بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق، تیمی بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# پاڵەوانی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق مەشقەکانی بەردەوامی پێدەدات و لەو نێوەندەشدا و بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر بە یارییەکی دۆستانە بوونە میوانی بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی نەورۆز#ی هاوشاریان.
لەو یارییەدا کە لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی #09-08-2024# و لەسەر یاریگەی زانکۆ بەڕێوەچوو تێیدا و دوایی پیشاندانی ئاستێکی بەرز لەلایەن هەردوو تیمەوە دواجار یاری بە خاوێنی و بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
سەبارەت بە ئەنجامدانی یارییەکەیان (فەرمان محەمەد) سەرپەرشتیاری هونەری تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان لە وەرزی نوێ ئامادەکاری جیاوازی دەبێت و بە هاوکاری و لەژێر چاودێری یانەکەمان دەمانەوێت دووبارە ئەنجامی بەرچاومان لەو خولەدا هەبێت.
فەرمان وتیشی پێکهاتەی تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە بە چەندین بەهرەمەندی نوێ بەهێزتر دەکرێت و بە پلانی جیاواز مەشق و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکەینەوە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتا یاری خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق تیمی شێرە پاڵەوانەکانی پێشمەرگە لە شاری #بەغدا#ی پایتەختی ئێراق توانیان شکست بە یانەی نەفت میسان بهێنن بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام و بۆ یەکەم جار و لە یەکەم خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراقدا نازناوەکەیان گەڕاندەوە شاری ڕۆشنبیران و پایتەختی بیرمەندان. [1]