نۆیە زیوریخە تسایتونگ لیستی باشترین 100 پەرتووکی سەدەی 21ی بڵاوکردەوە و #دواهەمین هەناری دونیا#ی #بەختیار عەلی#ش یەکێکە لەو 100 پەرتووکانە.
بە گوێرەی ڕیزبەندییەکەی ڕۆژنامەی نۆیە زیورخە بۆ باشترین 100 پەرتووکی سەدەی 21، ڕۆمانی ئوستەرلیتزی تایبەت بە نووسەری ئەڵمانی، وینفرید گیۆرگ سیباڵد لە ڕیزبەندی یەکەمدایە.
لە ڕیزبەندی دووەم پەرتووکی 'ئازادی' دێت کە لەلایەن جۆناسن فرانزێن، نووسەری ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە و لە دوای ئەویش پەرتووکی 'کاتی دەستی دوو' دێت کە سڤێتلانە ئەلێکسیڤێچ، ڕۆژنامەنووسی بێلارووسی نووسراوە.
هەر لە ڕیزبەندییەکەی نۆیە زیوریخە تسایتونگ پەرتووکی 'دواهەمین هەناری دونیا'ی بەختیار عەلی ڕیزبەندی 80ەمینی گرتووە.
دواهەمین هەناری دونیا، یەکێکە لە دیارترین ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی و لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، بۆ سەر حەوت زمانی جیاوازی بیانی وەرگێڕانی بۆ کراوە.
ئەم لیستە لەلایەن چەندین لیژنەی پسپۆڕ و ڕەخنەگری ناسراو، دوای ماوەیەکی درێژی کارکردن ئامادەکراوە و سەدان هەزار پەرتووک و دەیان هەزار نووسەریان بەسەرکردووەتەوە و 100 بەرهەمیان وەک باشترین پەرتووکەکانی ئەم سەدەیە هەڵبژاردووە.
زۆربەی پەرتووک و نووسەرەکانی ئەم لیستە، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و پسپۆڕی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی دنیای مەعریفەی ئەمڕۆن و بەختیارعەلی-یش وەک نووسەری دواهەمین هەناری دونیا لەو لیستەدایە.
ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەد باشترین پەرتووکە نەک سەد باشترین ڕۆمان، واتا کێبڕکێکە دەیان جار فراوانتر و سەختترە لەوەی تەنیا کێبڕکێی نێوان ڕۆمانەکان بێت.
نیو زیورخیشەر تزایتونگ؛ یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی دنیا، لە ساڵی 1780 وە «واتە 244 ساڵە» تا ئێستا بەردەوام دەردەچێت.
دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا بۆ زمانەکانی «ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتاڵی، فەرەنسی، ئینگلیزی» وەرگێڕراوە و بە شێوەزارە کوردییەکانی کرمانجی و بادینی-یش بڵاوکراوەتەوە.
لەو بارەیەوە بەختیار عەلی لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، جێگای شانازییەکی گەورەی ئێمەیە، بڵێین دواهەمین هەناری دونیا لەناو سەدان هەزار پەرتووک و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لەناو 100 باشترین پەرتووکی سەدەی 21دا کردووەتەوە. [1]