لە هەڵوێستێکدا کە بۆ یەکەمین جارە دەریدەبڕێت، #مەزڵووم عەبدی# ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە ڕێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، سووریا جێدەهێڵن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە: لەبەر ئەوەی دۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە، کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتیی ئێمەیان دا، بەسەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام فەرماندە کوردەکە لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن.
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکردن و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار پشتڕاستیدەکاتەوە کە شەڕڤانانی بیانی، لەنێویاندا ئەندامانی پەکەکە لەنێو هەسەدەدان.
پەکەکە لەلایەن تورکیا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی پۆڵێنکراوە.
فەرماندە کوردەکە کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، وێڕای ئەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ یارمەتیدانیان چوونەتە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، هەسەدە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی بە پەکەکەوە نییە.
مەزڵووم عەبدی ستایشی شەڕڤانە بیانییەکان دەکات کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە تێکشکاندنی داعشدا یارمەتیی هەسەدەیان داوە. هەروەها ڕوونیدەکاتەوە، بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سووریا و ڕۆژاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچە بنەڕەتییەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست ڕابگەیێندرێت.
مەزڵووم عەبدی بە ڕۆیتەرزی گوتووە: دۆخێکی جیاواز لە سووریا هەیە. ئێستا ئێمە دەست بە قۆناخێکی سیاسی دەکەین. پێویستە سوورییەکان بە خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن.
ئەو هەروەها ڕایگەیاندووە: لەبەر ئەوەی پێشهاتی نوێ لە سووریا هەن، کاتییەتی ئەو شەڕڤانانەی لە جەنگەکەماندا یارمەتییانداین، بەسەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.[1]