ناونیشانی بابەت: حامید وەحدەتی نەسەب: حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەشکەوتی شانەدەر کردووە
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
پرۆفیسۆر حامید وەحدەتی نەسەب، پسپۆری مرۆڤناسیی پێش مێژوو و مامۆستای زانکۆ لە تاران، دوای سەردانێکی مەیدانی بۆ #ئەشکەوتی شانەدەر#، سەرسامیی خۆی بەم ئەشکەوتە و شکۆی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر دەربڕی و لە دیمانەیەکی تایبەت بە (باسکورد)، دید و روانینی خۆی سەبارەت بەم ئەشکەوتە خستە روو.
(باسکورد): رای ئێوە لەبارەی ئەشکەوتی شانەدەر چییە؟
حامید وەحدەتی نەسەب: ئەشکەوتی شانەدەر شوێنێکی زۆر تایبەتە و دەتوانین بڵێین لە چەندین رووەوە نموونەی لە دونیادا نییە، لە رووی دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆیی و بەتایبەت مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەو مێژوو و کۆنینەییە، چانسی دووبارەبوونەوەی شوێنێکی وا زۆر کەمە. 99٪ ئیسکوپرووسکی مرۆڤە کۆنەکان دوای تێپەڕینی چەندین سەدە و ساڵ شی دەبنەوە و شتێکی وایان لێ نامێنێتەوە و لەگەڵ خۆڵ تێکەڵ دەبن، بەڵام لێرە و لە شانەدەر، دەبێت کەش و هەوا و ژینگەیەکی تایبەت و دۆخێکی هەرێمیی تایبەت بووبێتە هۆی ئەوەی ئەم ئێسکانە بۆ ماوەی 120 هەزار ساڵ نزیکەی بە ساغی ماونەتەوە، بۆیە ئەمە رووداوێکی زۆر تایبەت و دەگمەنە، بە بڕوای ئێمە و هەموو شوێنەوارناسان دۆزینەوەی پەنجەیەکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ رووداوێکی گەورە و سەرنجڕاکێشە، جا بگرە لە شوێنێکی وەک شانەدەر ئێسکی یازدە مرۆڤی نیاندەرتاڵ بە ساغی و نیوە کامڵی دۆزراونەتەوە، بۆیە ئەم ژمارە زۆرە لە شوێنێک بدۆزرێتەوە، ئەو شوێنە دەکاتە شوێنێکی نموونەیی لە هەموو دونیا، لە روویەکی دیکەوە، تەنیا ژمارەی نیاندەرتاڵە دۆزراوەکان و تەمەنیان نییە کە گرنگە، بەڵکوو کۆمەڵێک رووداو لە شانەدەر روویداوە، کە دیدی ئێمە بۆ مرۆڤناسی بۆ هەمیشە دەگۆڕێت، بۆ نموونە، پیشتر واماندەزانی جۆرێک لە مرۆڤ، کە پێشتر ژیاون بە ناوی مرۆڤی نیاندەرتال، ئەمە لە باشووری رۆژئاوای ئاسیا، مرۆڤێکی کێوی و سەرەتایی و نیشتەجێی ئەشکەوت بووە، کە حەزی لە شەڕ و کوشتار بووە و جیاوازییەکی وای لەگەڵ مەیمووندا نەبووە، بەڵام لەگەڵ دۆزراوەکانی شانەدەر، نەک ئێمە دەزانین کە نیاندەرتاڵەکان زۆر بە ئێمەوە چوون، بەڵکوو دەزانین زۆریش وەکوو ئێمە هەڵسوکەوتیان کردووە، ئەوەتا وەکوو ئێمە مردووەکانیان ناشتووە، ئەم بابەتە لە رووی ئەوەوەی ئێمە (دەتوانین بە کێ بڵێین مرۆڤ) زۆر گرنگە، ئەوە واتا ئێمە خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤی ئێستا و نیاندەرتاڵ بدۆزینەوە و بزانین، کە دەبێت چ شتێک بکرێت، کە شایانی ئەوە بێت، کە ناوی (ئینسان یان مرۆڤ) لەو کەسانە بنرێت و یەکێک لەو شتانەی، کە مرۆڤەکان دەبێت لێی بەهرەمەند بن ئەو بابەتەیە، کە توانای بیرکردنەوە و ئەندێشەی دوای مردنە و دەبێ بڵێم، کە تەنیا مرۆڤە توانای ئەم بیرکردنەوەیەی هەیە و ئەمە لەناو شوێنەوارە دەستکەوتووەکانی شانەدەر سەلمێنراوە، بەڵام بابەتی شانەدەر لێرە کۆتایی پێ ناهێت، ئێمە لە شانەدەر بەڵگەمان هەیە، کە نیاندەرتاڵەکانی ئەوێ پارێزگارییان لە خەڵکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کردووە، بەڵگە بۆ ئەم بابەتە، ئێسکوپرووسکی (شانەدەری ژمارە یەک)ە، کە بەپێی ئێسکەکانی بۆمان دەرکەوتووە، کە نیوەی لەشی ئەو مرۆڤە ئیفلیج بووە، بەڵام نەمردووە و ساڵانی ساڵ بەو دۆخە ژیاوە و خزمەت کراوە، پاش چەندین ساڵ بە ویست و فرمانێکی سروشتی مردووە. بۆیە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگ و تایبەتە، کە ئەو مرۆڤانە بیریان لە پرۆسەی مەرگ و ناشتنی مردووە کردووەتەوە.
