سیروان عەباس
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەنێرێت و دەڵێت: لەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکتان لێناکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، #14-12 -2024# ، ڕۆژنامەڤانێک لە ڤیدیۆیەکدا لەبارەی کوردەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع دەکات و دەڵێت: بەڕێز ئەحمەد شەرع، چی دەڵێیت و پەیامت چییە بۆ سوورییەکان، بۆ کورد و هاوبەشانی نیشتمانیی سووریا؟
ئەحمەد شەرع لە وەڵامدا دەڵێت: کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکوو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت.
ئەحمەد شەرع دەڵێت: سوپاس بۆ خوا بە لادانی ڕژێم ئەو ستەمە نەما کە لێمان دەکرا، پشت بەخوا، سووریای داهاتوو کورد تێیدا هاوبەشی سەرەکیی دەبێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەست پێ دەکات.
ئەو ڕۆژنامەڤانە لەبارەی ئاوارەکانی عەفرینەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هەوڵدەدەین ئاوارەکان عەفرین بگەڕێنەوە.[1]