دیار سلێمان
سەرۆکی پارتی ئاییندە لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا کە گوتبووی ''شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان'' دەڵێت: ''بوونی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستووری ئێراقە و دەبێت ڕێزی لێبگرین''.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە ڕۆژی چوارشەممە 27-11-2024، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی فراکسیۆنی پارتەکەی لەگەڵ پارتی سەنەریتدا وتارێکی پێشکەشکرد و وەڵامی لێدوانێکی سەرۆکی مەهەپەی دایەوە.
#دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی سێشەممە 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتی، ''ئەو وتارەی بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو کە لە پێنجەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شاری دهۆک لە ئێراق پێشکەشیکرد، ئێمەی ناڕەحەت کردووە. گوتە بەدبەختەکانی بەڕێز داودئۆغڵو بەم شێوەیەیە؛ لەنێوان کوردەکان و تورکەکان و پێکهاتەکانی دیکە یەکسانییەکی تەواو بەرجەستە دەکرێت و لەنێوان تورکیا و کوردستاندا پەیوەندییەکی زۆر باش درووست دەکرێت''.
سەرۆکی مەهەپە ڕەخنەی تووندی لە قسەکانی سەرۆکی پارتی ئاییندە گرت و وتی، ''تا ئێستا هیچ تاکێکی گەلەکەمان دووچاری نایەکسانی نەبووە، دیموکراسیی تورک، هەمیشە پارێزگاری لە هەلی یەکسانی کردووە و کردوویەتی بە پێشینە. جگە لەوەش، شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان''.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا وتی: ''شتێکم نەگوتووە کە باوەڕم پێی نەبێت، هیچ کاتێکیش سڵم لە وتنی شتێک نەکردووەتەوە کە باوەڕم پێی هەبێت''.
داودئۆغڵو وتیشی، ''باشە ئێمە چی بە کوردەکانی ئێراق بڵێین؟ ئایا ئێمە ڕێزمان بۆ ئێراق هەیە؟ یەکپارچەیی خاکی ئێراق، بنچینەیە؟ بنچینەیە. باشە دەستووری ئێراق چی دەڵێت؟ دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق. ئەگەر ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی ئێراق دەگرن، دەستووری ئێراق چی بڵێت، دەبێت ئێوەش ئەوە بڵێن''.
سەرۆکی پارتی ئاییندە جەختی لە بۆچوونەکەی کردەوە و وتی: وەک چۆن کەسێک لە دەرەوە دەبێت بەگوێرەی دەستووری ئێمە لە ئێمە بڕوانێت، منیش وەک ڕێزێک بۆ ئێراق، بەگوێرەی دەستووری ئێراق لێی دەڕوانم، ئەگەر لەوێدا بگوترێت، ئەو ناوچەیەی کوردەکان لێی دەژین، پێی دەگوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق، منیش ئەوە دەڵێم. هیچیش سڵناکەمەوە''.
داودوئۆغڵو داوایەکی ئاڕاستەی لایەنەکان کرد و وتی: 'با دەست بۆ کوردەکانی ئێراق و سووریا درێژ بکەین، وەک چۆن تورکمانەکانمان کردووەتە تاجی سەرمان، با کوردەکانیش بکەینە تاجی سەرمان''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کە ڕۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەڕڵەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە بێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.
هەروەها باخچەلی، ڕۆژی (سێشەممە، 26-11-2024)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتی، چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی ڕووبەڕوو لەنێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە''.[1]