شتێکی دیکەیش، کە شانەدەر لە شوێنێک هاوبەشەکانی خۆی لە دونیا جودا دەکاتەوە ئەوەیە، کە بە یەگجاری ژمارەیەکی زۆری نیاندەرتاڵ، کە دەتوانین بە گرووپ ناویان ببەین، لە یەک سایت یان لۆکەیشن دۆزراونەتەوە ، ئەمە دەبێتە هۆی جیاوازی و بەرجەستەبوونی ئەم ئەشکەوتە لە دونیادا.
(باسکورد): چ تایبەتمەندییەک لە ئەشکەوتی شانەدەر وا دەکات، کە ئەو ژمارە زۆرە لە ئێسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەوێ بدۆزرێتەوە؟
حامید وەحدەتی نەسەب: یەکێک لە تایبەتمەندییەکان، هەڵکەوتەی جۆگرافیای تایبەت و ناوازەی ئەشکەوتەکەیە، کاتێک ئێمە بۆ ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەڕۆین، دەروازەیەکی گەورەمان لەپێشدایە، کە پێدەچێت ئەم دەروازەیە بە تێپەڕینی کات بە (رسوبات) نیشتووەکان داپۆشراوە، بۆیە ئەو سەردەمەی کە نیاندەرتاڵەکان لەوێ ژیاون، زەویی ئەشکەوتەکە زۆر قووڵتر بووە و ئەو زەوییەی نەبووە، کە ئێستا ئێمە پێی لەسەر دادەنێین، هەر بە پێی کنە و پشکنینەکانیش بێت، دەزانین کە شوێنەوارناسان بۆ کنە و پشکنین 18 مەتر زەوییەکەیان هەڵکۆڵیوە، تا گەیشتوونەتە شوێنەوارەکانی ئێستا، بۆیە دەروازەی بنەڕەتیی و کۆنی ئەشکەوتەکە نزیکەی 10 ئەوەندەی دەروازەی ئێستای گەورە و بەرینتر بووە، هەر لەسەر تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەشکەوتەکە، دەبێ بڵێین شانەدەر ئەشکەوتێکی سەرسوڕهێنەرە، کە ژوورەوەی دڵۆپەی ئاو و حەوزی ئاوی هەیە ، ئەمە واتا نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر کێشەی ئاوی خواردنەوەیان نەبووە، هەروەها بەرهۆی بوونی ئەم ئەشکەوتە کێشەی خۆپاراستن لە پەناگەیان نەبووە، بەڵام لێرە بۆچوونێک هەیە، کە نازانین تا چەند راستە، ئەویش ئەوەیە، کە دەگوترێت ئەشکەتی شانەدەر وەک گۆڕستانێک بۆ ناشتنی مردووی نیاندەرتاڵەکان بووە، بۆیە زۆر پێویستە کە، ئەشکەوتەکانی دەوروبەی شانەدەر کنە و پشکنینیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئەگەری دۆزینەوەی شوێنەواری دیکەی نیاندەرتاڵمان هەیە و ئەم بۆچوونە تا چەند راستە، چونکە زۆر گرنگە ئێمە بەردەوام ئەوەمان لەبیر بێت، کە ئەم ئەشکەوتە بەدرێژایی 90 هەزار ساڵ لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە بەکار هاتووە، ئەمە مێژوویەکی کەم نییە بەراورد بەوەی، کە تەواوی شارستانییەتی مرۆڤ پێنج هەزار ساڵە، بەڵام نیاندەرتاڵەکان بەدرێژایی 90 هەزار ساڵ لەم ئەشکەوتە وەچەیان ناوەتەوە و ژیاون و مردوون.
ئەوەی، کە چۆن بووە ئەم پاشماوانە لێرە لەناو نەچوونە و کەمتر دووچاری تێکچوون، یان شیبوونەوە هاتوون، بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەندیی بە جۆری خاکەکە و دۆخی کەش و هەواوە هەبووە، کە ئەم ئێسکانە چینێکی نیشتەنیی ناسکیان لەسەر دروست بووە، کە بووەتە هۆی مانەوەی ئەم ئێسکانە، وەک ئەوەیە، ئەم ئێسکانەیان لەناو زەرفێکدا دانابێت و (وەکیوم) کرابێت و هێڵدرابێتەوە.
