سینا سۆما
دوای 53 ساڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە سووریا هێنا.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕۆژی یەکشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2024، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ #سادق زیباکەلام# ، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە ئێران کردووە.
سادق زیباکەلام لەو هەڤپەیڤینەدا ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، وەکوو شکستێکی زۆر گەورە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناودەبات و دەڵێت: هەم سیاسەتی بەرەی مقاومە و هەمیش قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی، بە کەوتنی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی شکستێکی تەواو بوونەوە.
زیباکەلام پێیوایە، تاوەکوو ئێستا سەرکەوتووی یەکەمی دۆخی سووریا، تورکیا بووە و دەڵێت: تورکیا ئێستا کەوتووەتە پێش ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پەیوەندی بە سیاسەتی داهاتووی تەحریری شامە.
بە بۆچوونی زیباکەلام، ئەگەر لە سووریای نوێدا دیمۆکراسی پەیرەو بکرێت و بنەماکانی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێن، کورد لە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان دەگەنە مافەکانیان: ئەگەر بێت و دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، ئێمە چ بمانەوێت چ نەمانەوێت، کوردەکان دەگەنە زۆربەی مافەکانیان و دەستەبەری دەکەن.
جەخت لەوەش دەکاتەوە، تورکیا هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق هیچ ئۆتۆنۆمییەک و هیچ ئیمتیازێک نەداتە کورد.
ئەو شرۆڤەکارە ئێرانییە سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ڕووداوەکانی سووریا و پشتیوانیکردنی لە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان پێداگری لەسەر دانبەخۆداگرتنی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت و پێویستە بە ئۆقرەییەوە هەڵسوکەوت بکات و لانی کەم دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە دۆخی نێوخۆی سووریا و دۆخی نێوخۆیی کوردەکانی سووریا نەکات. ئەگەر دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، کوردەکانیش لەژێر سێبەری ئەم دیموکراسییەدا دەگەنە زۆربەی مافەکانی خۆیان.
تەواوی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: ئێران چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ سووریای دوای بەشار ئەسەد دەکات؟
سادق زیباکەلام: پێم وایە، ئەمە شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو واتە لەو کاتەی بەشار ئەسەد لە جێگەی باوکی لە دیمەشق دەسەڵاتی گرتە دەست، ئێران سیاسەتی بەرەی مقاومەی پەیڕەو کرد و ستراتیژێکی هەبوو کە بە قووڵایی ستراتیژی دەناسرا. واتای قووڵایی ستراتیژیش ئەوە بوو، ئێمە لە جیاتی ئەوەی دەرفەت بدەین بە ئیسرائیل کە بێت و لە سنوورەکانی ئێران شەڕی لەگەڵ بکەین و پێکدادانمان هەبێت، ئێمە بڕۆین بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل و لەوێ لەگەڵی بە شەر بێین، واتە دەبێت بچین بۆ سووریا. ئەم هەردوو سیاسەتە، هەم بەرەی مقاومە و هەمیش قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی، بە کەوتنی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی شکستێکی تەواو بوونەوە.
ڕووداو: بەرپرسانی ئێران دەڵێن، پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی داهاتووی سووریا دەبێت. ئایا ئێران دەتوانێت لەگەڵ حکومەتی داهاتووی سووریا بە سەرۆکایەتیی تەحریری شام پەیوەندییەکی ئاسایی هەبێت؟
سادق زیباکەلام: لە ئینگلیزیدا ئیدیۆمێک هەیە کە دەڵێن، سەمای تانگۆ دوو کەسییە، ئەمە تەنیا تاران نییە کە دەیەوێت چ سیاسەتێک لە بەرانبەر حکومەتی نوێی سووریا پەیڕەو بکات، بەڵکوو ئەمە حکومەتی سووریاشە بە تایبەتیی دەبێت بزانین سەبارەت بە ئێران چ سیاسەت و ڕوانینێکی هەیە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران دەیەوێت لەگەڵ سووریا پەیوەندی هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئێران دەیەوێت لە سووریای نوێدا ئامادەیی هەبێت و دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەبێت.
ڕووداو: ئایا پێتانوایە تەحریری شام لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە عەرەبی و سوورییەکان بکەوێتە شەڕەوە؟
سادق زیباکەلام: ئەوەی تاوەکوو ئێستا لە 24 کاژێری ڕابردوو لە تەحریری شام بینیومانە، هەر سێ ڕەوتە سەرەکییە ئیسلامخوازەکە کە بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، هەڵسوکەوتێکی زۆر میانڕەوانەیان هەبووە، هەڵسوکەوتێکی زۆر ماقووڵ و ژیرانەیان هەبووە. ئێمە تاوەکوو ئێستا هیچ شتێکی توندڕەوانەمان لە وانە نەدیوە. من پێم وایە تەنیا کۆماری ئیسلامی نییە کە بە تووندی چاودێرییان دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت دەیانەوێت چۆن هەڵسوکەوت بکەن، بەڵکوو ئەمریکییەکانیش بە تووندی چاودێرییان دەکەن، ئیسرائیلیش بە تووندی چاودێرییان دەکات، ئەوروپاش بە تووندی چاودێرییان دەکات.
