟ بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ ئەو جۆرە زاراوانە بردووە؟
یوسف زێدان: یەکەم شت، گشتاندن لێرەدا شتێکی ڕاست نییە، واتا حاڵەتێک لەنێوان کورد و عەرەب، سەرجەم عەرەبەکان وا نین، ئەمە بە ڕێککەوت بووەتە دەسەڵاتدار لە ناوچەیەکی عەرەبی و ڕەکوتکاریی کردووە و بووەتە دیکتاتۆر و ستەمی لە هەمووان کردووە، ئەمە تەنانەت کەسوکارەکەشی کوشتووە، کەسانی نزیک لەخۆی کوشتووە، دواتریش ستەمکارییەکانی دەرهەق بە کورد، پەیوەست نەبوو بە کۆمەڵەیەکی دیاریکراو، واتا بەرهەڵستکارانی کوشتووە و کەسوکاری خۆی کوشتووە و...هتد.
کوردستان24: تەنانەت ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافیەی بەمدواییانە لە سووریا لە ناوچە کوردییەکان کراوە، کورد لە عەفرین و دەوروبەری کۆچیان پێکرا، واتا ئاوارەکردن و ڕیشەکێشکردنی کورد لەو ناوچانە، ئێوە چۆن سەیری ئەم بابەتە دەکەن؟ کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە دەستێکی سیاسییەوە لە زێدەکەی دوورخراوەتەوە؟
یوسف زێدان: نەخێر، ئەمە بە دەستی دەسەڵاتدارێکی سەرکوتکار کراوە، خوێندنەوەی من لێرە بۆ قسەکانت، کورد و عەرەبن، بەڵام ئەوان کورد و عەرەب نین، عەرەب بە گشتی هیچ دەستێکیان لەمەدا نییە.. ئەمانە کۆمەڵێک بڕیارن و لەلایەن هەندێک فەرمانڕەوای خاوەن هەژموونەوە لە وڵاتەکەیا دەردەکرێن، یاخود لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە دەردەکرێن، هەروەک لە داعش بینیمان، کاتێک داعش چووە ناو باکووری سووریا و ڕووی لە ڕۆژهەڵات کرد، ئایا هیچ جیاوازییەکی کرد کە بڵێت: ئەمە کوردە و ئەمە کریستیانە و ئەمە ئێزدییە؟ ئەوانەی ڕووبەڕووشیان بوونەوە، ئەوانە کورد بوون کە هەڵوێستێکی زۆر باشیان نواند. هەروەها موسڵمانە شیعەکانیش بە هەمان شێوە هەڵوێستیان باش بوو، واتا لە باشوورەوە هاتن و لەم بابەتەدا هاوکارییان کرد، خۆ ئەوانیش عەرەب بوون، لە کاتێکدا مەزهەبی ئایینی ئەوان شیعە بوون و کوردیش سوننە بوون، چونکە مەترسییەکە لە ئێراق هاوبەش بوو، کورد لە ئێراق گەورەترین ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا گێڕا و هاوکار بوون لەگەڵ عەرەبەکان، واتا عەرەبە موسڵمانەکان. کەواتە پێویستە وردبینی بۆ پرسەکە بکەین و گوتەکان نەگشتێنین، چونکە دواجار بە شێوازێکی هەڵە کۆتایی دێت، ئەگەر بڵێن عەرەب ستەمی لە کورد کردووە. نەخێر، ئەمە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری گەمژە و خوێنمژ بوو و بە یەکسانی ستەمکاریی دەرهەق بە کورد و عەرەب و هەموو کەسێک دەکرد، چ لێیەوە نزیک بێت یانیش دوور، ئەگەر پێچەوانەی ئەو بیری بکردبایەوە.
