ناو: عەبدولعەزیز
نازناو: عەزیز شاڵی
ناوی باوک: عەبدوڵڵا
ساڵی لەدایکبوون: 1920
ساڵی کۆچی دوایی: 1970
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: #بەغدا#
$ژیاننامە$
عەبدولعەزیز عەبدوڵڵا شاڵی، ساڵی (1920) لە گەڕەکی دەرگەزێن لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی ناودار و دێرینی شاری سلێمانی، دایکی حەپسە خانی کچی حسێن ئاغای گورنی مەلاکە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی خالیدییە و ناوەندی لە ناوەندی سلێمانی تەواوکردووە.
ساڵی (1943) خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە و وەک مامۆستا دەست بەکاربووە لە قوتابخانەی (فەیسەڵییە) کە ئەو کات مامۆستا جەلال سەیفوڵڵا بەڕێوەبەر بووە، تا ساڵی (1954-1955). پاشان گواستراوەتەوە بۆ #هەڵەبجە# وەک بەڕێوەبەر لە قوتابخانەی #هەورامان# تا ساڵی (1961) لە خزمەتکردن بەردەوام بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ قوتابخانەی (نالی) وەک بەڕێوەبەر، لە ساڵانی ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقامی دووەمی سەرەتای کوڕان بووە.
مامۆستا عەزیز شاڵی، مامۆستایەکی زۆر دڵسۆز و لێهاتووی کارەکەی بووە، لە هەمانکاتدا زۆر هاوکاری قوتابییەکانی کردووە و ڕێنمایی کردوون بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی نووسینی شیعری هەبووە هەندێک لە شیعرەکانی مامۆستا (#عەلی مەردان#) کردوونی بە گۆرانی وەکوو گۆرانی (بە دووتا وێڵم ، باوی عەبا نەماوە، پەری، هۆنراوەی بووکە شوشە) کە ئاماژەی پێدراوە لە پەرتووکی عەلی مەردان کە بڵاوکراوەتەوە لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی زنجیرە پەرتووکی ژمارە (236) لە لاپەڕەکانی (223-228) هۆنراوەکانی مامۆستا عەزیز شاڵی نووسراوەتەوە.
نموونەیەک لە هۆنراوەی مامۆستا عەزیز کە هونەرمەند عەلی مەردان کردوویەتی بە گۆرانی
شیعری بە دووتا وێڵم (وەزنی عەجەم)
بە دووتا وێڵم سەڵت و سەوادە کۆڵانبەکۆڵان جادە بە جادە
نەشمیلەی چاوجوان پەچەکەت لادە پەچەت لادە
پەرچەمی لوولت خستووە بە لادا
لەنجەو لارەکەت وەک پەری زادە
شەرمی پێ ناوێ پەچەکەت لادە
ئەگریجەت لەسەر کوڵمت لادە
جێی هەزاران ناز و سوود و مورادە
بمکوژە بەشەرت پەچەکەت لادە
خۆمم بۆ سێدار کردووە ئامادە
ڕۆحم لە تۆڵەی تۆدا ئازادە
مەمکوژە بە ناز پەچەکەت لادە
کە بە عیشوە و ناز ئەڕۆی لە جادە
لە کچی شێخ ئەچی یا کچە بە گزادە
شێت و شەیدات بووم پەچەکەت لادە
ئەمەکی منیش وەکوو فەرهادە
هەموو ڕەنجێکم وا چوو بە بادا
سووتام برژام پەچەکەت لادە
مامۆستا عەزیز ساڵی (1947) هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خاتوو (ئامینە خانی حاجی فەرەج ئەفەندی) خاوەنی سێ منداڵە بە ناوەکانی (گەلاوێژ، کەژاڵ و ئاوات).
ساڵی (1970) لە نەخۆشخانەی (خەیاڵ) لە بەغدا کۆچی دوایی کرد تەرمەکەی گەڕێندرایەوە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا. [1]
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود