دیار کوردە
جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسی دۆسیەی ئێراق و ئێرانە لە وەزارەتەکە، لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، گفتوگۆی ئەمریکا و تورکیا و پەیوەندیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات.
گاڤیتۆ دەڵێت: ئێستا زۆر بەوردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکات، من ماوەی 20 ساڵە چاودێریی سووریا دەکەم و، ئەمەی ئێستا گۆڕانکارییەکی سەرسووڕهێنەر بوو لە ڕووداوەکان دا. هەروەها بە گومانەوە لەوە دەڕوانێت کە پیلانگێڕییەک لە ئێراقەوە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبووبێت بۆ ڕووخاندنی ئەسەد.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ گاڤیتۆ:
ڕووداو: ئایا چاودێریی پێشهاتە نوێیەکانی سووریا دەکەیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: زۆر بەوردی. من ماوەی 20 ساڵە چاودێری سووریا دەکەم و، ئەمەی ئێستا گۆڕانکارییەکی سەرسووڕهێنەر بوو لە ڕووداوەکان دا.
ڕووداو: بۆ ئێوە جێگەی سەرسووڕمان بوو؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. دیارە جەنگەکە بۆ ماوەی 13 ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ململانێیەکی چەقبەستوو بوو. ئەوەی کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەنگاویان نا، بەتایبەتیی لەگەڵ ئەوەی کە ڕووسیا و ئێران کەمتر فۆکەسیان لەسەر سووریا بوو بەراورد بە ڕابردوو، ئەوەش بەهۆی ڕووداوەکانی ئۆکراینا و ئیسرائیل و ئەوانی دیکە. لەوانەیە ئەوە جێگەی سەرسووڕمان نەبووبێت، بەڵام خێرایی جووڵەی ئۆپۆزیسیۆن، بە بۆچوونی من، شۆکهێنەر بوو.
ڕووداو: ئێوە تازە لە وەزارەتی دەرەوە دوورکەوتوونەتەوە، ساڵێک و نزیکەی مانگێکە. ئەگەر سەیری ئەو لێدوانانە بکەیت کە لە سەرکردەکانی ناوچەکە لە ئێراق، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدرێن، تەنانەت ئەگەر سەیری لێدوانەکانی ئەبوو محەمەد جۆلانی بکەیت، دەگوترێت کە پلانێکی پێشوەخت هەبووە، ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە تەنانەت ئەمریکا ئاگاداری بووە. ئایا پێتوایە ئەمریکا ئاگاداری پلانێکی لەو شێوەیە بوو کە محەمەد جۆلانی و هەتەشە پلانیان هەبوو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە چەند ڕۆژێک دا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێم وایە قسەی سەرەکی لێرەدا بریتییە لە چەند ڕۆژێک دا. بێگومان وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی ئەمریکا بەگشتی، ئاگاداری خواستەکانی هەتەشە بوون بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانیان و ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام لە چەند ڕۆژێک دا، بۆ من قورسە بیر لەوە بکەمەوە کە خەڵکانێک چاوەڕێی ئەوەیان کردبێت بەم شێوەیە ڕووبدات، بەتایبەتیی چونکە ڕووسیا و ئێران هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان سووریایان وەکوو بەشێکی گرنگی ستراتیژی هەرێمی دەبینی، تەنانەت ڕووسیا وەکوو ستراتیژی جیهانی دەیبینی.
ڕووداو: ئێوە ماوەیەکی درێژ کارتان لەسەر ئێراق کردووە...
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەڵێ، ماوەیەکی درێژ.
ڕووداو: سەردانی ئێراقتان کردووە. هەموو لایەنەکانی ئێراق دەناسن. هەندێک گرووپ هەن، بەتایبەتیی گرووپە شیعەکان لە ئێراق کە دەڵێن ژوورێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن هەبووە بە سەرکردایەتی بەریتانیا، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئەوەی ڕوویدا لە سووریا. تاوەکوو چەند پێتوایە ئەوە ڕاستە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هاوکارەکانی پێشووم لە وەزارەتی دەرەوە بۆ هەر وردەکارییەک لەسەر ئەوەی چ جۆرە هاوئاهەنگییەک هەبووە. وەکوو حکومەت، بێگومان وەکوو دیپلۆماتکار، ئەرکی ئێمە قسەکردن بوو لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بێگومان کارمەندانمان لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان دەدا زانیاری وەربگرن و لە پەیوەندی نزیکدا بوون لەگەڵ هەموو ئەو گرووپانە بۆ تێگەیشتن لە نیازەکانیان، بەڵام سەبارەت بە پیلانگێڕییەکی گەورەتر بۆ ڕووخاندنی ئەسەد بەوشێوەیە، لەم کاتەدا، من زۆر گومانم لەو قسانە هەیە.
