=KTML_Bold=پەیامی سەرۆک بارزانی و فەلسەفەی یەکبوونی نیشتمانی=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
لە دوا پەیامی سەرۆک بارزانی، کە لە ڕۆژی #15-10-2024# ئاراستەی دەنگدەرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# کرا بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان بەتایبەتی و جەماوەری کوردستان بە گشتی، چەند خاڵێکی سەرەکی بەرجەستە بوون، وەکوو بنەمایەک بۆ فەلسەفەی یەکبوونی نیشتمانی، بەو هیوایەی دوای هەڵبژاردن یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە، دابمەزرێ و کۆتایی بهێنرێت بە هاوپەیمانیی مافیا و تێرۆر، بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و درووستکردنی،، کە بووە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاییندەی گەلی کوردستان.
ئەوەی ڕوونە، یەکبوونی نیشتمانی بنەمای سەقامگیری و گەشەسەندنی دەوڵەتەکانە و لە سەرووی ئامانجەکانی تری وەکوو ناسنامە و بەشداریکردنی کارا و دامەزراوەسازی دادەنرێت، جەنابی سەرۆک بارازانی پێی وایە، بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی و پێکەوەیی کۆمەڵگەیی ۆر گرینگن بۆ یەکبوونی نیشتمانی و ئەگەر هەر زیانێک بەر یەکبوونی نیشتمانی بکەوێت، ئەوا ئاشتی کۆمەڵگەیی لاواز دەبێت و بەو هۆیەشەوە کێرڤی پرۆسەی گەشەسەندنی سیاسی لە ناو کۆمەڵگە دابەزێت و دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر بوون و مانەوەی قەوارەی سیاسی.
هەر ڕابوون و ستراتیژێ بۆ گەشەپێدانی یەکبوونی نیشتمانی پێویستی بە تواناسازی و کۆکردنەوە و فراوانترکردنی سەرچاوەکان و عەقڵانی کردن و پلاندانان و ئاراستەکردنی هەموو وزەکان هەیە بەرەو دەستەبەرکردنی ئەو ئامانج و دیدگایانەی، کە کۆمەڵگە و دەوڵەت پێی پەسەندە.
وەکو فەلسەفە دەکرێ یەکبوونی نیشتمانی ئاماژەیەک بێت بۆ یەکخستن و پێکەوەژیان لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا، کاتێ تاکەکان و کۆمەڵگەکان هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی بگەن بە تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و دابەشبوون، هەروەها بۆ ئەوەی لە ژێر یەک ئاڵادا بە یەکگرتوویی بمێننەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم فەلەسەفە و تێڕوانینەی جەنابی سەرۆک بارزانی برەودانە بە هاوکاری و سەقامگیری لە نێو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها برەودانە بە سەربەخۆیی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کولتووری و سیاسی.
باوەڕبوون بە داهاتوو وەکوو درێژەپێدەری ئێستا، و ئیلهام وەرگرتن لە مێژوو و ڕێبازی پیرۆز و ڕاستەقینەی گەلی کوردستان، بۆ ئەوەی یەک هەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت و کۆتایی بە هەرچی کاری نایاساییە بهێندرێت.
بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین، بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی حەکیمانەیان بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری کاری بەرچاو ئەنجامدراوە و هەرێم بووە بە نموونەیەکی پێشەنگی ناوچەکە، هەر ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ستایش بکرێت.
تا کوردستان خاوەند سەرکردەیەکی مەزنی وەکوو جەنابی سەرۆک بێت، کە خاوەندی بیرۆکەی هەڵبژاردن و چەسپاندنی دیموکراسییەتە لە هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستە گەلی کوردستان لەوە دڵنیا بێت، کەوا نیشتمان لە دەستیکی ئەمینە، دواجار شکۆمەندی و سەربڵندی هەر بۆ نیشتمانپەروانە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=