هیڤیدار زانا
پەڕڵەمانتارێکی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، چەک دابنێن و لە ڕیزەکانی دەمپارتی سیاسەت بکەن، داواش لە دەم پارتی دەکات پشت بە پەکەکە نەبەستن و تەنیا داواکاریی سیاسییان هەبێت.
محەمەد مەتینەر، پەڕڵەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، ڕۆژی #04-11-2024# لە بارەگای سەرەکیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ ماوەی 90 خولەک لەگەڵ #دەوڵەت باخچەلی# کۆبووبووەوە و باسیان لەو پێشنیازانە کردبوو کە هاوپەیمانیی جمهوور لەبارەی کورد خستوونییەتە ڕوو.
ڕۆژی#5-11-2024# محەمەد مەتینەر، پەڕڵەمانتاری پێشووی ئاکپارتی بووە میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 15.00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو. ڕایگەیاند، مەرجی سەرەکیی ئەو پڕۆسەیەی باسی لێوە دەکرێت، دانانی چەکە بە شێوەیەکی یەکجارەکی.
محەمەد مەتینەر هەروەها ڕەخنەی تووندی لە دەم پارتی گرت و بە پارتی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی برد.
لەبارەی ئەو هەڵمەتی قەییومەی لە باکووری کوردستان دەستیپێکراوە و سێ لە سەرۆکشارەوانییەکانی دەم پارتی لەکار لادراون مەتینەر وتی: ژمارەیەکی زۆر زانیاری و بەڵگە هەیە لەبارەی ئەوەی بەپێی ڕێنمایی پەکەکە و کەجەکە، دەسەڵات و توانای شارەوانیی بەکارهێناوە و هەر لەسەر خەرجیی شارەوانی ناوەندی کردوونەتەوە کە لەڕێیەوە گەنجان قایل کراون بۆ ئەوەی بنێردرێنە شاخ. هەروەها لەبارەی ئەو سەرۆکشارەوانییانەی لەکار لادراون، بڕیاری دادگە هەن. دەوڵەتێکی یاسایی لەسەریەتی بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ بکات.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ محەمەد مەتینەر
ڕووداو: حکومەت، دەسەڵاتی تورکیا بەر لە هەفتەیەک باسیان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد. دوای چەند ڕۆژێکیش قەییومان لەسەر شارەوانییەکان دانا. ئایا ئەو دوو شتە بەیەکەوە دەگونجێن؟ ئەگەر دەگونجێت، ئەنجامێکی چۆنی دەبێت؟
مەتینەر: سەرەتا دەمەوێ ئەمە ڕوون بکەمەوە، ئەو پڕۆسەیەی کە بە پڕۆسەی چارەسەری ناوی دەبەین، بریتییە لە پڕۆسەیەک کە دەبێت چەکەکان بۆ هەمیشە وەلا بنرێن. پڕۆسەیەکە نابێت لەژێر سێبەری چەک سیاسەت بکرێت. چەک و سیاسەت پێکەوە نابن. ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، لە تورکیا هیچ کێشەیەکمان نابێت گفتوگۆی لەبارەیەوە نەکرێت و چارەسەر نەبێت. بەڵام پەکەکە بە چەکی دەستییانەوە لە باکووری سووریا بە زەبری چەک هەژموون و ڕژێمی خۆی بەسەر خەڵکی کوردی سووریا سەپاندووە. پەکەکە مەرج دەخاتە بەرانبەر تورکیا بۆ ئەوەی بوونیان قبووڵ بکات. ڕێکخراوی تیرۆریستی کە زیاتر لە 40 ساڵە لە دژی تورکیا دەجەنگێت بەدوای پێگە و سەروەریدایە. بەداخەوە دەم پارتی سیاسەتی ئەوان لەم وڵاتە جێبەجێ دەکات و بە سیاسەتەکانیانەوە بەربەست لە بەردەم ژیانێکی ئازادی زیاتری کورد درووست دەکات. ئێمە وەک سەرۆککۆمارمان ڕایگەیاند.
