ناونیشانی بابەت: توێژینەوەیەکی شوێنەوارناسی: 5000 ساڵ لەمەوبەر سیستەمی حوکمڕانی و دامەزراوە لە #گەرمیان#ی باشووری #کوردستان#دا هەبووە
بەپێی تویژینەوەیەکی نوێی زانکۆی گلاسکۆ و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان، کە ڕۆژی چوارشەممە #(04-12-2024# ) لە ماڵپەڕی کامبرێج بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، ئەوە دەردەخات کە 5000 ساڵ لەمەوپێش لە #شاخی کۆرە# لە قەزای کەلار حکوومڕانی و دامەزراوە هەبووە.
توێژینەوەکە باسی لەوە کردووە: دۆزینەوەی دەیان دەفر و قاپ و گۆزەی گڵین، لە شاخی کۆرە لە باشووری رۆژئاوای قەزای #کەلار#، کە مێژووەکەیان بۆ 5000 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەڵگەیە لەسەر بوونی کۆنترین سیستەمی حکوومەت و دامەزراوە لە جیهاندا.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دراوە: ئەو دەفر و قاپە گڵینانە لە شاخی کۆرە نزیک #ڕووباری سیروان#، لە لایەن زانایانی شوێنەوارەوە دۆزراونەتەوە، 5000 ساڵ پێش ئێستا لەبری پارە ئاڵوگۆڕیان پێ کردووە.
کڵاودیا گلاتز، پڕۆفیسۆر و شوێنەوارناس لە زانکۆی گلاسکۆ و سەرۆکی ئەو تیمە شوێنەوارناسییەی لە ساڵی 2019 کاری لەسەر هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکە کردووە، دەڵێت: هەڵکۆڵینەکانمان لە شاخی کۆرە، پەنجەرەیەکی نوێیە کە چۆن کۆمەڵگە سەرەتاییەکان رێک خرابوون و لەژێر چەتری حکوومەت یان دەمەزراوەیەکدا ژیاون.
بەپێی ئەو توێژینەوەیە، ئەو دەفر و قاپە گڵینانە کە بۆ پێدانی خواردن بەکار هێنراون، هاوکات وەکوو هەقدەست و کرێی کار بەکار هێنراون. ئەمەش فۆرمێکی سەرەتایی دەسەڵات و حکوومەتێکی خۆجێی پیشان دەدات کە ڕەنگە هەنگاوێک بووبێت بەرەو بنیاتنانی شار، یان دەوڵەت شارە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا.
بەپێی ئەنجامی شیکردنەوەی پاشماوەی ناو هەندێک لە قاپەکان، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات: زۆربەیان بۆ پێشکەشکردنی گۆشت بەکار هێنراون، لەوانە شلە یان قیمە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕانەمەڕ و بزن لەنزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ ئەم مەبەستە ڕاگیراون.
توێژەرانی توێژینەوەکە دەڵێن: ئاڵوگۆڕی شمەک بە شمەک لەو کۆمەڵگەیەدا دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی، کە شاخی کۆرە بەجێ هێڵدراوە بەبێ هیچ ئاماژەیەک بۆ هەبوونی شەڕ و نالەباریی کەشوهەوا لە جێگاکە، ئەوەش ڕەنگە پەیوەندیی بە ڕەتکردنەوەی خەڵکیەوە هەبێت بۆ ئەو سیستمی پارەدانە.
گلاتزی سەرۆکی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەمە دووپاتی دەکاتەوە کە فۆرمەکانی حکوومەت لە سەرەوە بۆ خوارەوە و پلەبەندی لە گەشەسەندنی کۆمەڵگا ئاڵۆزە سەرەتاییەکاندا حەتمی نەبوون و کۆمەڵگەکان هەندێک جار ئەو فۆرمانەیان ڕەت کردووەتەوە.
هەروەها دەشڵێت: کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ڕێگەیان دۆزیوەتە بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی.
سەرچاوە:
There and back again: local institutions, an Uruk expansion and the rejection of centralisation in the Sirwan/Upper Diyala region
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!