(باسکورد): بێجگە لە ئەشکەوتی شانەدەر، پاشماوەی نیاندەرتاڵ لە دوو ئەشکەوتی دیکەی #کوردستان#ی رۆژهەڵات دۆزراوەتەوە، کە ئەوانیش هەر لەناو ژینگەی سروشتیی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدان، لێرەدا دەمانەوێت بزانین، رۆڵی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەم دەستکەوتە مێژووییانە چین؟
حامید وەحدەتی نەسەب: بێجگە لە ئەشکەوتی شانەدەر، چەند شوێنێکی دیکەیش هەیە، کە پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵیان تیادا دوزراوەتەوە، وەک باشووری فەرەنسا و باشووری ئاڵمانیا و ئاسیای ناوەڕاست، واتا قەڵەمڕەوی نیاندەرتاڵ لە باشووری فەرەنسا تا باشووری ئاسیای ناوەڕاست بووبووە شوێنیان، بەڵام باشووری رۆژئاوای ئاسیا واتا ئێران و کوردستانیش دەبێتە ناوەڕاستی ئەو قەڵەمڕەوە، بۆیە نیاندەرتاڵەکان بۆیان هەبووە لەم خاکە، کە باسمان کرد، بەدرێژایی 360 هەزار ساڵ ژیا بن و بەدرێژایی ئەم ساڵانە چەندین چین و سەردەمی کەش و هەوای وەک سەهۆڵبەندان روویداوە، بۆیە سەردەمانێک دەبوو، کە هەموو ئەم بەشەی باسمان کرد، دووچاری ئەو گۆڕانکارییە کەش و هەواییە دەبوو و سەردەمێکیش دەبوو، کە تەنیا بەشێک لەو خاکانەی باسمان کرد دووچاری گۆڕانکاریی لە کەش و هەوا دەبوون، بۆیە کاتێک لەو رووەوە سەیری ئەو بابەتە دەکەین، ئەم پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت، کە بۆچی ئێمە لە زاگرۆس زیاترین رێژەی نیاندەرتاڵمان هەیە؟ ئەوەش بۆ تایبەتمەندییەکانی زەویناسیی زاگرۆس دەگەڕێتەوە، کە پێی دەڵێن سیستەمی زەویناسیی (کارس تی)، واتا ئەو بەردانەی بەهۆی نیشتنەوەی خاک بە شێوازی چین چین لە جۆری کاربۆناتی کالسیۆم دروست دەبن و بە تێبەڕبوونی کات ئاو بەشێک لەو بەردانە دەشۆرێنێ و کۆمەڵێ کون و بۆشایی دروست دەکات، کە دواتر بە شێوازی ئەشکەوت دەردەکەون و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بەچڕی توانایی دروستکردنی ئەشکەوتی هەیە، هەروەها لەگەڵ ئەو سروشتە تایبەتەکەی، کە پێکهاتووە لە سەرچاوەی ژینگەیی، سەرچاوەی ئاوی فراوان و دۆڵی نێوان چیاکان، کە لە سەردەمی سەهۆڵبەندان دروست بوونە، وایکردووە زاگرۆس ژینگەیەکەی تایبەت و ستراتیژی بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان هەبێت.
(باسکورد): بە ڕای ئێوە چی بکرێت بۆ ئەوەی بابەتی ئەشکەوتی شانەدەر بە جیهانی بێت؟
حامید وەحدەتی نەسەب: خوشبەختانە دەبێ بڵێم، کە ئەشکەوتی شانەدەر ئێستاش زۆر جیهانییە، بەڵام دیسانیش نابێت بەو بەشە رازی بین و کاری زیاتری بۆ بکرێت باشترە.
خودی خۆم شانەدەر وەک کچێکی پێگەیشتووی زۆر جوان و خوێندەوار و ڕازاوە دەبینم، کە دەبێ بۆ هەڵبژاردنی دەزگیرانەکەی زۆر بەئاگا و سەختگیر بین، بۆیە باشترین رێگا بۆ بە جیهانی کردنی، هاوکاری و هاوئاهەنگییە لەگەڵ ناوەندە زانستییە جییهانییەکان، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ئەم ناوەندەش دیسانەوە دەبێت زۆر ئاگادار بین، کە کێیە ئەوەی دەتوانێت بە هێز و زانست و پرستیژێکی زۆرەوە هاوکارمان بێت، بۆ تۆمارکردنی ئەم ئەشکەوتە ناوازەیە لە لیستی کەلەپووری جیهانی. بەختەوەرانە دەڵێم، کە #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و مێرگەسۆر، زۆر بەئاگایانە هاوبەشێکی باشیان بۆ کاری کنە و پشکنین دۆزیوەتەوە، کە ئەویش زانکۆی کامبێرجی بەریتانییە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەوڵانەش، پێویستە هاوکات کار بۆ کردنەوەی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە دۆزراوەکانی ئەم ئەشکەوتە، هەر لە سایتی خودی ئەشکەوتەکە بکرێت، بۆ ئەوەی سەردانکەران و توێژەران بە قۆناغە جیاوازەکانی کارکردن لەم ئەشکەوتە ئاشنا بن و پێویستیشە هەموو پارچە شوێنەوارییەکانی تایبەت بە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەموو دونیا وەربگیرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە مۆزەخانەی ئەشکەوتی شانەدەر، واتا سنووری ئەشکەوتی شانەدەر دەبێ وەک پێگەیەکی زانستی و خوێندنەوە بێت بۆ هەموو جیهان.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!