هەوار ئیسماعیل
حوسێن چەلیک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری تورکیا، دانانی قەییوم لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین بە کارێکی نادرووست دەزانێت.
لەوەتەی قەییوم لەسەر سێ شارەوانیی دەم پارتی لە باکووری کوردستان دانراوە، کاردانەوەکان بەردەوامن.
یەکێک لەوانەی ناڕەزایی نیشاندا بەرانبەر دانانی قەییوم، بەتایبەتیی لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین، لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتییە.
حوسێن چەلیک ڕۆژی سێشەممە #13-11-2024# لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناڕەزایی بەرانبەر هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە نیشاندا.
هەروەها سەبارەت بە قەییومکردنی ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین وتی: من دانانی قەییوم لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین و ئەسەنیورت بە ڕاست نازانم. ئەمە سوودی بۆ ئاکپارتی نابێت. ئەگەر ئێوە لە مێردین لەبری ئەحمەد تورک کەسێکی دیکە بەناوی محەمەد تورکیش بەربژێر بکەن هەر دەم پارتی دەیباتەوە. ئەو کات ئەو هەڵوێستە پێچەوانە دەبێتەوە.
حوسێن چەلیک هەروەها وتی: سەیری قۆناغەکانی کودەتا سەربازییەکان بکەن. هاووڵاتییان هەمیشە دەنگیان بە دژی ئەو کەسانە داوە کە لە دەسەڵاتدان. ئەگەر مافی دەنگدانیان نییە، بۆچی ڕێگەی پێدەدەیت؟ بەڵام کاتێک کەسانێک کە تۆ ناتەوێت و ئەو لایەنەی تۆ قبووڵی ناکەیت سەردەکەوێت، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەمەزرێنرێن، ئەمە پێشێلکردنی ویستی دەنگدەرانە.
چەلیک هەروەها سەبارەت بە سیستمی حکومەتی سەرۆکایەتی دەڵێت: ئەم سیستمە 50%+1 زۆر هەڵەیە و ئاکپارتیی ناچار بە مەهەپە کردووە. ئەم سیستمە لەلایەن #دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی مەهەپە پێشنیازکراوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
ڕۆژی #04-11-2024#، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیﮪ و خەلفەتی دانران. لەو ڕۆژەوە ناڕەزایەتی خەڵک و دەم پارتی دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. [1]