نەهرۆ محەمەد
حیزبی شیوعیی سووریا داوا دەکات تەواوی مافی کولتووری بە کوردانی سووریا بدرێت و لە 10 خاڵ دا کاری لە پێشینەی خەبات لە وڵاتەکە دا دەخاتە ڕوو.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە #16-12-2024# ، ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پێیوایە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە گرنگیدان بە سێ ئەرکی نیشتمانیی گەورە زیادیکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: خەبات لە دژی داگیرکاری بیانی و دەرچوونی هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی نیشتمان دا.
دووەم: بەدیهێنانی سەربەخۆیی نیشتمانی و سەروەریی نیشتمانیی تەواوەتی.
سێیەم: خەباتی نەپساوە لە پێناو یەکێتی خاکی نیشتمان دا.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی سووریا دەڵێت: بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە پێویستی بە یەکێتیی ڕیزەکانی سەرجەم نیشتمانپەروەرانی هەیە، لەگەڵ ئەو ئەرکە نیشتمانییە گەورانە، شیوعییە سوورییەکان پێیان وایە کاری لە پێشینەی خەبات ئەمانە لە خۆدەگرن:
1-بەدیهێنانی ئازادیی دیموکراسیی ئازادیی کۆبوونەوە، خۆپێشاندان، بڵاوکراوە، ڕۆژنامە، درووستکردنی پارت، کۆمەڵە، سەندیکا و بابەتەکانی دیکە.
2-بەدیهێنانی یەکسانیی تەواو لەنێوان هەموو هاووڵاتییان دا لە ئەرک و ماف دا، بەبێ لە بەرچاوگرتنی بیروباوەڕ، پێگەی کۆمەڵایەتی، پێدانی مافی تەواوی کولتووری بە کوردانی سووریا و کەمینەکانی دیکە.
3-پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات، بە شێوەیەکی دیموکراسییانە، ئەوەش لە ڕێگەی ئەنجوومەنێکی دامەزراندنی هەڵبژێردرا و دا لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، بەشداری زۆرترین نوێنەرایەتیی پێکهاتەی هاووڵاتییانی وڵاتی لەخۆگرتبێت.
4-ڕێزگرتن لە ئازادیی بیروباوەڕ، کە گرنگییەکی تایبەتیی لە سووریا هەیە، گرنگی ئەمە لەوە دەردەکەوێت کاتێک پێشانگەنی بزووتنەوەی نیشتمانیی لە سووریا درووشمی ئەوەیان جاڕدا ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان.
5-پاراستنی کەرتی گشتیی، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە گەشەپێدانی وڵات هەیە و ڕۆڵیکی گرنگی هەبێت لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی دا.
6-گەڕاندنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترینیان بواری خزمەتگوزاریی تەندرووستیی حکومیی خۆڕایی و دیموکراسی خوێندن.
7-هاندانی بەرهەمی نیشتمانی، بەتایبەتیی هەردوو لقی سەرەکی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پاراستنی لە بەرهەمی بیانی و گەڕاندنەوەی ئاساییشی کشتوکاڵ.
8-پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ ژنانی سووریا بەدیهاتوون، کاربکرێت لە پێناو یەکسانی تەواوەتیی نێوان ژن و پیاو.
9-پاراستنی دەوڵەمەندی و فرەیی ڕۆشنبیریی نیشتمانیی سووریا و هاندانی کاری هونەریی داهێنەرانە لە تەواوی کایەکاندا.
10-لە بواری سیاسەتی دەرەوە بنەمای بێلایەنی ئەرێنیی پیادە بکرێت، کە هاوتابێت لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی و دەربازبوون لە هەر هەژموونێکی ئیمپریالستی نێودەوڵەتیی، یاخود هەرێمی.
حیزبی شیوعیی سووریا پێیوایە بەدیهێنانی ئەو ئەرکانە، دەبێتە گەڕاندنەوەی نیشتمانیی سووریا بۆ پێگەی پێشووی خۆی، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە شیوعییەکانی سووریا خەباتی بۆ دەکەن کە نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیارە.[1]