ناونیشانی بابەت: ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردییە ( لەسەردەمی مادەکانەوە تا ئێستا کورد بە ھەشت شێوە ئاڵای ھەبووە)
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
ئاڵا، کە ھێمای بوون و کاری وڵات و نەتەوە و قەوارەکانە، ھاوشێوەی ئەوان، کوردیش بەدرێژایی مێژوو خاوەنی ئاڵا بووە، ھەر لە سەردەمی دەوڵەتی مادەکانەوە تا ئێستا.
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن، لە سەردەمی مادەکانەوە تا سەردەمی میرنشینەکان و سەردەمی ئەمڕۆش، کورد ھەشت شێوە ئاڵای ھەبووە، کە ھەریەکەیان لە چەند ڕەنگێک و بە قەبارە و درێژیی جیاوازەوە بوون.
ڕەنگ و قەبارە و شێوەی ئاڵای کورد بەدرێژایی شۆڕش و میرنشین و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی کورد، گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، تا ڕاگەیاندنی #کۆماری کوردستان# لە #مەھاباد# لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە 22 ی 1 ی 1946، بە سەرۆکایەتیی #قازی محەمەد#، #ئاڵای کوردستان# بە ڕەنگەکانی ئێستای (سوور، سپی، زەرد، سەوز) ھەڵ درا، کە مێژوونووسان دەڵێن، ئەو ئاڵایە پێشووتر لەلایەن ڕێکخراوی (کۆمەڵەی ڕێکخستنا چڤاکی کوردستانی) دروست کرابوو و لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە ھەندێ دەستکاریکردنەوە پەسند کرا و ھەڵ درا.
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان (ھەرێمی کوردستان) ئاڵای کوردستان لەسەر بینای ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخراو ھەڵ درا، تا ساڵی 1998، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا، کە لە چوار ڕەنگ پێکھاتووە (بەشی سەرەوەی ڕەنگی سوورە، خوێنی شەھیدانی ئازادیی نیشتمان، ناوەڕاستی سپی، کە ڕەنگی سپییە، ھێمای ئاشتی و سروشت و ژینگەی کوردستانە)، ھاوکات لەناوەڕاست و لەناو ڕەنگە سپییەکە خۆرێکی ڕەنگ زەردی تێدایە و 21 تیشکی کورت و درێژی تێدایە، ئاماژەیە بۆ خۆر و ڕووناکی و بەشی خوارەوەیشی ڕەنگی سەوزە، کە ئاماژەیە بۆ بوژانەوە و پێکەوەژیان).
پەڕلەمانی کوردستان لە 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2009 لە کۆبوونەوەیەکیدا، ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد، لەو کاتەوە ھەموو ساڵێک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و دەزگا و دامەزراوە حکوومییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، ڕێوڕەسم و چالاکیی جۆراوجۆری تایبەت بۆ ئەو بۆنەیە ڕێک دەخرێن.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!