ڕووداو: پێتوایە ڕاست نییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێم وایە لەوانەیە ڕاست نەبێت.
ڕووداو: ئەمریکا بە فەرمی دانی بە ڕژێمی ئەسەد دانەدەنا، بەڵام لە هەمان کات دا، ئەگەر سەیر بکەیت، هەتەشەی وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی داناوە. تەنانەت خەڵاتێک هەیە بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەری جۆلانی. پێتوایە پەنجەرەیەکی نوێ لە ئەمریکا هەیە کە سووریای لێوە دەبینن؟ تەنانەت لەوانەیە جۆلانی و حکومەتەکەی قبووڵ بکەن؟ چونکە ئەوەی لە سەرۆک بایدن دەیبیستین و ئەوەی لە وەزارەتی دەرەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینیومانە، دەڵێن ئێمە سەیری کردەوەکانیان دەکەین.
جێنیفەر گاڤیتۆ: ڕاستە.
ڕووداو: ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵیان کار بکات؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان.. با هەنگاوێک بچینە دواوە، بەڕاستی ئەم هەفتەیە جیهان شوێنێکی باشترە کە ئەسەد لە سووریا لە دەسەڵات دا نەماوە. هەڵوێستی ئەمریکا، وەکوو ئاماژەت پێدا، بۆ ساڵانێک ئەوە بووە کە ئەسەد ناتوانێت سەرکردەیەکی شەرعی بێت بۆ سووریاییەکان، بەتایبەتیی دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکەکەی خۆی. بۆیە سووریا ئەمڕۆ زۆر باشترە چونکە ئەسەد لەوێ نییە.
ڕووداو: تۆ پێتوایە باشترە چونکە ئەسەد نییە، بەڵام ئێستا گرووپێکمان هەیە کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەبووە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ڕاستە. دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە کە پێم وایە، سەرەتا و گرنگتر لە هەمووی، ئەم هەفتەیە دەبێت دان بەوە دابنێین کە شتێکی ئەرێنییە ئەسەد چیتر ئەشکەنجەی گەلەکەی نادات، بەڵام تۆ ڕاست دەکەی، هەتەشە لەلایەن حکومەتی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆر لە هاوبەشەکانمان لە جیهان دا وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. ئەمە ئاستەنگێکە، بەڵام ئەوەی لە سەرۆک و وەزیری دەرەوە بیستوومانە، بێگومان دەرگەیەک دەکاتەوە بۆ ڕێگەیەکی نوێ بۆ هەتەشە و سووریا بەگشتی. وەزیری دەرەوە دوێنێ کۆمەڵێک مەرجی دانا کە پێویست بوون بۆ ئەوەی ئەمریکا و لەوانەیە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان حکومەتی نوێ لە سووریا بناسێنن، لەوانە گواستنەوەی یارمەتیی مرۆیی و لەخۆگرتن ، هەر چوار خاڵەکەم لەبیر نییە. بەڵێ، دەرفەتێک هەیە بۆ پێداچوونەوە بەوەدا.
