ڕۆژنامەڤانێکی کوردی خەڵکی
ئامەدئامەدی باکووری کوردستان، پارتێکی سیاسیی نوێی بەناوی نەورۆز دامەزراند.
حەسەن سانجار، ڕۆژنامەڤانێکی کوردە، پارتێکی سیاسیی نوێی بەناوی (نەورۆز) دامەزراند و دەشڵێت، دوو مانگە بە فەرمی مۆڵەتی پارتی سیاسیی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێدراوە، مۆڵەتی پیتی (W)یشی بۆ ناوی (Newroz) وەرگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە زمانی تورکی پیتی (W) نییە.
لۆگۆی پارتەکە، لە ئاگری نەورۆز پێکهاتووە و لە دیزاینەکەیدا چیا، ئاگر، گوڵ هەیە و بە هەردوو ڕەنگی زەرد و سوور نەخشێندراوە.
سەرۆکی پارتەکە دەشڵێت، درووشمی پارتی نەورۆز دەنگی سەرلەنوێ هەڵهاتن و یەکبوونە و ئاماژەیە بۆ هاتنی بەهار و هەڵسانەوەی ژینگە و جەژنی نەورۆزە.
بە وتەی حەسەن سانجار، پارتەکەی لەسەر بنەمای یەکگرتوویی کۆمەڵگە، ژینگەپارێزی و گەشەپێدانی بەردەوام سیاسەت دەکات و بەم فەلسەفەیە دەچێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی.
حەسەن سانجار باس لەوە دەکات لەم قۆناغەدا قەبارەی پارتەکەیان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام لە 37 ناوچەدا لقی ڕێکخستنەکانیان دامەزراندووە و دڵنیاشە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەپێی ستانداردی پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەتوانێت پێگەی جەماوەری زیاد بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بگاتە ئەو ئاستەی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.
حەسەن سانجار باس لە هۆکار و ئامانجی دامەزراندنی پارتەکەی دەکات و دەڵێت: پارتی نەورۆزی تورکیا، لەکوێ ستەملێکراو هەبێت بۆ پشتیوانیکردنی لەوێ دەبێت. نەورۆز تەنیا موڵکی کورد یان تورک نییە، ئەمە جەژنێکی زۆر کۆنی ئەم جیهانەیە. بەم تێگەیشتنە هەنگاو دەنێین و دژی ستەمکار دەوەستینەوە. بەهۆی ئەوەی پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە وەڵامی خواست و داواکاریی و تێڕوانینەکانمانیان نەداوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم پارتە دابمەزرێنین.
لە تورکیا 162 پارت و بزووتنەوەی سیاسیی کارا هەیە.
=KTML_Bold=حەسەن سانجار کێیە؟=KTML_End=
ساڵی 1982 لە شارۆچکەی فارقین لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. مامۆستای زمانی کوردی، ڕۆژنامەڤان و چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنییە. ساڵی 2000 ڕۆژنامەی زەمبیل فرۆش بە زمانی کوردی دەرکرد.
سەرباری کارەکەی، سانجار لە چەندین ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی لۆکاڵی کوردی کاری کردووە. لە ساڵی 2015 پەرتووکێکی بەناوی (Perspektif) نووسی و لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کرد. پەرتووکەکە باس لە مێژووی گەلی کورد دەکات. سانجار یەکێکە لە ڕۆژنامەڤانە ناسراوەکانی باکووری کوردستان. [1]