یەک هەنگاوی دیکە پێشمەرگەکان دەگەیەنێتە کۆتا یاری خولی لاوانی ئەستێرەکانی ئێراق.
لەسەر یاریگاکەی لە ناوچەی فەرماندەیی، تیمی تۆپی پێی لاوانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لە یاری قۆناغی هەشتی میوانداری لە لاوانی یانەی نەفت بەسرە کرد.
لەو یارییەدا کە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە #18-07-2024# بەڕێوەچوو تێیدا و هەر لە سەرەتای نیوەی یەکەمەوە کوڕانی پێشمەرگە بە ئاستێکی بەرز بینران و لەگەڵ لەدەست دانی چەند هەلێکی گۆڵ تۆمار کردن هەوڵەکانیان زیاتر چڕ دەکردەوە تا بە بێ ئەنجام یاریگا جێنەهێڵن، ئەمە و لە خولەکی 44ی کۆتایی نیوەی یەکەمدا #هێدی سەردار# توانی بە ئاڕاستە کردنی تۆپێکی سەرنجڕاکێش گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن بۆ هاوڕێکانی و یانەکەی تۆمار بکات و ئەنجامی نیوەی یەکەمی یاری نێوان لاوانی پێشمەرگە و نەفت بەسرە بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی پێشمەرگەکان کۆتایی هات.
نیوەی دووەم جیاواز بوو بەو پێگەیەی لاوانی پێشمەرگە ئاستێکی بەرزتریان پیشاندا و لە خولەکی 51 (سامی سەعید) دووەم گۆڵی تۆمار کرد و پاش ئەو گۆڵەش لاوانی پێشمەرگە بەو ئەنجامەوە نەوەستان و لە خولەکی 57 هێدی سەردار توانی دووەم گۆڵی خۆی و سێیەم گۆڵی تیمی لاوانی پێشمەرگە تۆمار بکات، لەگەڵ ئەوەی هەردوو تیم لە دوای ئەو ئەنجامە بە 10 یاریزانەوە یاریان کرد بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور بۆ یاریزانیان بەڵام یانەی نەفت بەسرەی میوان توانیان دوو گۆڵ تۆمار بکەن و ئەنجامی کۆتایش بە 3-2 گۆڵ لە بەرژەوەندی پێشمەرگەکانی شاری ڕۆشنبیران کۆتایی هات و بەوەش پێشمەرگە توانی بگاتە یاری قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین کە بڕیارە ئەو یارییە لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی #20-07-2024# و لەسەر یاریگەی پێشمەرگە بەڕێوەبچێت و تێیدا و پێشمەرگەکان ڕووبەڕووی یانەی نەجەف دەبنەوە. [1]