کوردستان24: زۆرێک کورد بە مەیلی جوداخوازی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لە بەرانبەردا زۆرێک لە دەستەبژێرەکان (نوخبە) بەرانبەر ئەو وەحشیگەرایەتییە بێدەنگن، کە لە ئێراق یان لە سووریا دەرهەق بە کورد کراون، لە سووریا بەشێکی زۆری کورد بەبێ ڕەگەزنامە و هیچ پێشنەیەک دەژیان، لە ئێراقیش لێیان دراوە و ئێوەش ئاماژەتان بەمە دا. ئایا ئەمە ئاماژە نییە بۆ دڕندایەتی ئەو ڕژێمانە، یانیش لۆمەکردنی ڕەخنەی لایەنی چەوسێندراو نییە کە دەیەوێت لەو نەهامەتیانە ڕزگاری ببێت و تەنانەت ئەگەر بەهۆی ئەو ستەمکارییانە لە هەموو ئەو نەخشەیەش شاربەدەر بکرێت کە خاکەکەیەتی؟ کە بەهۆی ئەو ستەمە بەسەریدا هاتووە، بەشێک لەو ڕژێمانە دەستەواژەی جوداخوازیان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە و تۆش دژی ئەو دەستەواژەیەیت، هەروەها دواتر زاراوەی بێباوەڕ بەکار هێندرا، تۆ دژایەتی ئەوەشت کرد، بەڵام ئێستا ئەو ڕاستییە بوونی هەیە، لە هەندێک ناوچەی سووری کە دانیشتووانەکانیان کورد و عەرەبن، هندێک لە عەرەبەکان دووپاتیانکردەوە کە ئەوان قبووڵ ناکەن هیچ کوردێک فەرمانڕەواییان بکات، ئەم دابڕان و جیاکارییە ویژدانییە پێشتر نەبوو، بەڵام هەندێک وڵاتی دراوسێ لەڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا و ئەو بابەتەیان بۆ جۆرێک لە یاخیبوونی ناوخۆیی لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیە گۆڕی، چۆن ئەم پرسە لێک دەدەیتەوە؟
یوسف زێدان: بەباوەڕی من ئەمە شەپۆلێکی نوێیە لە شەپۆلەکانی سیاسی، کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کۆمەڵگەکان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانییەوە.. ئایا هیچ کۆمەڵگەیەک لە هیچ شوێنێک لە جیهان هەیە کە هەموویان وەک یەک بن؟ نەخێر. واتا، لە میسر موسڵمان و قبتییەکان هەن، هەروەها لە سەعید و دەلتا. هەروەها لە ئەمازی شارستێدانییەتەکان لە شارە گەورەکانن و لادێییەکانیش لە زێدی خۆیانن لە لادێکان.. لە کاتێکدا ئەم شیرازەیە هاوئاهەنگ دەبێت بۆ ئەوەی چارەنووسی گشتیی میسر درووست بکات.. لە سووریاش بە هەمان شێوە سووریا کەی تەنیا یەک شیرازەی هەبووە! ئەم فرەجۆرییە میراتێکی دەوڵەمەند دەبەخشێت. حەلەب لە دیمەشق جیاوازە. واتا ڕیتمی ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک و هەموو شتێک جیاوازن، باشە چ کێشەیەک لەنێوان سوەیدا، کە پارێزگایەکی دورزییە و یەکگرتوون لەگەڵ ناوچەکانی باکوور هەیە کە عەلەوین؟! هەروەها لەگەڵ سوننە لە ناوەڕاست لە ناوچەکانی حومس و حەما و تا دوایی. هەروەها سریانیش هەن سەربە کڵێسای سریانین. ئەم فرەرەنگییە کراوەتە دەروازەیەک بۆ ململانێ و بەڕووی یاری سیاسیدا کراوەتەوە بۆ ئەوەی فیتنە بنێتەوە. جا بۆیە بە خەڵک دەڵێم: عاقڵ بن و ئەگەر ئێوە موسڵمان بن، ئەو وتەی خودا جێبەجێ بکەن، کە دەڵێت: ناکۆک نەبن، ئەگینا شکست دەهێنن و ئاسوودەییتان تێک دەچێت.. پەندیش لە فەرمانڕەوا لە ڕەسەنایەتییەکەیدا نییە، بەڵکوو لە ڕەفتارەکانیدایە، واتا ئەو کات چی دەبوو کە ئەم فەرمانڕەوایە فریشتەیەک بوایە و لە ئاسمان بهاتبایە خوارەوە!.. واتا چەرچەرل، سەرکردەی بەریتانی وتی: لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەی، ئەو ئامادەیە هاوپەیمانێتی لەگەڵ شەیتان بکات، بەمشێوەیە توانی وڵاتەکەی لە کاریگەرییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی ڕزگار بکات.. هیچ کەسێکیش نەیپرسی ئایا کڵێسای چەرچەل کامەیە؟ هەروەها نەیانپرسی حەزی ئەدەبی و زمانەوانی ئەو چییە؟! تەنیا سەیری ڕەفتارەکانی دەکرا، ئێستا باکووری سووریا لە ناوچەی ڕەققە عەرەبی لێیە، لە هەمان کاتدا کوردیشی لێیە و لەناویان هەیە تەنانەت لە ئەدەبی عەرەبیشدا ناوبانگیان دەرکردووە و هەموومان هۆنراوەکەی مەحمود دەروێشمان دێتەوە یاد، ئاماژە بە کورد دەکات و سەلیم بەرەکات کوردی سووریا نووسیویەتییەوە، لە هۆنراوەکەدا ئاماژەیەک هەیە بۆ هاوبەشی لە ناهەمتییەکان لەنێوان کورد و فەلەستینییەکان. ئەمەش هاوبەشییەکە هیچ کەسێک قسەی لەبارەیەوە ناکات. کەواتە لێرەدا ڕۆڵەکە دەکەوێتە سەر هەموویان کە عاقڵ بن و نەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەو یارییە سیاسییە بێ بەهایە.