پێم وایە داهاتووی تەحریری شام و ئەو هێزانەی لەگەڵ تەحریری شام دەگەنە دەسەڵات زۆر هەستیارە، بەوەی ئایا ئەوانە لە بواری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، ئەگەر بنەماکانی مافی مرۆڤ پەیرەو نەکەن، ئەگەر پابەندی دیموکراسی نەبن و بیانەوێت وەکوو بەشار ئەسەد حکومەت بکەن، وەکوو زۆر وڵاتی دیکەی عەرەبی و بە دیکتاتۆری حکومەت بکەن، چ بە ناوی ئیسلامەوە بێت یان بە ناوی ئیسلامەوە نەبێت، پێم وایە ئەوانە تووشی کێشە دەبن.
ڕووداو: ئێران هەژموونییەکی زۆری هەبوو لە سووریا، ئایا تورکیا دەتوانێت جێگەی هەژموونی ئێران لە سووریا بگرێتەوە؟
سادق زیباکەلام: پێدەچێت تاوەکوو ئێستا سەرکەوتووی یەکەمی دۆخی سووریا تورکیا بووە. تورکیا هەم کەوتووەتە پێش ئەمریکا، هەم کەوتووەتە پێش ئیسرائیل و هەمیش پێش ئێران کەوتووە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە تەحریری شام تاوەکوو چەند سیاسەتەکانی هاوسەنگ و ماقووڵ بێت.
داهاتووی کورد لە سووریای نوێدا
ڕووداو: پێتواتە کورد بتوانێت لە سووریای ئازاد، سووریای نوێدا ئۆتۆنۆمی بەدەست ببهێنێت؟
سادق زیباکەلام: پێم وایە ئەوەی پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە هەیە، ئەردۆغان ئەوپەری هەوڵەکانی دەدات، ئەوپەری گوشارەکانی دەخاتە سەر حکومەتی نوێ لە دیمەشق بۆ ئەوەی هیچ ئۆتۆنۆمییەک و هیچ ئیمتیازێک نەداتە کوردەکان. بەڵام سەیر بکەن ئەمە چوارچێوەیەکی گشتییە، نە ئەردۆغان و نە تورکیا ناتوان پێشی پێ بگرن و نە هیچ وڵاتێکی دیکەش، ئەگەر بێت و دیموکراسی لە وڵاتێکدا دەستەبەر بکرێت، ئێمە چ بمانەوێت و چ نەمانەوێت، کوردەکان دەگەنە زۆربەی مافەکانیان کە دەیانەوێت و دەستەبەری دەکەن. بەڵام ئەگەر دیموکراسی نەبێت و سەرکووت بکرێن، ئەو کاتە چەند ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریا لەژێر سەرکووتدا دەمێننەوە، هەر وەک لە سەردەمی بەشار ئەسەدیش لەژێر سەرکووتدا بوون. کوردەکانیش دیسان لەژێر چەپۆکە دەبن. بەڵام من هیوادارم بە دەستەبەرکردنی دیموکراسی لە سووریای نوێدا کوردەکانیش بتوانن بگەنە زۆربەی مافەکانیان.
داهاتووی عەلەوییەکان لە سووریا
ڕووداو: داهاتووی عەلەوییەکان لە سووریا چۆن دەبینی؟
سادق زیباکەلام: ئەمەش پەیوەندی بە دیموکراسییەوە هەیە. هەڵبەت عەلەوییەکان، ئەو 10 تاوەکوو ٪12ەی عەلەوییەکان لە سووریا هەن، بەداخەوە ئەوانە ئامرازی بەشار ئەسەد بوون، هەروەها ئامرازی حیزبوڵڵاش بوون لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، هەم لە سەردەمی حافز ئەسەد هەمیش لە سەردەمی بەشار ئەسەد. بەڵام بە بۆچوونی من، دەبێت ئاشتییەکی نیشتمانی لە سووریا پێکبێت، واتە هەر ئەو کارەی نێلسۆن ماندێلا کردی و وتی، لەبیر ناکەین بەڵام لێی خۆش دەبین. خەڵکی سووریاش لەبیری ناکەن کە عەلەوییەکان دارەدەستی بەشار ئەسەد بوون بەڵام دەبێت لێیان ببوورن بۆ بەختەوەریی سووریا، پێویستە لەسەر بنەمای تۆڵەکردنەوە بڕیار نەدەن، بەڵکوو لەسەر بنەمای لێبووردەیی، فیداکاری و پێکەوەژیان بێت.
ڕووداو: هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت یارمەتیی ڕۆژاوای کوردستان و کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بدات بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئۆتۆنۆمی خۆیان؟
سادق زیباکەلام: پێم وایە هەرێمی کوردستان پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت و پێویستە بە ئۆقرەییەوە هەڵسوکەوت بکات و لانی کەم دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە دۆخی نێوخۆی سووریا و دۆخی نێوخۆیی کوردەکانی سووریا نەکات. ئەگەر دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، کوردەکانیش لەژێر سێبەری ئەم دیموکراسییەدا دەگەنە زۆربەی مافەکانی خۆیان. واتە دەبێت هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێراق و وڵاتانی دیکەش یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی سووریا باشتر و زیاتر بتوانێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.[1]