بەشدار موزەفەر
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئاگربەستییان لەگەڵ سوپای نیشتیمانیی سووریا، بەڵام هێشتا لەلایەن ئەو هێزەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. دەشڵێت، پاسەوانانی کەمپ و زیندانەکانی داعش بۆ نیوە کەمبوونەتەوە.
ڕۆژی#12-12-2024# ، #مەزڵوم عەبدی# ، فەرماندەیهێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند: ئێمە هێشتا لەژێر هێرشی بەردەوامی سوپای تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی پاڵپشتیکراوی تورکیاین کە بە سوپای نیشتیمانی سووریا دەناسرێت.
مەزڵوم عەبدی هەروەها دەڵێت: رۆژانە سوپای تورکیا بە 80 درۆن هێرشمان دەکاتە سەر. تۆپبارانی قورس هەیە. دۆخەکە ئۆپەراسیۆنی دژ بە تیرۆری پەکخستووین.
دوای ئەوەی لە 8ی ئەم مانگە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا رووخا، هێرشەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیان کردووە.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی زیندانییەکانی داعش هۆشداری دا لەوەی، نیوەی ئەو شەڕڤانانەی کە پاسەوانی کەمپەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەرکەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و گوتی، هەموو زیندانەکان هێشتا لەژێر کۆنترۆڵدان. زیندانەکان و کەمپەکان لە دۆخێکی هەستیاردان لەبەر ئەوەی کێ پاسەوانییان دەکات؟ ئەوان [پاسەوانەکان] دەڕۆن و دەبێت پارێزگاری لە خێزانەکانیان بکەن.
هێشتا 56 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانیان لە کەمپ و زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ژێر چاودێریی هێزەکانی سووریای دیموکرات دان.
دوێنێ پێنجشەممە، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هەردوو لا لە گفتوگۆدان.گوتیشی: پابەندبوونی ئێمە بە هاوبەشیمان لەگەڵ کوردانی سووریا، بە تایبەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، قووڵ و بەهێزە.
دوای رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی کورد کرد، کە ئەمریکا بە هاوبەشی سەرەکی لە شەڕی دژی داعش دایاندەنێت.
دوای شەڕ و پێکدان و پاشان رێککەوتن، شەڕڤانان لە بەشێکی منبج و دێرەزوور لە رۆژئاوای رووباری فورات کشانەوە و ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا.
ڕۆژی چوارشەممە، #11-12-2024# ، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵکی سڤیل، بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنی ئاگربەست لە منبج.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان جێگیرکردووە کە زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. [1]