ڕووداو: بەڕێز مەتینەر ناچارم گوتەکانت پێ ببڕم. ئێوە گوتتان کورد لە ستاتۆیەک دەگەڕێن. ئایا هیچ مافێکیان لە سیستمی ئێستا دا نییە؟ بۆچی کورد نەتوانن داوای ستاتۆیەک بکەن؟
مەتینەر: پەکەکە بەدوای پێگەیەک ناگەڕێت بۆ کورد. پەکەکە لە هەوڵی دۆزینەوەی پێگەیەکە بۆ خۆی. بۆیە پەکەکە هاوکات بۆ کوردیش کێشەیە. ئەگەر پەکەکە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەیەک بوایە بۆ کورد، لە دژی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە هەولێر نەدەچووە پاڵ ڕژێمی ئێراق و حەشدی شەعبی ئێرانی. لە دژی دەسەڵاتدارانی کوردستانیش هەڵوێستی دوژمنکارانەی نیشان نەدەدا. لە باکووری سووریاش سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی ئەو کەسانە نەدەگرتەبەر کە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە. ئێمە هەموو جۆرە هەوڵێکی کورد بۆ بەدەستهێنانی ماف بە مانادار و ڕێزلێگیراو دەزانین. هەر داوایەکیان هەبێت، لەو باوەڕەداین لەژێر چەتری دیموکراسیدا چارەسەر دەکرێت، بەڵام پەکەکە تەنیاوتەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە ستاتۆیەک لەسەر پارچەیەک خاک بۆخۆی درووست بکات، ئەمەی بۆ کورد ناوێت. ئیدی کێشەکە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕووداو: بەڕێز مەتینەر دەمەوێت ئەمە بپرسم. ئێوە ماوەیەکی زۆرە لەنێو ئاکپارتی سیاسەت دەکەن و پەڕڵەمانتاریش بوون. لە بیرکردنەوەی حکومەت و دەوڵەتدا پرسی کورد چییە؟ وەک ئەوەی دەوڵەت هەموو شتێکی بە پەکەکەوە گرێدابێت. وەک ئەوەی بە دانانی چەک پرسی کورد کۆتایی دێت. ئایا چارەسەری حکومەت بۆ ئەم پرسە چییە؟
مەتینەر: تورکیا دەوڵەت و نیشتمانیی ئێمەی کوردیشە، لە تورکیا کورد و تورک هیچ کێشەیان نییە. لە تورکیای کۆن، نکۆڵی لە بوونی ئێمەی کورد دەکرا، ئەو کات کێشەی کورد هەبوو. زمانمان قەدەخەکراو بوو، ئەو کات کێشەی کورد هەبوو. بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە کۆکردنەوەی سەرۆک بارزانی و شڤان پەروەر لە گۆڕەپانی ئامەد-دا، سیاسەتی نکۆڵیکردن لە گەلی کورد-ی لە گۆڕنا کە جەهەپە پەیڕەوی دەکرد. ئیدی لە تورکیادا لەسەر بنەمای پاکتاوی نەژادی کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی کورد. بەڵام سەرباری ئەمانەش، کورد داواکاریی دیکەی هەیە، بەدوای مافی زیاتر دەگەڕێن و کێشەشیان هەیە. بەڕێز باخچەلی و بەڕێز سەرۆککۆماریشمان جەخت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکەنەوە لە کەشێکی دیموکراسیدا. بەڵام چەکی پەکەکە بەربەستێکە لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان. پەکەکە ڕێکخراوێکی کوردان نییە، هەروەها نوێنەرایتیی کورد ناکات، ڕێکخراوێک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دامەزرابێت. ئەگەر ڕێکخراوی تیرۆریستی چەکەکەی بفڕێ بدات و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لە تورکیا هەموو شتێک کە بۆ کورد پێویست بێت لە کەشێکی دیموکراسیدا بەرجەستە دەکرێت، چونکە ڕێگەی دیموکراسیی سیاسیی کراوەیە.
ڕووداو: بەڕێز مەتینەر، ئاکپارتی زیاتر لە 22 ساڵە لە دەسەڵاتە، بۆچی نەیتوانیوە لەو 22 ساڵەدا ئەو مافانە مسۆگەر بکات کە کوردان داوای دەکەن، هەروەک خۆتان دەڵێن، لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی. ئایا نەیانتوانی یان نەیانکرد؟
محەمەد مەتینەر: بۆ نموونە کام ماف؟
ڕووداو: بۆ نموونە ناسینی کوردان لە دەستووردا. بۆ نموونە زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردەیی، بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن بەو زمانە پەروەردە بکرێن، بەتایبەتیی لە ناوچەی کوردان. ئەمانە مافی بنەڕەتین.
