#مەزڵووم عەبدی# ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە ڕایگەیاند، بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە منبج ئاگربەست کراوە، لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان و داهاتووی وڵات چەکدارانیان لە شارەکە دەبەنە دەرەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە نزیک بە کاژێر 02:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمەی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا دەڵێت: لە کاتێکدا شەڕڤانانمان لە منبج بەردەوامن لە بەرگریکردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە ڕۆژاوای فووڕاتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە منبج، لە پێناو پاراستنی ئاساییش و سەلامەتیی هاووڵاتییان.
دەشڵێت، شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، کە لە 27ی 11وە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە.
مەزڵووم عەبدی لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوە ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی ئێمە ئاگربەستە لە تەواوی سووریا و چوونە نێو پڕۆسەی سیاسییە لە پێناو داهاتووی وڵات دا.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گەڕی ئەم جارەی شەڕ بە دەستپێشخەریی دەستەی تەحریری شام-هەتەشە، گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیاوە لە ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت ڕۆژاوای فوورات ڕووبەڕووی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەوە و لە منبج شەڕیان دەستپێکرد.
منبج شارێکی زۆرینە عەرەبنشینە و چەندین ساڵ بوو لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرا.[1]