ڕووداو: کاتێک باسی دەرفەت دەکەین، بۆ نموونە، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ کەسێک بکەیت، ئەگەر هیچت لەسەر پێشینەی یاخود لەسەر مێژووی نەبێت، دەڵێیت باشە، ئێمە سەیری داهاتووت دەکەین، بەڵام ئەگەر کەسەکە لە ڕابردوودا بناسیت، لەسەر بنەمای ئەوە هەڵیدەسەنگێنیت کە لە ڕابردوودا چی کردووە. ئایا ئەمریکا دڵخۆشە بەوەی هەتەشە کردی ئەو کاتەی حکومەتێکیان لە ئیدلیب و شوێنەکانی دیکەی سووریا هەبوو؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەوە پەرەسەندنێک بووە. نەخێر، وەڵامی کورت ئەوەیە کە نیگەرانی قووڵ هەیە سەبارەت بە جۆلانی و چالاکییەکانی ڕابردووی هەتەشە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ تێیداین. کردەوەکانیان لە داهاتوودا چی دەردەخەن، سەرەڕای هەندێک لە لێدوانە زۆر گرنگەکانیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا. بێگومان چەند هەفتە و چەند مانگێک گرنگن بۆ باسکردنی گشتگیری و پاراستنی کەمینە ئایینییەکان. ئەوانەش بابەتێکن وەکوو دەزانین لە سەرانسەری ناوچەکەدا گرنگییەکی زۆریان هەیە. بۆیە ئەو نیگەرانیانە سەبارەت بە جۆلانی ناڕەوێنەوە، بەڵام پێم وایە گرنگە نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکوو بۆ هەموو دۆستانی سووریا و هاوبەشە هەرێمییەکان کە دەرفەت بدەن بۆ دەرکەوتنی جۆرێکی نوێ لە حکومەت کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینە ئایینییەکان بگرێت. بۆیە ئەگەر جۆلانی و هەتەشە بتوانن قۆناخی گواستنەوە جێبەجێبکەن و ببنە بەشێک لە سووریای نوێ، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتە هاوبەشێکی باشیان.
ڕووداو: لە ڕاستی دا پرسیاری زۆر هەیە لەسەر هەتەشە و جۆلانی، بەڵام دەزانین تەنیا هەتەشە لە سووریا نییە، گرووپی دیکە هەن وەکوو سوپای نیشتمانی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات. ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ناوچەکە دەکات. دەچێتە تورکیا و ئوردن. چ چاوەڕوانییەکت هەیە لە سەردانەکەی بۆ تورکیا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: چاوەڕێی گفتوگۆی زۆر دژوار دەکەم لەسەر ئەو کارانەی ئێستا سوپای نیشتمانی سووریا بە پشتیوانی تورکیا لە باکووری سووریا دەیانکات. ئەو وێنانەی بینیومانن، مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییان، هەروەها هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، پێم وایە لە باشترین حاڵەتدا ناسەقامگیری درووست دەکات و پێچەوانەی ئەوەیە کە تازە باسمان کرد، ئەویش هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی سووری نوێ و باش و گشتگیر.
ڕووداو: پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و هەسەدە بۆ نزیککردنەوەی هەردوولایان، تورکیا وەکوو وڵات و هەسەدە وەکوو کارگێڕییەکی سەربەخۆ نوێ نییە.
جێنیفەر گاڤیتۆ: نەخێر.
ڕووداو: ئەوان ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدەن، بەڵام تورکیا دژی هەموو دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ هەسەدە. پێتوایە ئەم جارە وەکوو قۆناخێکی نوێ لە سووریا، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا ڕازی بکات کە لەگەڵ هەسەدە پێکەوەبن، لانی کەم بۆ جۆرێک لە ئاگربەست و هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێگەبدەن هەسەدە ئەوە بکات کە لەگەڵ ئەمریکا دەیکات لە شەڕی دژی داعش؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەڵێ. من بیرم چوو ئەوە بڵێم کە کاتێک باسی بەرژەوەندی ئەمریکا لە سووریا و ئەو مەرجانەی دەبێت هەبن دەکەین...
ڕووداو: بەرژەوەندی ئەمریکا چییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەرژەوەندی ئەمریکا زیاتر پەیوەندی بە پاراستنی ئەو سەربازانەوە هەیە کە نزیکەی 900 سەرباز دەبن، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەسەدە بۆ شەڕی دژی داعش.
ڕووداو: ئەی هاوبەشەکانتان، ئایا بەرژەوەندیتان لە پاراستنی هاوبەشەکانتان دا هەیە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان بەڵێ. پێم وایە ئەمە بەشێک دەبێت لەو گفتوگۆ زۆر دژوارانە لەگەڵ تورکیا.
ڕووداو: هیچ هیوایەک لەو گفتوگۆیانە دەبینی؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: من واقیعبینم سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا تاوەکوو ئێستا. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوادارم کاتێک تورکیا سەیری وێنە گەورەکە دەکات و دەرفەتێک بۆ سەقامگیری دەبینێت، کە حکومەتێکی گشتگیر بۆ هەمووان درووست ببێت. پێشتر عەلەوییەکان هەبوون، ڕژێم هەبوو، کورد هەبوو، سوپای نیشتمانی سووریا هەبوو بە پشتیوانی تورکیا. هەموو ئەو پێکهاتە جیاوازانە هەبوون، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، کورد لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنن. کۆنترۆڵ کردنەکە بەوشێوەیە دەبێت. ئەگەر ئەم دوو لایەنە بتوانن پێکەوەبن و حکومەتێکی گواستنەوە درووست بکەن کە مافەکانی گەلی سووریا بپارێزێت و گرنگتریش..