کوردستان24: تۆ چەند جارێک سەردانی هەولێرت کردووە، لە گفتوگۆکەشمان ئاماژەت پێیدا، تۆ چۆن هەولێرت بینی، لە ڕووی پێکەوەژیان و حاڵەتی گشتی لەو شارە؟
یوسف زێدان: هەڵبەتە شوێنەکە ناوازەیە، بە ناویدا گەڕاوم و سەردانی قەڵا و شوێنە کۆنەکانیشم کردووە، هەروەها پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێزیشم لە بواری ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکە لەگەڵ کورد هەیە.
کوردستان24: چیرۆکەکەشت وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی!
یوسف زێدان: عەزازیل دوو جار وەرگێڕراوە، هەروەها بە گشتی پێنج تا شەش لە بەرهەمەکانم وەرگێڕراونەتە سەر زمانی کوردی، تەنانەت لە ڕووی مافی چاپ و وەرگێڕانیش وەرگێڕەکان ڕێکارەکان ناگرنە بەر و تەنیا نامەیەکم بۆ دەنێرن و دەپرسن، ئایا دەتوانین ئەم پەرتووکە وەرگێڕین؟ منیش بەیەک وشە پێیان دەڵێم زۆر ئاساییەوە وەرگێڕانی بۆ بکەن. واتا ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی. تەنانەت کاتێک لە پێشانگای نێودەوڵەتی پەرتووک بووم لە هەولێر، یەکێک لە هاوڕێ کوردەکانم، عەزیز بەختیار لە ئوتێلە عەرەبییەکە کۆپییەکی وەرگێڕاوی بەرهەمێکی منی هێنا و وتی: کەسێک ئەم بەرهەمەی تۆی وەرگێڕاوه، بچین مافی تۆی لێ بسەنینەوە؟ منیش وتم: نەخێر ئەمە خۆشەویستییە و هیچ پەیوەندیی بە مافەوە نییە. واتا گرنگی بەو بابەتە نادەم، جا لە فەخری کەریمەوە تا سەعدون سوورچی و ئەوانی دیکە. واتا خەڵکانێک لەوێ هەن لە دڵی منەوە نزیکن، هەروەها شوێنەکەش زۆر جوانە، تەنانەت ماسی برژاویش لەوێ تامێکی دیکەی هەیە، لەوانەیە ئەمەش بەهۆی سرووشتی ڕاڕەوی ڕووبارەکەوە بێت و تا دوایی، بەڵام من ئەم شوێنەم خۆش دەوێت و ئەو کەسانەشم خۆشدەوێن کە لە دڵمەوە نزیکن.