محەمەد مەتینەر: هەروەک دەزانن دەستووری ساڵی 1982 هێشتا جێبەجێ دەکرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێت ئەم دەستوورە بگۆڕێت. لە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێدا بێگومان تەواوی داواکارییە دیموکراسی و ڕەواکانی کوردان دێتە سەر مێز. بەڵام وتنی ئەوەی کە گوایە دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەناوە، نادادییەکی گەورەیە. ئێمە دەسەڵاتێکین کە نکۆڵیی دژی کوردانی هەڵگرت و تەواوی قەدەخەکانی بەردەم زمانی کوردیی لادا. ئەمڕۆ زمانی کوردی هاوشێوەی زمانی تورکیا بەشێکە لە کەرتی گشتی. ئێستا دەتوانرێت دیوانە کوردییەکانی مەلایێ جزیری و شێخ ئەحمەدی خانی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتیاریمان چاپ بکرێن. واتا ئەو پارادیگمایەی دەوڵەت کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) درووستی کردبوو کە مافی کوردانی نەدەبینی و نکۆڵی لە بوونیان دەکرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا کۆتایی هات. لەمەودواش ئەو هەنگاوانەی پێویستن ئێمە دەیاننێین.
ڕووداو: بەڵام مەبەستەکەی من ئەمە نییە بەڕێز مەتینەر. من ناڵێم کاتێک ئاکپارتی هات، هەنگاوی باشی نەنا. من نکۆڵی لەمە ناکەم. بەڵام ئەوە بنکەیەکی دەستووریی نییە و هەموو کەسێک دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردی، مافی تاکەکەس بکات. واتا ئەمە بنکەیەکی دەستووریی نییە. کاتێکیش باس لە گۆڕانکاریی دەستوور دەکرێت، دەگوترێت نابێت چوار یەکەم مادەی دەستوور بگۆڕدرێت.
محەمەد مەتینەر: ئەمڕۆ لە زانکۆکانماندا بەشی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە. پەنا بەخوا ژمارەیان زیاد دەکەین. جاران هیچ یەک لەمانە نەبوون. تەنانەت بەکارهێنانی وشەی کورد قەدەخە بوو و تاوان بوو باس لە بوونی گەلی کورد بکرێت. هەروەها بە کوردی قسەکردن، بە کوردی نووسین و بە کوردی بانگەشەکردن تاوان بوو. ئێستا ناکۆکییەکە ئەوەیە، پارتی گەلی کۆماری کە کێشەی کوردی درووستکردووە، لەگەڵ دەم پارتی، دەست لەنێو دەستن، ئەوان دوژمنداریی ئەردۆغان دەکەن کە لە گۆڕەپانی ئامەد دەستی خستە نێو دەستی سەرۆک بارزانی و کار بۆ لەنێوبردنی نکۆڵیکردن لە کورد دەکات. لێرەدا ئەو سیاسەتەی کێشەکەی درووستکردووە، ئەمەیە. ئەگەر لە کاتی خۆیدا کاتێک ئەردۆغان دەستی تەوقەی بۆ درێژکردن دەستیان بگرتایە و پشتگیرییان بکردبا، ئەمڕۆ تورکیا لە پێگەیەکی زۆر جیاوازدا دەبوو. بەڵام پەکەکە و پارتەکەی چییان کرد؟ دیسان تیرۆریان بەرزکردەوە، دەم پارتی چووە ڕیزی جەهەپە و هەوڵی هێنانەخوارەوەی ئەردۆغانیان دا. لە کاتێکدا پێویست بوو لە ڕیزی ئەردۆغان بوەستن کە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەنێت، دەم پارتی چووە ڕیزی پارتێک کە ساڵانێک نکۆڵیی لە کوردبوون کرد و کوردانی کۆمەڵکوژ کرد. بەوجۆرە پڕۆسەکەی لەباربرد. ئێستاش دەیانەوێت هەمان شت دووبارە بکەنەوە، بەڕێز باخچەلی دەستی تەوقەی درێژکردووە و بەڕێز سەرۆکیشمان بانگەشەیەک دەکات و دەڵێت: لە ئەگەری دانانی چەک، دەکرێت تەواوی داواکارییەکان لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیانە جێبەجێ دەکرێن. بەڵام پەکەکە دووبارە نیشانی دەدات کە چەک دانانێت و ڕاستەوخۆ ڕۆژی دواتر هێرشی چەکداری دەکاتە سەر توساش (کارگەی درووستکردنی پێویستیی سەربازی) . هەر بۆیە هەتا چەکەکان لەنێونەبرێن، بەداخەوە ڕێگەکانی دیالۆگ واڵا نابن. هۆکاری ئەمەش پەکەکە و ئەو پارتە سیاسییەیە کە سیاسەتی پەکەکە پەیڕەو دەکات. ئێمە بەمجۆرە شتەکان دەبینین.
