ناونیشانی بابەت: چەمکێک لە ناسینی قۆناغە جیاوازەکانی چاخی دێرین
ئامادەکردنی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
گەلێک لە پسپۆڕان، سەدەی پێش مێژوویان تەرخان کردووە بۆ سەردەمی پێش بەردینی دێرین و نەزاندراوە بە چەند سەردەمێک ناونراوە (ئایولیثی)، بەڵام گەلێک لە توێژەران دڵنیا نین لەو بەردانەی بەکاریان هێناوە، ئایا سروشتین، یان دەستکردن و بەو جۆرە ئامێرە بەردینانە دەگوترێت (ئامێری تەلیزم)، کە لە گەلێک شوێن دۆزراونەتەوە.
ئەوەی لە میسیۆپۆتامیا لە سەردەمی پێش مێژوودا بووە، سەردەمی (پلایستۆسین)، کە ئاووهەوایەکی گەلێک سارد بووە، کە دیاردەی سەردەمی سەهۆڵبەندان بووە و لە مێژووی زەوی لە ڕووی خاکناسییەوە دەستنیشانی سەردەمی سەهۆڵبەندانە (لە ماوە جوداکاندا) لە تەمەنی زەوی و هەندێکیان پێش سەرهەڵدانی مرۆڤ بە ملیۆنان ساڵ بووە.
یەکەم سەردەمی درێژخایەنی سەردەمی بەردینی دێرین، نیوەی پلایستۆسین پێش نزیکەی (500000) ساڵ، کە گشتی سەردەمی بەردینی بووە، لەم ماوەیەدا پێشکەوتنی ڕۆشنبیری لە ژیانی مرۆڤدا ڕوویداوە، وەک دروستکردنی ئامێرە بەردینەکان، کە دەتوانین بە سێ سەردەمی سەرەکی دابنێین.
سەردەمی بەردینی دێرینی یەکەم یاخود ژووروو آ. قۆناغی (ئەبیفیلی)، کە کۆن (شیلی) بووە. ب. کلاکتونی. ج. ئاشولی. د. لڤالۆزی.
سەردەمی بەردینی دێرینی ناوەڕاست: آ. لفالوزی – موسیری. ب. موستێری
سەردەمی بەردینی دێرینی ژووروو یاخود دووەم: آ. پریگودی – شاتیل بیرونی. ب. ئورغنیشی. ج. سلوتری. د. مەگدەلینی.
لە میسیۆپۆتامیا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەتا جۆری سەردەمی بەردینی دێرینی ناوەڕاست، کە هەردوو سەردەمی (لڤالوازی – موستێری) دەگرێتەوە دۆزراوەتەوە، ئەمە سەردەمی سەهۆڵبەندانی سێیەمیشە و لێرەدا لە #ئەشکەوتی شانەدەر# جۆری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە .
سەردەمی بەردینی ژوورووش بۆ دواکانی سەهۆڵبەندانی چوارەم، کە بە (ورم) ناوبراوە، لەپێش (120000 بۆ 15000 ساڵە و لە 40000) ساڵ تێناپەڕێت و تەلیزمە بەردینەکان بەرەوپێش چوون، کە هەندێکیان یەک سەریان هەیە، لە ئێسک و دار و بەرد دروست کراون. دەرکەوتنی هونەری وێنەکێشان و هەڵکەندن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان بە سەردەمی (#برادۆست#ی) ناودەبرێت، کە بۆ زنجیرە چیای برادۆست دەگەڕێتەوە، لەم سەردەمەدا پێشکەوتنی زیندەوەرزانی ڕوویداوە لە ژیانی مرۆڤ، بەرەو مرۆڤی ژیر و مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەرەو لەناوچوون ڕۆیشتن.
دیارە سەردەمە سەهۆڵبەندییەکان کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر ئەورووپا هەبووە، بەڵام ئەمە لە میسیۆپۆتامیادا تەواو جیاوازتر بووە، چونکە تێیدا بەرەو باران و وشکانی چووە، واش دەردەکەوێت، کە دوور بووە لەو سەهۆڵبەندانە بەهێزە و بووە بە هۆکاری بارانی زۆر و دروستبوونی شیو و دۆڵ و ڕووبارەکان.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!