فێرگەی سلێمانی نوێ بۆ بەهرەداران و پێگەیاندنی یاریزانی تۆپی پێ خولێکی دۆستانەی بۆ فێرگە و قوتابخانەکانی سەربە شاری #سلێمانی# بۆ تەمەن 2013-2014 ڕێک خست.
لەو خولەدا و دوایی پیشان دانی ئاستێکی بەرز خونچەکانی قوتابخانەی تۆپی پێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانیان بگەنە دوا یاری، ئەمه و لە یاری کۆتایی و ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە #27-08-2024# و لەسەر یاریگەی ڕۆژی نوێ هەردوو خونچەکانی یانەی پێشمەرگە و فێرگەی سلێمانی نوێ ڕێکخەری خولە دۆستانەکە بە یەک گەیشتن و دوایی یەکسان بوونی هەردوو تیم بە دوو گۆڵ لە کاتی یاسایی یارییەکەدا و دواجار و بە لێدانی یەکلاکەرەوەکان (پەناڵتی) فێرگەی سلێمانی نوێ توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و نازناوی خولەکەیان بردەوە و هەروەک خونچەکانی پێشمەرگە پلەی دووەم یان مسۆگەر کرد.
سەبارەت بە ئەنجامی تیمەکەیان (فریا حەمە حەمە صاڵح) سەرپەرشتیاری قوتابخانەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیان توانیان ئاستێکی بەرز پیشان بدەن و لە بەشداریکردن لەو خولەدا سەلماندیان کە نەوەی دواڕۆژی یانەکەمان دەبن.
فریا ئەوەشی وت کە بەهۆی ئاست بەرزیان دوایی کۆتاهاتنی یاری کۆتایی و لە دیاری کردنی باشترین یاریزانانی خولەکە هەریەک لە (لاوی ئالان) بە باشترین گۆڵپارێز و (لاوی هێرش) بە باشترین بەرگریکار دەستنیشان کراون و (سیراج ڕێباز و ئارا عەتا) ی یاریزانی هێڵی ناوەندیشیان بە وەرگرتنی جامی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست خەڵات کراون.
دواجار سەرپەرشتیاری قوتابخانەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە سوپاسی یانەکەیان و سەرپەرشتیاری گشتی #وسام محەمەد بازگ#ی کرد کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتیانن.[1]