ڕووداو: ئەوە لەم دۆخەدا کردارییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێم وایە ئەمە باشترین دەرفەتە کە دەکرێت لە سووریا هەمانبێت. نیازباشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەڵام نامەوێت تورکیا لەبەرچاو نەگرم، لە بەرژەوەندی تورکیایە کە سەقامگیری لە سووریا هەبێت. ئەمە ئەو دەرفەتەیە کە دەتوانن بیکەن. بەڵام پێویستی بە سازش و دۆزینەوەی ڕێگەیەک هەیە لەنێوان سوپای نیشتمانی و هەسەدە بۆ یەکگرتن و پێکهێنانی حکومەتێکی گواستنەوە. ئەمە لە بەرژەوەندی تورکیایە، پێم وایە ئەمە بنەمایەک دەبێت بۆ گفتوگۆکان لەنێوان وەزیر بلینکن و هاوتاکەی لە ئەنقەرە.
ڕووداو: دڵنیا نیم ئەگەر لەگەڵم هاوڕابیت کە پرسی سووریا بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد چارەسەر نابێت.
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان.
ڕووداو: شرۆڤەی زۆر هەن لێرە لە ئەمریکا، ئەوەی لە بەرپرسان و بەرپرسانی پێشوو و ئەو کەسانەی چاودێری دۆخەکە دەکەن بیستوومە، دەڵێن دۆخە سەختەکە ئێستا دەست پێدەکات. چونکە زۆر قورسە، نەیانتوانی هەموو ئەو لایەنانە پێش ڕووخانی ئەسەد پێکەوە کۆبکەنەوە. ئێستا، کاتێک گرووپێکت هەیە کە باڵادەستە، هەندێک گرووپی دیکەمان هەن لە پێگەی لاوازدان. چۆن دەتوانیت سووریایەکی نوێت هەبێت بە بوونی هەموو ئەم گرووپانە لە یەک حکومەت و بەبێ ئەوەی هەڕەشەبن بۆ سەر هاوبەشە هەرێمییەکان، بەبێ ئەوەی هەڕەشەبن لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؟ چۆن پرسی سووریا لەمەودوا دەبینیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: سەرەتا، پێم وایە هەڵە دەبێت دان بەوە دانەنێین کە ئەمە دۆخێکی ئێجگار ناسەقامگیر و مەترسیدارە، چونکە وایە، بەڵام ئیدی ئەوە دۆخەکەیە. با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، سووریایەک بەبێ ئەسەد لە بنەڕەتدا باشترە لە سووریایەک لەگەڵ ئەسەد. ڕاستە دۆخەکە ئێجگار مەترسیدار و ناسەقامگیرە. ئەمە گوتراوە، ئەگەر هەرکاتێک دەرفەتێک هەبووبێت بۆ حکومەتێک کە نوێنەرایەتی گەلی سووریا بکات، ئەمە ئەو کاتەیە. ئەو پەنجەرەیە بۆ ماوەیەکی درێژ نامێنێتەوە. من و تۆ هەردووکمان دەزانین ناوچەکە لە زۆر شوێنی دیکەش لە ئاژاوەدایە. بەڵام چاوی جیهان ئێستا لەسەر سووریایە، پێم وایە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەمریکا، هاوبەشە ئەوروپاییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت سەرەتا ڕێز لەوە بگرن کە ئەمە پڕۆسەیەکە بە سەرکردایەتی سووریاییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت توانا و ئامادەییان هەبێت بۆ دابینکردنی ئەو ئامرازانەی پێویستن بۆ ئەوەی سووریاییەکان خۆیان سەقامگیری درووست بکەن. ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری پێشووت سەبارەت بەوەی چی بکەین لەگەڵ هەتەشە. کردنەوەی دەرگا بۆ لابردنی لە لیستی تیرۆر، بۆ دڵنیابوون لەوەی پشتیوانی دەکرێت لەنێو حکومەتێکی گواستنەوە دا کە هەتەشە تێیدا بەشێکی گرنگە، پێم وایە یەکێکە لەو بوارانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت پشتیوانی بکات، بە مەرجێک، کە هەڵسوکەوتەکانی جۆلانی و هەتەشە بەردەوام بن لە جەختکردنە سەر لە خۆگرتن و پاراستنی هەموو سووریاییەکان.
