سۆران حسێن
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی سنوورەکە بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە و نزیکەی 2500 خێزان گەڕاونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 200 کەس لەوانەی گەڕاونەتەوە لە عەفرین دەستگیر کراون و داوای پارەیان لێدەکرێت.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین ئەمڕۆ شەممە #14-12-2024# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بۆ عەفرین و دەوروبەری ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و تاوەکوو ئەمڕۆ نزیکەی 2500 خێزان گەڕاونەتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوە دەکات، ئەو هاونیشتمانییانەی دوای ڕووداوەکانی سووریا لە تل ڕەفعەت و شەهباوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە عەفرین لەلایەن حکومەتی خۆجێی شارەکە و گرووپە چەکدارەکانەوە کێشەیان بۆ درووست دەکرێت.
ئەحمەد حەسەن وتی: لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە زیاتر لە 200 پیاویان دەستگیر کراون؛ ئەویش بەو تۆمەتەی گوایە پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کاریان کردووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین وتی: ئەوانەی دەستگیر دەکرێن بەشێکیان دراونەتە دادگە، لەوێ سزای مادی دەدرێن لە 500 بۆ 700 دۆلاریان لێ دەسەندرێت و دواتر ئازاد دەکرێن.
ئەحمەد حەسەن دەڵێت: هەموو ئەوانەی دەستگیر کراون لەلایەن حکومەتی خۆجێی عەفرینەوە نەبووە و بەشێکیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیر کراون.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین باس لەوە دەکات، هەر خێزان یان کەسێک لە سنووری عەفرین دەستگیر بکرێت، ئەنجوومەنی خۆجێی عەفرین هاوکاریی دەکات. ئەحمەد حەسەن وتی: دوێنێ لە گوندی برچقاس ژن و مێردێک دەستگیر کرابوون و داوای پێنج هەزار دۆلاریان لێدەکرا، ئەنجوومەنەکەمان دەستوەردانی کرد و بێ پارە ئازاد کران.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە کە خۆی لە عەفرینە، بەشێکی ئەوانەی دەستگیر دەکرێن نادرێنە دادگە و دوور لە دادگەکان بە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار ئازاد دەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕووداو، تاوەکوو ئەمڕۆ عەرەبە هاوردەکانی عەفرین نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی سووریان، هەر بۆیە ئەو هاونیشتمانییانەی گەڕاونەتەوە عەفرین لەنێو ماڵی کەسوکاریاندا دەژین و چاوەڕوانی چۆڵکردنی خانووەکانیانن.
8ی ئەم مانگە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارە سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)بوو، ئەوە وای کرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشێکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.[1]