دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی لە پارێزگەکانی مووش، ئاگری، ئەرزەڕۆم و ئیدری باکووری کوردستان و ئایدینی تورکیا، کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد، خەجێ لە پارێزگای قەرسیش هەڵوەشێندرایەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ (یەکشەممە، #17-11-2024#) هونەرمەند خەجێ کۆنسێرتێک لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان بکات، بەڵام پارێزگای قەرس بەپاساوی نۆژەنکردنەوەی هۆڵ، کورسی و هەندێک خزمەتگوزاریی تەکنیکی، کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاندەوە.
هونەرمەند خەجێ ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ناڕەزایی بەرانبەر بڕیارەکەی پارێزگا دەربڕی و نووسی کۆنسێرتەکەمان لە 17ی ئەم مانگە لە شاری قەرس پلانی بۆ دانرابوو، چەند مانگێک لەمەوبەر هۆڵەکەمان پێدرابوو. سەرجەم ئامادەکارییەکانمان تەواو بووە و هەموو بلیتی کۆنسێرتەکەمان فرۆشراوە. بیستمان کە لەلایەن پارێزگای قەرس بە پاساوی نۆژەنکردنەوەی هۆڵ و کورسی و خزمەتگوزاریی تەکنیکی، کۆنسێرتەکەمان هەڵوەشێندراوەتەوە. بەدڵتەنگییەوە ئەمە لەگەڵ ئێوەدا بەش دەکەین. پارەی بلیتی کۆنسێرتەکەی قەرس دەگەڕێندرێتەوە.
دوای ئەوەی لە چواری تشرینی دووەمدا قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئیلیﮪ و خەلفەتی دانرا، کۆنسێرت و چالاکیی هونەرمەندانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بە هۆکاری جیاجیا هەڵدەوەشێندرێنەوە و قەدەغە دەکرێن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆنسێرتەکانی ئەم خانمە هونەرمەندە کوردە لە پارێزگەکانی مووش، ئاگری، ئەرزەڕۆم و ئیدری باکووری کوردستان و کۆنسێرتەکەی لە شاری ئایدینی تورکیا هەڵوەشێندرانەوە. [1]