ڕووداو: ئەی سەبارەت بە لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داوە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێم وایە ئەوە پرسیارێکی کراوەیە. پێم وایە ئەوە شتێک نییە کە لەم ماوە کورتەدا چارەسەر بکرێت. کەس و گرووپی زۆر لە سووریا تاوانی نەگوتراوی قێزەونیان ئەنجامداوە. ئەوە دەبێت بەشێک بێت لە پڕۆسەیەکی ئاشتەوایی نیشتمانی لە داهاتوودا، بەڵام بۆ ئێستا، پێم وایە دەبێت جەخت بکرێت لەسەر سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی، دڵنیابوون لەوەی یارمەتییەکان دەگەنە شوێنی پێویست، بەڵام تۆ پرسیارت کرد کە ئایا پێم وایە ئەمە دەکرێت، دووشت زۆر سەرنجڕاکێش بوون بۆ من لەم هەفتەیەدا. یەکەم ئەو وتارە بوو لە هەموو گرووپە جیاوازەکانەوە کە باسی ئەوە دەکەن ئێمە هەموومان سوورین. وەکوو دەزانیت، ئەمە لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بەم شێوەیە نەبووە. بۆیە، ئەگەر سووریاییەکان بتوانن دەست بەم ناسنامە نیشتمانییە و ئەو هەستی بەرپرسیارییەتییەوە بگرن بۆ داهاتووی سووریا، پێم وایە ئەمە بەردی بناخەی سەرەکییە بۆ پێشڤەچوون. شتێکی دیکە کە ئەم هەفتەیە هیوای زۆر و زەردەخەنەی پێبەخشیوم، من لە کاتی قەیرانی پەنابەرانی سووریا لە ئەوروپا کارم دەکرد، کە ئەو شاڵاوی پەنابەرانە دەبینی کە دەگەڕێنەوە بۆ سووریا لە تورکیاوە، لە ئوردنەوە، لەوانەیە لە ئەوروپاوە، بەڕاستی ئەوە قسەی زۆر هەڵدەگرێت کە سووریاییەکان خۆیان چۆن هەست بە وڵاتەکەیان دەکەن و هەروەها ئەو بەرپرسیارییەتییەی هەستی پێدەکەن کە دەیانەوێت بەشێکبن لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان. کەواتە دیسانەوە، ڕێگەیەکی ئاسان لە پێش نییە، بەڵام بەڕاستی باوەڕم وایە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت ڕۆڵی پشتیوانیکردن نەک خۆسەپاندن بگێڕێت، پێم وایە بوار هەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر.
ڕووداو: بوار هەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر. ئەی ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ شەڕی ناوخۆ؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. پێم وایە ناکرێت ئەو ئەگەرە وەلابنرێت، بەڵام دیسانەوە پێم وایە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گفتوگۆ دژوارانە، بێگومان لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئیسرائیل تاوەکوو ڕادەیەک. ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێیەکانی سووریا پێویستە ئێستا بیکەن ئەوەیە دەبێت هەر شتێک کە لە توانایاندایە بیکەن بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە، نەک ناسەقامگیری، بەڵام ئێمە ئەوە لەم ساتەدا نابینین.
ڕووداو: باسی ئیسرائیلت هێنایە نێو گفتوگۆکەمان. چیمان لە سەرکردە ئیسرائیلییەکان بیستووە؟ بیستمان سەرۆکوەزیران نەتانیاهوو چی لەسەر کورد، لەسەر کریستیانەکان گوت، هەروەها ئەوەی لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بیستمان، ئەوان داوا دەکەن، تەنانەت دەڵێن لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان گفتوگۆ دەکەین بۆ پاراستنی کورد لە مونبیج، کە نەیانتوانی بیکەن. ئێستا لە کۆبانێ و لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. ئایا هیچ گوشارێک هەیە لە ئیسرائیلەوە بۆ سەر حکومەتی ئەمریکا بۆ یارمەتیدان و پاراستنی کورد لە سووریا؟ چۆن سەیری ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئیسرائیلی دەکەیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان پێم وایە لە بەرژەوەندی ئەمریکایی هاوبەشەکەمان هەسەدە بپارێزێت و هەروەها لەگەڵ تورکیا کار بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ناوچەیە زیاتر ناکەوێتە نێو شەڕەوە. ئەمە پێش هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ئێمەدایە. پێویستیمان بە ئیسرائیل نییە بۆ ئەوەی باوەڕ بە ئێمە بێنێت کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە.
