کۆسار عوسمان
ئۆفوک ئوراس سیاسەتڤانی کورد لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، #دەوڵەت باخچەلی# هەنگاوی چارەسەری بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ برایەتی و ڕێککەوتنی کورد و تورک لەسەر زەوینەیەکی هاوبەش ناوبرد. دەشڵێت، ئەردۆغان لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی لەسەر پرسی کورد دەنێت.
دوێنێ (سێشەممە#26-11-2024# )، ئوفوک ئوراس، سیاسەتمەداری کورد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە قسەی کرد و وتی، ئەوەی دەیکات بۆ برایەتی کورد و تورکە.
ئوراس ڕەتیکردەوە، هیچ ناکۆکی و کێشەیەک لەنێوان ئاکپارتی و مەهەپە سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری هەبێت و وتی، باوەڕم وایە ئەردۆغان لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی لەسەر ئەم پرسە دەنێت.
ڕۆژی (چوارشەممە #20-11-2024# )، ئۆفوک ئوراس، سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی پرسی کورد دیدارێکی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) سازکرد.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ئوفوک ئوراس
ڕووداو: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەت کرد. سەردانەکەت لە میدیادا بووە ڕۆژەڤ. دەتوانن باسی ئەوە بکەن کە هۆکاری سەردانەکە چی بوو؟
ئوفوک ئوراس: کاتێک دەوڵەت باخچەلی چەند جارێک باسی لەوە کرد، دەم پارتی پەیوەندییەک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان درووست بکات، ئەوە زۆر بەهادار بوو. من ئەمە وەکوو دەرفەتێکی مێژوویی دەبینم. هەر بۆیە داوام کرد دیداری لەگەڵ سازبکەم، هەروەها ئامادەیی خۆم بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک نیشاندا. ئەویش سوپاسی کردم و وتی، پشتیوانیی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیران و کۆمەڵەکانی چالاکڤانان زۆر بەهادارە.
ڕووداو: کۆبوونەوەکە لە چ کەشێکدا بەڕێوەچوو؟ هەڵوێستی باخچەلی لەسەر پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری چۆن بوو؟
ئوفوک ئوراس: ئەرێنی بەڕێوەچوو، بەتایبەتیی لە بواری فەراهەمکردنی برایەتیی کورد و تورک. دەوڵەت باخچەلی ئەمەی بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ برایەتی و ڕێککەوتنی کورد و تورک لەسەر زەوینەیەکی هاوبەش ناوبرد. هەروەها باسی ئەم دیدارەم لەگەڵ هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان تونجەر باکرهان و گوتەبێژی پارتەکە کرد، دواتر لەگەڵ ئەحمەد تورکیش باسمان کرد. ئەوان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.
ڕووداو: دەم پارتی ئاگاداری کۆبوونەوەکەی ئێوە بوو؟ ئایا دەم پارتی پەیامێکیان بە ئێوە دا بۆ باخچەلی یانیش باخچەلی لە ڕێگەی ئێوەوە هیچ پەیامێکی بۆ دەم پارتی نارد؟
ئوفوک ئوراس: بەڵێ. هەریەک لە باکرهان و ئایشوگول دۆغان ڕایانگەیاند کە ئەم جۆرە دیدارانە زۆر گرنگن و جەختیشیان کردەوە کە ئەوان ئامادەن پشتگیری لەو پێشنیازەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان بکەن. منیش ئەو هەڵوێستەی دەم پارتیم بە بەڕێز باخچەلی گەیاند، هەروەها گوتەکانی بەڕێز باخچەلیم بە ئەحمەد تورک گەیاند، بە گشتی دیالۆگێکی زۆر باش و ئەرێنی بوو. جەختمان کردەوە کە بەردەوامیی ئەو دیالۆگە بۆ دیموکراسیی تورکیا لە بواری بوونیاتنانی ئاشتی گرنگە. لەلایەکی دیکەشەوە پڕۆسەکە بەردەوامە. لەڕاستیدا ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەشیدا بەڕێز باخچەلی جارێکی دیکە وتی، پێویستە ئاکپارتی هەڵوێستی ڕوون لەم بابەتەدا نیشان بدات.
ڕووداو: مەهەپە پێشتر لە بابەتی پرسی کورد زۆر تووند بوو، بەڵام ئێستا باسی ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات. بۆچی ئاکپارتی هەنگاو نانێت؟ ئۆپۆزیسیۆن و چەند لایەنێک باس لە ململانێی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری دەکەن. ئەوە ڕاستە؟
ئوفوک ئوراس: بە بۆچوونی من، ڕاست نییە و پێم وایە سازانێکیان هەیە. هەردوو لایەنەکەی هاوپەیمانیی جمهوور گوتوویانە کە هیچ کێشەیەک نییە. جگە لەوەش، ڕوونە کە عەقڵێکی دەوڵەت لە پشت بابەتەکەیە. لەو باوەڕەدام ئەردۆغانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کردەیی دەنێت؛ هەروەها هەنگاو بۆ دیداری ئۆجەلانیش دەنرێت. پێم وا نییە لەو بابەتەدا هیچ کێشەیەک هەبێت.
