شاری #بەغدا# بۆنەیەکی نوێی وەرزشی میوانداری دەکات و یانەکانی بەشداری خولی نایاب لەنێو بارەگەی لالیگا کۆدەکاتەوە.
یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق ئامادەکاری بۆ دەستپێکی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەکانی ئێراق دەکات و یانەکانی بەشداری ئەو خولەش بانگهێشت دەکات بۆ کۆبوونەوەی هونەری.
سەبارەت بەو پرسە پێشمەرگە سپۆرت #وسام محەمەد بازگ#ی سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی دواند و ئەو لە وەڵامدا وتی، جیاواز لە وەرزی ڕابردوو یەکێتیی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی ئەم وەرزەی خولەکە، هەروەک وسام ئاماژەی پێکرد کە بارەگەی لالیگا میوانداری لەم کۆبوونەوەیە دەکات و وا بڕیارە لە کاتژمێر 1:00ی پاش نیوەڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە و تیروپشکی خولەکەش ئەنجام بدرێن.
وسام ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش کۆبوونەوەی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق لەگەڵ نوێنەری یانەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان یانەکان ئەنجام دەدرێت تا پێکەوە یەک بڕیار لە شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە بدرێت بە تایبەت یارییەکانی پلەی ئۆف نەکرێت بە سێ تیم بەڵکوو لەنێوان چوار تیم یەکلابکرێتەوە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە خولی نایابی یانەکانی ئێراق خولێکی پڕ ڕکابەری و ململانێیە و لەم وەرزەش پیشەگەران خولەکە بەهێزتر دەکەن. [1]