#ڕێکخراوی کوردیپێدیا# 16 ساڵە مێژووی کورد و ڕووداوەکانی کوردستان و هەموو زانیارییەک کۆدەکاتەوە و ئەرشیڤی دەکات. دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە دەڵێت: ئامانجمان پاراستنی ئەرشیڤ و زانیارییەکانی کورد و کوردستانە، ئەوەش دەخاتە ڕوو زۆرجار هەوڵی هاککردنی کوردیپێدیا دەدرێت.
کوردیپێدیا، وەکوو خۆیان پێناسی خۆیان کردووە پڕۆژەیەکە بۆ کۆکردنەوەی هەر زانیارییەکی پەیوەست بە کوردستان و کورد و بەهیوایە لە پاشەڕۆژدا ببێتە پڕ زانیاریترین سەرچاوەی کوردی و بەهۆیەوە بەئاسانی بزانرێت: کێ، کێیە؟! کوێ، کوێیە؟! چی، چییە؟ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2008ەوە بە فەرمی لەلایەن #هاوڕێ باخەوان# ، نووسەر و لێکۆڵەری کورد دامەزراوە، بەڵام وەکوو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لە ساڵی 1995ەوە داتا کۆدەکەمەوە و کار بۆ کوردیپێدیا دەکەم.
هاوڕێ باخەوان، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی ڕۆژی #هیوا جەمال# ڕوونیکردەوە پەیامی ئێمە تەنیا ئەرشیڤکردنی ئەو بابەتانەیە، کە پەیوەستن بە کوردستان و کورد، بۆ ئەوەی بیانپارێزین لە لەناوچوون و بۆ نەوەکانمان بمێننەوە.=KTML_Embed_Begin=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Embed_Alt= بەرنامەی ڕۆژی هیوا لە کەناڵی ڕووداو تایبەت بە ناساندنی کوردیپێدیا=KTML_Embed_Source=https://www.kurdipedia.org/files/videos/2024/608902.mp4=KTML_Embed_End=
ئێستا لەنێو کوردیپێدیا 27 کەس وەکوو کۆکەرەوەی زانیاری کار دەکەن، هاوکاری ڕێکخراوەکەن و داتاکان تۆماردەکەن، #زریان سەرچناری# ، یەکێکە لە کۆکەرەوەکانی کوردیپێدیا کە زۆرترین داتای لە کوردیپێدیا دابەزاندووە کە بریتییە لە 187 هەزار و 510 داتا.
کوردیپێدیا نووسینگەی نییە، بەڵکوو سەرجەم کۆکەرەوەکان لە ماڵەوە کاردەکەن و ئەو داتا و زانیارییانە تۆمار دەکەن، کە پەیوەیستن بە کورد و کوردستان. ماڵپەڕی کوردیپێدیا جگە لەوەی بە شێوەزارەکانی ( کوردیی ناوەڕاست، کرمانجی–لاتینی، کرمانجی، هەورامی، لوڕی و لەکی) بابەت بڵاودەکاتەوە، هاوکات بە 37 زمانی دیکە، بابەت لەبارەی کورد و کوردستان بڵاودەکاتەوە و زانیارییەکان هەڵدەگرێت.
#سارا سەردار# ، یەکێک لە کۆکەرەوەکانی کوردیپێدیایە، بەشداریی لە بەرنامەی ڕۆژی هیوا جەمال کرد، ڕوونیکردەوە بابەتەکانی کوردیپێدیا ڕۆژانە نوێ دەبنەوە، بە شێوازی جیاواز دەکەونە بەردەستمان، بۆ نموونە زیاتر لە 20 هەزار پەرتووکمان بە شێوەی PDF لە کوردیپێدیا داناوە، کەسانێک هەن خۆیان بابەتەکانیان دەنێرن، یان لە دەزگا میدیاییەکان وەریان دەگرین.
وتیشی کەسانێکمان لەگەڵدان ڕۆژانە بابەتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان تۆمار دەکەن و دەیاننووسنەوە، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە مێژوو لەنێو کوردیپێدیا.
کوردیپێدیا زانیارییەکان لەبارەی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تۆمار دەکات. تاوەکوو ئێستا 526 هەزار و 291 بابەت، 111 هەزار و 727 وێنە، 20 هەزار و 470 پەرتووک، 106 هەزار و 326 فایلی پەیوەندیدار، هەزار و 588 ڤیدیۆ لە ماڵپەڕی کوردیپێدیا دانراون.
کوردیپێدیا چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە ژیاننامەی 26 هەزار و 556 کەس دانراوە، 14 هەزار و 958 ڕێککەوت و ڕووداو تۆمارکراون، چوار هەزار و 627 ئامار و ڕاپرسی تۆمارکراون. تەنانەت بەشێک هەیە بۆ گەڕان بەدوای ناوی کوردی.
هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە هاوکار لە کوردیپێدیا و هەر کەسێکیش پەرتووک یان زانیاری یان فایلێکی پەیوەست بە کورد و کوردستانی هەبێت، دەتوانێت لە کوردیپێدیا تۆماری بکات.
هاوڕێ باخەوان وتی: لەژێر ناوی هەموو کارمەندانی کوردیپێدیا، ئیمەیڵ و واتسئەپ تۆمار کراوە، هاونیشتمانییان دەتوانن پەرتووک و بابەت و زانیارییەکانیان بنێرن، تاوەکوو ئەرشیڤی بکەین، پەیوەندیکردن بە کوردیپێدیا ئاسانە.
لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە کوردیپێدیاوە، هاوڕێ باخەوان وتی زانیاری شتێکی بەهادارە، گرانترین شت لە مێژووی مرۆڤایەتی زانیارییە، بەڵام ئێمە لە کوردیپێدیا زانیاری نافرۆشین.
کوردیپێدیا لە ئێران و تورکیا فلتەر کراوە و بەکارنایەت، لەبارەی هۆکارەکەی، هاوڕێ باخەوان وتی: چەند ساڵێکە فلتەرەکە هەیە، بگرە هەوڵی هاککردنی کوردیپێدیاش دەدەن، چونکە وەکوو سامانێکی نەتەوەیی لێی دەڕوانرێت، ئەگەر فلتەرشکێنێکی زۆر بەهێز نەبێت، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێتەوە.
بەشێکی گرنگی ماڵپەڕی کوردیپێدیا، پەرتووکخانەیە، لەو بەشەدا ناوی 25 هەزار و 923 پەرتووک تۆمارکراوە و فایلی پی دی ئێفی 20 هەزار و 470 پەرتووکیش بۆ خوێنەران بەردەستە.
هاوڕێ باخەوان ڕوونیدەکاتەوە پەرتووکخانەی کوردیپێدیا، یەکەم پەرتووکخانەی دیجیتاڵییە لە ڕووی زۆری زمان و بابەت و پۆلێنکردنەوە، بەڵام بۆ دۆزینەوەی پەرتووکەکان، ڕێنووس دەبێتە کێشە، چونکە هەر میدیا و ڕۆژنامەیەک بە جۆرێک وشە دەنووسن و زمانێکی یەکگرتوومان نییە، بۆیە گەڕان لە کوردیپێدیا تا ڕادەیەک کێشەیە و دەکرێت ئەو وشەیەی بۆی دەگەڕێن، بە چەند شێوازێک بینووسن، تاوەکوو دەیدۆزنەوە.
ئەم بابەتە ئامادەکراوە لەلایەن: #بەشار عەزیز حەمەد# [1]