ڕووداو: لە کاتێکدا باس لە پڕۆسەی چارەسەری دەکرێت، قەییوم بۆ شارەوانییەکان دادەنرێت. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئوفوک ئوراس: بەڵێ، هەر بۆیە ئەم پڕۆسەیە قورسە و کێشەی زۆری تێدایە. دانانی قەییوم بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. ئاخر نابێت قەییوم بمێنێت و پێویستە پڕۆسەی ئاساییکردنەوە و ئاشتی هەبێت. هەروەها کۆماری تورکیا پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە. بەداخەوه، ئەم سیاسەتە دۆخەکە ئاسان ناکات، بە پێچەوانەوە سەختتری دەکات. ئەمە پێشتر تاقی کراوەتەوە و ئەستەمە بەم شتە بگەیتە هیچ شوێنێک. هەندێک کەس دەڵێن بۆچی لەگەڵ ئەو لایەنانە قسە دەکەیت کە خاوەنی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەن. من پێیان دەڵێم، چونکە ئەوان دیدگەیەکی لەو شێوەیەیان هەیە و پێویستە قسەیان لەگەڵ بکەین بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەو جۆرە سیاسەتە ئەنجامێکی نییە.
ڕووداو: لە کۆبوونەوەکەی ئێوە دیداری باخچەلی لەگەڵ ئەحمەد تورک یان دەم پارتی باس کرا؟
ئوفوک ئوراس: نەخێر. بەو پێیەی کۆبوونەوەیەکی نیو کاژێری بوو، کارنامەی من تەنیا پەیوەندی بە بانگەوازەکەی باخچەلی سەبارەت بە کۆبوونەوەی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بوو و هەر بۆیە تەنیا باسی ئەوەمان کرد. باسی شێواز و زەوینەی دیالۆگەکەمان کرد. باسی بابەت و وردەکاریی دیکەمان نەکرد. بێگومان ئەو هیوای دیدارەکەی خواست کە ئەمانە بابەتی زۆر گرنگن.
ڕووداو: دوای دیدار لەگەڵ باخچەلی، بەڕێزتان گوتتان ئەوەندەی من دەیبینم، ئامادەکاری دەوڵەت هەیە بۆ داننان بە مافی زمانی دایک لە دەستوور و لێبوردنی گشتی، بەڵام بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ڕایگەیاند، داننان بە زمانی دایک لە دەستووری نوێ و لێبووردنی گشتی، یان بەشێکی لە کارنامەی ئەواندا نییە. ئەگەر حکومەت ئامادە نییە مافێکی ڕەوا وەک مافی زمانی دایکی بە کورد بدات، بۆ چارەسەر پلانی چییە؟
ئوفوک ئوراس: هەندێک شت تێکەڵاو بوون. ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە دیدارەکەم لەگەڵ باخچەلی دام، جیاواز بوو. دواتر پرسیارێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە هات و پرسیاریان سەبارەت بە بۆچوون و چاوەڕوانییەکانم سەبارەت بە پڕۆسەکە کرد. ئەمە شتێکی جیاوازە. کاتێک دەڵێم ئامادەکارییەکی جیدی دەوڵەت هەیە، لە ڕاستیدا ئامادەکارییەکی جیدی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمراڵی هەیە. بەڵام وەک چاوەڕوانی و هیوای خۆم وتم، پێویستە هەندێک گۆڕانکاری دەستووری بکرێن، مافی زمانی دایک بدرێت و لێبووردن هەبێت. ئاخر ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین مافی هیوا تەنیا پەیوەندیی بە یەک کەسەوە نییە و مافێکی گشتگیرە. مەبەستم ئەوەیە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەمانە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبێت.
ڕووداو: منیش دەمەوێت ئەمە بپرسم، زۆر شت لەسەر پڕۆسەی چارەسەری دەگوترێت، بەڵام جگە لە لێدوانەکانی سەرۆکی مەهەپە هیچ هەنگاوێک لەلایەن حکومەتەوە نەنراون. دەم پارتیش داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات باسی بابەتەکە بکات. بەڕاستی دەتوانین بڵێین ئەمە پڕۆسەی چارەسەرە؟
ئوفوک ئوراس: پێویستە ئەمە وەک دۆخێک ببینرێت. دەم پارتی بە هاوسەرۆک و سەرکردایەتییەوە هەنگاوێکی وەها و خودی دیالۆگەکە زۆر بەنرخ دەبینن. ئینجا نێوەڕۆکی ئەمە چۆن پڕ دەکرێتەوە، بێگومان لە ڕێی دانووستاندنی ڕووبەڕوو دەبێت. ئەمە شتێک نییە ئەمڕۆ و سبەی ڕووبدات، بەڵکوو دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا و زۆر شتی دیکەش بەمەوە پەیوەندیدارن. پڕۆژەیەکی زۆر گشتگیرە. ڕووسیا و ئەمریکا لە کوێی ئەم پڕۆسەیەدا دەبن؟ لەبارەی تەواوی ئەمانە پێویستە مۆدێلی جۆراوجۆر پێشبخرێن.
ئامادەکردنی هەڤپەیڤین: فەردی ساک .[1]