ڕووداو: بەڵام چی ڕوودەدات کاتێک ئیسرائیل وەکوو بەهێزترین هاوپەیمانتان لە ناوچەکە، بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت یان شتێک دەبینێت کە لە بەرژەوەندی ئێوە و لە بەرژەوەندی ئەواندایە؟ ئایا ئەمە هێزی زیاترتان پێدەدات بۆ گوشاری زیاتر لەسەر هەندێک وڵات؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەگەر من لەو گفتوگۆیانەدا بوومایە، کە نیم، ئیسرائیلم هۆشیار دەکردەوە بەهەمان شێوە حکومەتی خۆشمانم ئاگاداردەکردەوە کە ئەم ساتە پێویستی بە جوڵەیەکی زۆر بچووکە. سووریاییەکان بوون کە سووریایان ئازادکرد. دەبێت سووریاییەکانیش ڕێگە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا دابنێن. ئەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان، لەوانە ئیسرائیل و تورکیا پێویستە بیکەن ئەوەیە ئەم دەرفەتە دابین بکەن و زیاتر دۆخەکە ناسەقامگیر نەکەن. قسەکردن لەسەر چۆن دەتوانین بچین خۆمان بسەپێنین، شتێک نییە کە من بمەوێ پێشنیازی بکەم.
ڕووداو: تۆ لە ئێراق کارت کردووە، بۆچی ئێراق ئەوەندە نیگەرانە لە دۆخی سووریا؟ چی وایان لێ دەکات ئەوەندە نیگەران بن؟ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەندێک بەرپرس، وتیان تەنانەت ئێراق خەریک بوو تێوەبگلێت لە سووریا، بەڵام دواتر ئیدارەی بایدن ئامۆژگاری کردن کە دوور بکەونەوە. بۆچی سەرکردە ئێراقییەکان، بەتایبەتیی سەرکردە شیعەکان، ئەوەندە نیگەرانی دۆخی ئێستان؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: دیسانەوە، پێم وایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمە دۆخێکی ناسەقامگیر و مەترسیدارە و دەرفەتی دیکە دەڕەخسێنێت. ناسەقامگیری دەتوانێت بەئاسانی بڵاوببێتەوە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بینیومانە کە تووندوتیژی لە سووریا لە سنوورەکانی سووریادا نەمایەوە. بووە گۆڕەپانی هێزە جیهانییەکان لەوانە ئێران، میلیشیا ئێراقییەکان و ئەوانەی دیکەش بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ ناسەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا. بۆیە پێم وایە سەرکردە ئێراقییەکان مافی خۆیانە نیگەرانبن کە ئەگەر شەڕی تووند دووبارە هەڵبگیرسێتەوە دوای ماوەیەک لە ململانێی چەقبەستوو، کە ئەمە کاریگەریی ناسەقامگیرکەری لەسەر خودی ئێراق دەبێت. پاشان ئەو ڕەهەندەشی لەگەڵ زیاد دەکەیت کە بەتایبەتیی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق هەیە لەگەڵ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە، ئەوەش شتێکی دیکەیە لە ئەگەری درووستبوونی ناسەقامگیری و زیاتربوونی ململانێ. دەزانیت، ئەگەر تورکیا هەست بەبەهێزی بکات بەردەوامبێ لە لێدانی هەسەدە، بینیومانە کە بەردەوام لەنێو ئێراق دەدەن. دیسانەوە، ئەمە تەنیا بەنزین دەکات بە ئاگرەکەدا. بۆیە من پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی ئێراق دەکەم خۆی بگرێت و تێوە نەگلێت. پێم وایە ئەم هەڵوێستەمان لە زۆربەی وڵاتان بینیوە، لەوانەیە سەرسووڕهێنەرترینیان تاوەکوو ڕادەیەک لە ئێران و خودی ڕووسیاوە بێت. لە بەرژەوەندی کەس نییە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات ببێتە تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووی دیکە.