کوردستان24: ئێستا چی پێویستە؟ واتا دەمانەوێت بزانین تۆ چیت هەیە بۆ پەیامی گەلی عەرەب بۆ کورد؟
یوسف زێدان: دەست لە ناکۆکی گەمژانە هەڵبگرن، ئەوەش بزانن کە هەر کەسێک چەک بەکاربهێنێت، زۆر بە سادەیی ئەو کەسە تاوانبارە، پێیان نەڵێن موسڵمانی توندڕەو، پێیان نەڵێن لەلایەن هەواڵگری ئەمەریکا یان تورکیا و وڵاتێکی دیکەوە هاندراوە. نەخێر، سەیری کردەوەکان بکەن، لەنێوان خۆتان چەک لە ڕووی یەکتر بەرز مەکەنەوە، تەماعییە بۆماوەییەکانی سەردەمانی دژایەتی فەرمانڕەوایەتی ناختان بکات. هەروەها خۆتان لە میراتی نەهامەتییەکان بێبەری بکەن و وڵاتەکەتان ئاوەدان بکەنەوە. هەروەها شارەکانتان، کێڵگەکان و کۆشک و تەلارەکان، گرنگی بەوە بدەن کە واز لەو دونیایە بهێنن، کە ئێستا باشترە لەو سەردەمەی کە ئێوە بۆی هاتن، بەمشێوەیە وڵاتان ئاوەدان دەکرێن.
کوردستان24: واتا عەرەب بۆ کورد؟
یوسف زێدان: هەردووکیان.
کوردستان24: کەواتە سەبارەت بە نوخبە چی؟ نوخبەی عەرەبی و هەروەها کوردیش؟
یوسف زێدان: ئەوان چەقبەستوو بوونە و لەسەر هیچ شتێک لۆمەیان ناکرێت، واتا لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا ئەوان پەڕ و باڵیان شکاوە و خودا بارگرانی زیاتر لە توانای هیچ کەسێک بەسەریدا ناسەپێنێت.
کوردستان24: سیستەمە سیاسییەکان چی؟!
یوسف زێدان: هیچ سوودێکیان نییە! واتا حیسابیان بۆ ناکەم و وتارەکەشم ئاڕاستەیان ناکەم، وتاری من بۆ خەڵکە.
کوردستان24: واتا بۆ خەڵک بە گشتی! بۆ هەموو خەڵک، لەمیانەی بەدواداچوونم بۆ کاروباری کوردی، دەمەوێت بۆ تۆ ئاماژە لە هەندێک خاڵ بکەم، هەروەها دەمەوێت گوێم لێت بێت، کە ئایا دەکرێت پەیوەندییەکی ستراتیژی و پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەنێوان پێکهاتەکان لەسەری بوونیات بنێین؟ ئەویش ئەوەیە: تێکۆشانی چەکداریی کوردی لە دژی ڕژێم بە دیاریکراویش لە ئێراق، لە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکی سڤیلی نەکردووەتە ئامانج، ئەمە لە کاری چەکداری کورد سەلمێندراوە، کاتێک لەناو ئێراق بەرگری لە مافەکانی دەکرد. دووەم: لە ساڵی 1991 و دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، سوپای ئێراق خۆی ڕادەستی کورد کرد، کە هەمان ئەو سوپایە بوو کە پڕۆسەی ئەنفالی ئەنجامدا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سەربازێکی ئێراقی نەکوژرا، بەڵکوو داوایان لێ کرا بگەرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. هەروەها لە شەڕی ناوخۆیی لە ساڵی 2003 هەموو عەرەبێکی ئێراقی و غەیرە ئێراقی، کە هانایان بۆ کوردستان هێنا. بۆ ئەوەی ڕوونتر بڵێین، ژمارەیان گەیشتە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسی عەرەب لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت دوای ڕووداوەکان و شۆڕشی سووریاش، زۆرێک لەوانەی ئاوارە بوون، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام هیچ کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان گلەیی ئەوەی نەکرد کە قەیرانی ناوخۆیی بەهۆی پەنابەران و کۆچبەرانەوەیە، وەک هەندێک وڵات ئەو گلەییە دەکەن و بەو کارتە هاوکاری کۆدەکەنەوە، دوای شکستیان، دەکرێت ئێمە چی لەسەر ئەو خاڵانە بوونیات بنێین؟ واتا ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێدان: ئاشتیخوازی خەباتی کوردی، پەسەندی پێکەوەژیان بەبێ جیاکاری، قبووڵکردنی فرەڕەنگی بەبێ جیاکاری ڕەگەزی، دوو ملیۆن و نیو؟