ڕووداو: بەڕێز مەتینەر ئێوە دەزانن دەوڵەت باخچەلی وتی با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەڕڵەمان و قسە بکات و بڵێت؛ من کۆتاییم بە پەکەکە هێنا. هەمووان وا تێگەیشتن کە پڕۆسەیەکی نوێ دەست پێ دەکات. جا ئێوە دوێنێ لای باخچەلی بوون و نزیکەی کاژێرێک و نیو گفتوگۆتان کرد. باسی چیتان کرد؟
محەمەد مەتینەر: دوێنێ لەگەڵ بەڕێز باخچەلی لە بارەگای پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دیدارێکی زۆر مانادارمان سازکرد. ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڕوونکردنەوەی پێویستیان دا. بەڕێز باخچەلی هەوڵوێستێکی هەیە کە پێیوایە داواکارییەکانی کوردان لە چوارچێوەی دیموکراسی وەڵام دەدرێنەوە. تەنیا دانانی چەکەکان وەکوو مەرج دەبینێت. ئەو بە ڕادەیەک بوێرانە ڕەفتار دەکات کە تەنانەت پشتگیری لەوە دەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی و ڕایبگەیەنێت کە پەکەکە چەک دادەنێت. ئەو دەستەی بۆ تەوقە درێژکراوە، دەستێکە ڕێگەی بەردەم چارەسەری واڵا دەکات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو دەستە بگیرێت، لەسەر چەند داواکارییەکی ماکسیمالیستانە دەهێننە پێشەوە. جا لە ناساندنی ئەو دەوڵەتۆچکەیەی باکووری سووریاوە بیگرن تا دەگاتە چەند داواکاریەکی نێوخۆیی تورکیا کە قبووڵکردنی مەحاڵە و ئەوان هەر لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەهێنن. کوردی ئەم وڵاتە تەنیا گوزارشت لە پەکەکە ناکات. تەنیا گوزارشت لەو کوردانە ناکات کە دەنگیان بە دەم پارتی داوە. کوردانی سووریاش تەنیا ئەوانە نین کە لایەنگری پەکەکەن. سەتان هەزار کوردی سووریا ئەمڕۆ لە هەولێر و تورکیادا دەژین. کێ ئەوانی نەفی کرد؟ کێ بوو ناچاری کردن ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن؟ پەکەکە ڕێکخراوێک نییە بەدوای مافی کوردانەوە بێت. جارێکی دیکەش ئەمە دەڵێمەوە کە پەکەکە بە تەنگ کێشەی کوردانەوە نییە و داواکارییەکی وەهای نییە. ئەگەر بێینە سەر پرسی قەییوم، سەیرکەن با بەڕوونی پێتان بڵێم؛ هیچ دەوڵەتێک ڕێگە بە پارتێکی سیاسی نادات کە سەربە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بێت، ڕێکخراوێک کە شەڕی دەوڵەت بکات. بەڵام لە تورکیادا ئەو پارتە لە پەڕڵەمانە. ئایا ئێوە باوەڕ دەکەن لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپا باوەڕ بە بوونی پارتێکی سەربە داعش دەکەن، نموونەیەکی وەها هەیە؟ دەتوانن وڵاتێکی دیموکراسیی ئەوروپامان نیشان بدەن کە بانگەشە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکات؟ بەڵام لەو پەڕڵەمانەدا پارتی سیاسیی سەربە ڕێکخراوی تیرۆرستی هەیە کە 40 ساڵە شەڕی دەوڵەت دەکات. ئەوەی بەو پارتە دەگوترێت شتێکە؛ ئێوە مەودا بخەنە نێوان خۆتان و چەکەکان و تەنیا سیاسەت بکەن. ئەگەر داواکاریتان هەیە، تەنیا لە ڕێی سیاسییەوە بیخەنە ڕۆژەڤ. با دابنیشین و قسە بکەین، کێشەکان بەیەکەوە باس بکەین، داواکارییەکانتان بەیەکەوە جێبەجێ بکەین. بەڵام چەکەکانتان وەکوو هەڕەشە بەکارمەهێنن. پێیاندەگوترێت پشتتان بە ڕێکخراوی تیرۆرستی مەبەستن. ئایا تورکیا لەم بانگەوازەیدا ناحەقە؟ باشە ئەگەر ئێوە بن، ڕووی دەمم لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەکەم. ئەگەر ئێوە بن و بزانن کە سەرۆکشارەوانییەکی هەڵبژێردرا و هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتەکەی بارزانی دەدات، هەروەها ببینن لەژێر ڕێنمایی ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی دژی حکومەتی بارزانی بجووڵێتەوە، هەروەها ببینن تواناکانی بەردەستی ڕادەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە دەکات، ئایا ڕەزامەندی بۆ ئەو سەرۆکشارەوانییە نیشاندەدەن؟
ڕووداو: ئایا بەڵگەیەکی وەهاتان هەیە؟
محەمەد مەتینەر: بێگومان هەیە
ڕووداو: ئایا بەڵگەیەکی وەهاتان هەیە کە بیسەلمێنێت شارەوانییەکان دەرفەت و پارەیان بە پەکەکە داوە؟
محەمەد مەتینەر: بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر زانیاری و بەڵگە هەیە لەبارەی ئەوەی بەپێی ڕێنمایی پەکەکە و کەجەکە، دەسەڵات و توانای شارەوانیی بەکارهێناوە و هەر لەسەر خەرجیی شارەوانی ناوەندی کردوونەتەوە کە لەڕێیەوە گەنجان قایل کراون بۆ ئەوەی بنێردرێنە شاخ. هەروەها لەبارەی ئەو سەرۆکشارەوانییانەی لەکار لادراون، بڕیاری دادگە هەن. دەوڵەتێکی یاسایی لەسەریەتی بڕیارەکانی دادگە جێبەجێ بکات. ئەگەر ئێوە بن سەرۆکشارەوانییەک بەناوی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی چالاکی بکات و بڕیاری دادگەی هەبێت، ئایا جێبەجێی ناکەن؟ لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ئێوە! ئایا جێبەجێی ناکەن؟ ڕێگە بە پەکەکە دەدەن پارتێکی سیاسی درووست بکات و بیەوێت حکومەتەکەتان لە ڕێی چەکەوە بڕووخێنێت، ئایا ڕێگەی پێدەدەن؟
ڕووداو: بەڕێز مەتینەر، ئەوانە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگەیان پێدراوە. هەدەپە بێت یان دەم پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی دەڕۆنە هەڵبژاردن و دەڕۆنە پەڕڵەمان. واتا هیچ ئاستەنگیکی یاسایی لە بەردەمی ئەواندا نییە.
محەمەد مەتینەر: ڕاستە! کەواتە دەبێت ئەوان بەهای ئەو یاساییبوونە بزانن، بەهای سیاسەت بزانن، ئەگەر تەنیا بۆ سیاسەتکردن هەڵبژێردرێن، نابێت پشت بە ڕێکخراوی تیرۆرستی قایم بکەن، بەڵکوو دەبێت تەنیا داواکاریی سیاسییان هەبێت. ئایا دەکرێت دەوڵەتێک بۆ پەکەکە لە باکووری سووریا، داواکاریی پارتی سیاسی بێت؟
ڕووداو: بۆ ئەوەی پڕۆسەیەک دەستپێبکات، کێ مەرجی خستووەتە بەردەم حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی ستاتۆی ڕۆژاوای کوردستان بناسێت؟ پەکەکە یان دەم پارتی ئەمە دەڵێن؟
محەمەد مەتینەر: ڕاگەیێندراوی دەم پارتی بخوێننەوە تکایە! ئێوەش بیخوێننەوە. ئەو ڕاگەیێندراوە بخوێننەوە کە دەڵێت: ئەگەر مەرجەکانی ئێمە جێبەجێ نەکرێت، چەک دانانێین. ماوەیەک لەمەوبەر کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانیش ئەمەیان باس کرد و وتیان ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی ئێمە، بەهۆی پەکەکەیە، وتی پەکەکە بۆ ئێمەش کێشەیەکی ئەمنییە. باشە ئێوە وەکوو حکومەتی کوردستان بۆچی لە پەکەکە ناڕەحەتن؟ مادام پەکەکە داوای دەوڵەتێک بۆ کوردان دەکات، باشە بۆچی دوژمنداریی حکومەتی کوردستان دەکات؟ لە کاتێکدا دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی کوردستان بکات، بۆچی لە پێناوی ڕووخاندنی حکومەتەکەی بارزانی هاوئاهەنگی لەگەڵ دوژمنانی دەکات؟ ئێوە خۆتان پەکەکە بە ڕەوا و یاسایی دەزانن؟