ڕووداو: باسی کوردی سووریا دەکەیت. پێتوایە ئەمریکا پشتیوانی لە بیرۆکەی ناسینی کورد دەکات وەکوو نەتەوەی دووەم لە سووریا لە حکومەتی داهاتوودا وەکوو ئەوەی لە ئێراق دوای 2003 کردیان؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بۆ من قورسە پێشبینی ئەوە بکەم کە بەشێک دەبێت لەو گفتوگۆیانەی ئێستا ڕوو دەدەن. ئەوەی بینیومە و بیستوومە، لەوانە لە گەلی سووریاوە، باسی سووریایەکی سەروەر و یەکپارچە دەکرێت، وڵاتێک کە ماڵ بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوە . ئەوەیە کە جەختی لەسەر کراوە.
ڕووداو: چەند خولەکێکی دیکەم ماوە. هەوڵدەدەم باسی ئیدارەی داهاتوو بکەم. لێدوانی سەرۆکی هەڵبژێردرا و دۆناڵد ترەمپمان بینی لەسەر سووریا، کە وتی هیچ بەرژەوەندییەکمان لەم ململانێیەدا نییە و زۆر هاوڕای ئەو کارانە نەبووە کە ئیدارەی ئێستا لە سووریا دەیکات. پێتوایە کاتێک ئیدارەی داهاتوو دێتە کۆشکی سپی، بیر لە کشانەوەی هێزەکان دەکەنەوە لە سووریا، چونکە پێیان وایە داعشیان لەنێوبردووە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ژمارەی هێرشەکانی داعش لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ بە میرات وەریدەگرێت زۆر جیاوازە لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ. پێم وایە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو سەربازانە لە سووریا بکێشنەوە یان نا. جاری پێشوو ئەوە هەبوو. لە کۆتاییدا ڕووینەدا. بۆیە پێم وایە ئەم ئیدارەیە و تیمی ئاساییشی نیشتمانی کە ئەزموونی هەیە، سەیری مەترسی ڕێژەیی مانەوەی ئەمریکا لەوێ دەکەن. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم، ئەوە گوزارشتە لە ئەمریکا بەگشتی، کە ئەمریکییەکان کەمتر پشتیوانی لە بەشداری ئەمریکا دەکەن لە ململانێ دەرەکییەکاندا، چونکە وایدەبینن ململانێی ئەوان نییە. دەتوانین گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە کامە ململانێی ئێمەیە و چ بەرپرسیارییەتییەکمان هەیە، بەڵام ڕەنگدانەوەی بۆچوونی دەنگدەران ئەوەیە، ئیدارەی ترەمپیش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە، بەڵام پێم وایە تەماشای تواناکانی داعش دەکەن، هەروەها سەیری دۆخە نوێیەکەی سووریا دەکەن، کە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی هەموو ئەمانە، دیسانەوە، ئەوەیە کە بۆشاییەکی دەسەڵاتت هەیە کە داعش دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. بۆیە، پێم وایە تیمەکە سەیری هەموو ئەوانە دەکات و هەڵسەنگاندن دەکات. ئەگەر مەزەندەیەک بکەم، پێم وایە ئەو هێزانە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە چونکە داعش هێشتا تێکنەشکاوە. لە ڕاستی دا، لە هەڵکشاندان و توانایان هەیە کە دۆخی سووریا زیاتر بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر. بۆیە دڵنیام ئەو گفتوگۆیانە ڕوو دەدەن. باشترین مەزەندەم ئەوەیە کە ئەمە بڕیاری کۆتایی نابێت.