یوسف زێدان: لێرەدا ڕووداوگەلێک لەم ڕوانگەیەوە هەن، هەمووشیان بەوپەڕی سادەییەوە دەڵێن: با لە حاڵەتی میراتی نەهامەتییەکان بەرەو داهاتوویەکی باشتر دەربچین. من ئەو قسانە بۆ کورد و بۆ عەرەبیش دەکەم، چونکە زۆرێک لە کوردەکان لێرە لە میسر دادەنیشن و بەرەوپێشچوون و ڕێزیان لێ گیراوە و تا ئێستاش ڕێزیان لێ دەگیرێت.. تەنانەت خەڵکی میسر سەسام دەبن کاتێک دەزانن ئەو کەسە لە ڕەچەڵەکدا کوردە. هەروەها پارێزگارییان لە ناسناوی خۆیان کردووە، لەوانەش: محەمەد خانی دەرهێنەر، عەلی بەدرخان و تا دوایی، چونکە ژمارەیەکی زۆری دیکەش هەن. جا ئەمەیان کردووەتە نموونە. کورد دوای ڕووداوەکانی داعش من خۆم لەوە دڵنیا بوومەتەوە، کە لە ڕۆژگاری ململانێیی کوردی -کوردی، زۆر بەهێزتر بوو، بەڵام عەقل بەسەریدا زاڵ بوو و دۆخەکەی هێورکردەوە. هەروەها پێویستمان بە هێوربوونەوەی زیاترە، چونکە هێشتا نەهامتییەکان چاویان لێیە و ناوچەکەش دەستبەرداری هەڵچوون نابێت و زۆر ئاسانە ناکۆکییە کۆنەکان نوێ بکرێنەوە و هێشتا کۆتاییمان پێنەهێناوە.. بۆیە با واز لە ڕابردوو بهێنین و تەنیا لێی تێبگەین، ئینجا چاومان زیاتر لەسەر ئاییندە بێت.
کوردستان24: دوای شکستی چارەسەری سەربازی بۆ لەباربردنی کورد و دۆزی کورد و داواکاریی مافەکانیان، هیچ پێشنیازێکی دیکە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد بەشێوەیەکی دادپەروەرانە؟
یوسف زێدان: نەخێر، من گوتەکانم ئاڕاستەی دەسەڵاتداران ناکەم. من ڕووی قسەکانم لە خەڵک دەکەم و پێیان دەڵێم: سەبر بگرن و ئارام بن، سەرکوتکارییەکانی ناوچەکە کۆتایی دێن، واتا سەرکوتکاری ناوچەی ئەنادۆڵ و ناوچەی عەرەبی. هەروەها لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش یاریییە سیاسییەکە لاواز دەبێت و دەرفەتێکی باشترمان بۆ دەڕەخسێت بۆ داهاتوویەکی باشتر.
کوردستان24: پێشنیازی تۆ وەک چیرۆک نووس و ئەدیب و مێژوونووس و فەیلەسوفێک چییە بۆ گەڕاندنەوەی بە یەکەوەبوون و پێکەوەژیان؟
یوسف زێدان: پێوەیستە بە نەهامەتییەکانی ڕابردوو و بۆماوەییە چەپەڵەکانی دەربچین و بە چاوێکی پاک لە داهاتوو بڕوانین.
کوردستان24: کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان گەیشتوونەتە ئەوەی کە پێی دەگوترێت: کۆمەڵگەی فیدراڵی کە هەموویان لە پێکەوە ژیاندان و ئیدارەی هاوبەش و کۆک لەسەر پاراستنی مافی تاکەکانی هەن. ئایا دەکرێت ئێمەش پەیڕەوی ئەو ڕێبازە بکەین؟
یوسف زێدان: هەڵبەتە دەتوانین. هەروەها لە واقعیشدا ئەوە هەیە و ئاماژەشم پێیدا، بۆ نموونە وڵاتی مەغریب، هەموو وڵاتی مەغریبی گەورە عەرەب و ئەمازیغی لێیە. لە میسر ئەمازیغ و کریستیان و موسڵمان و زۆرێک لە پێکهاتەکان هەن. ئەو بەناویەکداچوونەش بۆ ئەوە ڕوودەدات، تا کۆمەڵگەکان درووست بکەن، جا بە هۆشیاری و ژیرانە و وریایی پێویست بۆ درووستکردنی داهاتوو، ناوچەی کوردی دەتوانێت بەرەو باشتر هەنگاو بنێت. هەروەها ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئاییندەدا کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووری سیاسی وەک هەمیشە دەبێتە ئوممەتێکی گەورە و پایەدار.[1]