ڕووداو: ئەمە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام بداتەوە بەڕێز مەتینەر، من ناتوانم نوێنەرایەتیی حکومەت بکەم. دەمەوێت پرسیاریکی دیکەتان ئاراستە بکەم. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: لە پڕۆسەی چارەسەریدا لایەنی بەرانبەری حکومەت کوردان خۆیانن. مەبەستیان لەمەدا چییە؟
محەمەد مەتینەر: بەڵێ، ئێمەی کورد، کوردانی ئەم وڵاتە، کوردانی تورکیا بۆ داواکردنی مافەکانمان تەنیا هۆکارە سیاسییەکان بەکاردەهێنین. بە تووندی دژی ئەوەین لە ڕێی دانیشتن و دانووستاندن لەگەڵ پەکەکە، داواکاری پێشکەش بکرێت. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەت و حکومەت ئێمەی کورد وەکوو لایەنی بەرانبەر قبووڵ بکات. ئەگەر کێشە و داواکاریمان هەبێت، ئێمە دەتوانین بیگەیەنینە دەوڵەت. پارت دادەمەزرێنین و تێدەکۆشین و خەڵک قایل دەکەین. ئەگەر پێویست بێت گۆڕانکاری لە دەستوور بکرێت، ئەوەش دەکەین. بیرتان بێت، کاتێک ئێمە وەکوو ئاکپارتی هاتینە سەر حوکم، سەرۆکوەزیرانمان نەیدەتوانێت کچە سەرپۆشەکانی خۆی لەم وڵاتەدا بخاتە بەر خوێندن، لە کاتێکدا خۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بوو. بەڵام ئێمە ئاراممان گرت و خەڵکمان قایل کرد. چەکمان نەگرتە دەست و هەوڵمان نەدا داواکارییەکانمان لە ڕێی چەکەوە بگەیەنین. خەڵکمان قایلکرد و هاتینە دەسەڵات، چاوەڕێمان کرد و ئاراممان گرت. دواتریش تەواوی ئەو هەنگاوانەمان نان کە پێویست بوون. ئەوەتا ئەمڕۆ بە سەرپۆشێک و بێ سەرپۆشێک لە دەزگاکانی دەوڵەتدا بەیەکەوە کار دەکەن. ئێمە تەواوی جیاکاری و قەدەخەکانمان لەنێوبرد. هەروەها هەموو هەنگاوێک لە پرسی کورد و داواکارییەکانی هاووڵاتییانی کوردی ئەم وڵاتە دەنرێت. بەڵام بۆ ئەمە پێویست بە چەک ناکات. لە کاتێکدا کە توانا و ڕێگەی سیاسی هەیە، ئەگەر ئێوە چەک بەکاربهێنن، ئێوە ڕێکخراوی تیرۆریستین. سەپاندنی داواکاریی ڕێکخراوی تیرۆرستیش بەسەر ویستی کوردان، گورزێکە لە ئازادیی کوردان. با پەکەکە چەکەکانی بکشێنێتەوە و بێت، ئەسڵەن پارتیشی هەیە، ئەگەر دەیەوێت با سیاسەت بکات. بەڵام تۆ بڵێیت من ناتوانم خەڵک قایل بکەم و زۆرینە بەدەستبهێنم، هەروەها ناشتوانم بەتەنیا دەستوور بگۆڕم، کەواتە ئەمە چۆن بکەم؟ با لە ڕێی چەکەوە بیکەم. ئەمە دەکرێت؟ یان دەبێت ئەمە لە ڕێگەیەکی سیاسییەوە بکرێت، یانیش تەنیا لە ڕێی چەکەوە. سیاسەت و چەک لە هەمان کاتدا نابێت. دەم پارتی دەبێت بڕیار لەسەر ئەمە بدات. ئەوانەی وادەزانن ئەو کێشەیە لە ڕێی چەکەوە چارەسەر دەکرێت، ئەوەتا ڕێگەی شاخ واڵایە. ئەوانەش کە کۆکن لەسەر ئەوەی بابەتەکە لە ڕێی سیاسەتەوە دەکرێت، پێویستە تەنیا لە ڕێی دیموکراسی و یاساییەوە ئەم کارە بکەن.[1]