سەرۆک بارزانی دەڵێت: لێدوانی ئەحمەد شەرع (ئەبوو محەمەد جۆلانی)، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام لەبارەی گەلی کورد جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێدەکەین.
ڕۆژی یەکشەممە، #15-12-2024# ، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: لێدوانێکی بەڕێز ئەحمەد شەرعم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسفکردبوو.
لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادرووستەی لە بەرانبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، #14-12-2024# ، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی ڕۆژنامەڤانێکدا ڕایگەیاند: کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکوو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت.
ئەحمەد شەرع وتی: سوپاس بۆ خوا بە لادانی ڕژێم ئەو ستەمە نەما کە لێمان دەکرا، پشت بەخوا، سووریای داهاتوو کورد تێیدا هاوبەشی سەرەکیی دەبێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەست پێ دەکات.
ئەو ڕۆژنامەڤانە لەبارەی ئاوارەکانی عەفرینەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هەوڵدەدەین ئاوارەکان عەفرین بگەڕێنەوە.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سووریا کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن. [1]