ڕووداو: تۆ دەڵێی ئیدارەی دووەمی ترەمپ لە یەکەم جیاواز دەبێت. چ شتێک دەبینیت لەڕووی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: مەبەستم ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازە. چەند ساڵێکە ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا هەیە. بۆیە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 2016 زۆر جیاوازە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆ. بۆیە، ئەوەی چاوەڕێ دەکەم ئیدارەی ترەمپ پشتیوانییەکی بەهێزی ئیسرائیل بکات، بەردەوامبوونی پشتیوانی وەکوو پێویستییەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکان لە غەززە، لە لوبنان کەمتر چونکە ئێستا ئاگربەست کەم تاوەکوو زۆر بەردەوامە، بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئیسرائیل بدرێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت وەکوو بە ئیدارەی نوێ ڕاگەیێندراوە. پێم وایە ئەوە خاڵی سەرەکی دەبێت. پێم وایە هەڵوێستێکی زۆر تووند دەبینین بەرانبەر ئێران. بێگومان یەکێک لەو بوارانەی کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا گۆڕاوە پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە. دەتوانیت ئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا لە JCPOA بکەیت وەکوو هۆکارێکی گرنگ لەوەدا، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان زۆر پێشکەوتووترە لەوەی پێش چەند ساڵێک. بۆیە پێم وایە هەوڵێکی بەهێزی دەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەو بەرنامە ئەتۆمییە. لە هەمان کاتدا، بەشێکی گرنگی ئەوەی کە ئەمریکا بتوانێت لە پێگەیەک دابێت بۆ پاشەکشەکردن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە دەبێت تاوەکوو ڕادەیەک سەقامگیری هەبێت. سەرۆک خۆی بە شارەزای ڕێککەوتن دەزانێت. بۆیە تەنانەت کاتێک هەڵوێستێکی تووند بەرانبەر ئێران دەگرێتەبەر، پێم وایە بە شێوەیەک دەبێت کە چۆنییەتی گەیشتن بە جۆرێک لە ڕێککەوتن مسۆگەر بکات و، ئێران پاشەکشە پێبکات، نەک تەنیا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵکوو لە کاریگەریی خراپی لە ناوچەکەدا، ئەوەش پێشتر لاوازکراوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکان دژی حیزبوڵڵا و سووریا و ئەوانەی دیکە. بۆیە پێم وایە ساتێکی گرنگ لێرەدا هەیە.
ڕووداو: ئەمە دوایین پرسیارم دەبێت. چی دەبینیت سەبارەت بە ئێراق؟ کاتێک هەڵوێستێکی تووند هەیە، قسەی زۆر هەیە لەسەر ئێران، دەزانین کە ئێران دەستی باڵای هەیە لە ئێراق، بەتایبەتیی لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. پێتوایە ئەم ئیدارەیەی ترەمپ، ئیدارەی دووەم، گوشار لەسەر ئێراق، لەسەر شیعەکانی ئێراق دادەنێت بۆ بڕینی دەستی ئێران لەناو ئێراق دا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. ئەوەش بەردەوامبوونی سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەبێت. ئەمریکا لەمێژە نیگەرانییەکی ئێجگار زۆری هەبووە لەسەر ئەو کاریگەرییەی کە ئێران لە ئێراق دا هەیەتی. پێم وایە ئیدارەی ترەمپ هەمان نیگەرانی دەبێت و هەوڵدەدات ڕێگە بدۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر من ڕاوێژم بدابووایە ئیدارەی نوێ، بەڕاستی دەگەڕامەوە بۆ ئەو چەمکەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەمان پێداوە، کە بەڕاستی یارمەتیدانی ئێراقە بۆ ئاڕاستەکردنی بەرەو دەوڵەتێکی عەرەبی میانڕۆ. بۆیە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی، چ وزە یان پەروەردە یان تەندرووستی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، سەربەخۆبوونی وزە لە ئێران بۆ ئەوەی پشت بە وزەی ئێرانی نەبەستێت، چونکە دواتر ئێران دەتوانێت وەکوو چەکێک بەکاریبهێنێت بۆ کاریگەریی خستنەسەر حکومەتی ئێراق. پاشان بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراق بە شێوەیەک کە پشتیوانی لە ئێراقێک بکات کە سەقامگیر و لە ئاشتی دا بێت لەگەڵ خۆی، بتوانێت سنوورەکانی خۆی بپارێزێت، پەیوەندییەکی بەرهەمدار و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لەوانە باکووری ئێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە، دیسانەوە، ئەگەر سەیری ستراتیژەکە بکەیت بۆ ئەوەی ئامانجی کۆتایی چی دەبێت. پێم وایە بەردەوامبوونی ئەوەی هەوڵمانداوە لەم ڕووەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا باشترین ئامراز دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە دڵنیام جەختی ئیدارەی ترەمپ دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران.
ڕووداو: زۆر سوپاس جێنیفەر. سوپاس بۆ ئەو تێڕوانینە باشانە سەبارەت بە ناوچەکە. چاوەڕێی ئەوەم بەم زووانە دووبارە لە ڕووداو بتبینمەوە.
جێنیفەر گاڤیتۆ: چاوەڕێ دەکەم. زۆر سوپاس[1]