بژار زوبێر
د. #مورشید خەزنەوی# ، کەسایەتیی ئایینی دیاری ڕۆژاوای کوردستان، بە ڕووداوی ڕاگەیاند، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داوا دەکات لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز بن بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ و بە شاندێکی یەکگرتوو بڕۆن بۆ دیمەشق تاوەکوو گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی سووریا و بەرگری لە مافەکانی کورد بکەن، بەڵام ئەنەکەسە وەڵامی نەداوەتەوە.
دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە لە قامشلۆ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە، ئەمڕۆ هەینی مورشید خەزنەوی لە مزگەوتی مەعشووق خەزنەویی باوکی لە هەمان شار، لە وتاری هەینییدا پەیامی جەنەراڵە کوردەکەی بە ڕای گشتی گەیاند.
لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی ئەمڕۆی ڕووداودا کە نالین حەسەن پێشکەشیکرد، خەزنەوی وتی: تێڕوانینەکانی جەنابی جەنەراڵ زۆر ئەرێنی و زۆر باش بوون بۆ ئەو ڕێزگرتن و سازانەی کە دەبێت لەنێو کۆمەڵگەی سیاسیی کوردیدا هەبێت.
بە وتەی ئەو کەسایەتییە ئایینییە، جەنەراڵە کوردەکە پشتیوانیی بەهێز لە گفتوگۆی نێوان پارتە ناتەباکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکات، بەڵام بەداخەوە، تاوەکوو ئێستا لایەنە سیاسییەکان وەڵامیان نەداوەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کۆببنەوە.
دوای ئەوەی 8ی ئەم مانگە کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 بنەماڵەی ئەسەد هێنرا، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکەن. لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە نێو ماڵێکی پەرتەوازەوە خۆیان لە بەردەم وەرچەرخانە مێژووییەکەدا دەبیننەوە.
چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بەشێکی ڕۆژاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.
پارتە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و سووریا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون:
بەرەیەکیان ئەوانەن کە پێکهێنەر و هاوپەیمانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک بە ناوی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەتەوە.
بەرەیەکی دیکەیان لە پارتەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێکدێن. ئەو پارتانە هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پێکهێناوە.
شاندێکی ئەمریکی -ئەورووپی چەند ڕۆژێکە لە ڕۆژاوای کوردستانە بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیر هانی گفتوگۆی کوردی -کوردی لەنێوان هەردوو بەرەکەدا بدەن.
پەکەکە؛ ناکۆکیی نێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسە
ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە هەمان بووڵتەندا، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە لە قامشلۆوە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانیان، هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لەنێو هەسەدە؛ ئەو هێزەی کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە؛ ئەو قەوارەیەی کە دەیەوێت لە سووریای نوێدا پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەرایەتی (ئۆتۆنۆمی) بکات.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندە ئەمریکی و ئەورووپییەکە جەختیان لە داواکارییەکەیان کردووەتەوە کە دەبێت ئەو ئەندامانە لە ڕۆژاوای کوردستان نەمێنن.
گوتەبێژەکە دەڵێت: ئێمە وەک کوردی سووریا دەبێت کەسایەتیی خۆمان وەک کوردی سووریا نیشانبدەین و بیسەلمێنین کە دەستی هیچ کەسێک لێرە نییە. بۆیە پەکەکەش دەبێت هاوکار بێت و پشتیوانی لەم بابەتە بکات. ئەگەر ئەندامانی لێرە هەبن، نابێت بمێنن.
لەو بارەیەوە، خەزنەوەی بە ڕووداوی گوت، لە کۆبوونەوە دوو کاژێرییەکەیاندا، ڕۆژی پێنجشەممە مەزڵووم عەبدی باسی لەوە کردووە، داوایان لە ئەندامانی پەکەکە کردووە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
وەک خەزنەوی باسیکرد، مەزڵووم عەبدی گوتوویەتی: دەست خۆشی لە پەکەکە دەکەین کاتێک لە ناخۆشی و نەهامەتیدا بووین بە هانای ئێمەوە هاتوون، بەڵام ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی دیکەداین و ئێمەی گەلی ڕۆژاڤا خۆمان خزمەتی خۆمان دەکەین و ئەو کەسانەی لە دەرەوە هاتوون، سوپاسی خزمەت و هاوکارییان دەکەین، بەڵام دەتوانن بگەڕێنەوە.
هیچ شاندێکی کوردستانیی هاوبەش پێکنەهێنراوە
پەیامی مەزڵووم عەبدی ئەوە بوو کە دەبێت ئێمە لەیەک نزیک بین و هێزێکی سیاسی پێکبهێنین بۆ ئەوەی دەنگمان یەک بێت.
خەزنەوی دەشڵێت: جەنابی جەنەراڵ داوای لە نووسینگەکەی کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە.
بەڵام بە وتەی خەزنەوەی، وێڕای هەوڵەکان هێشتا هیچ شاندێکی یەکگرتووی کوردستانی پێکنەهێنراوە؛ هۆشداریشیدا کە ئەگەر کۆمەڵگەی سیاسی تێڕوانینی خۆی یەکنەخات، دۆخمان خراپ دەبێت.
پیاوە ئایینییە کاریگەرەکەی ڕۆژاوای کوردستان ڕەتیکردەوە لەگەڵ هیچ شاندێک بچێتە دیمەشق، چونکە پێیوایە دەبێت کەسانی پسپۆڕ بچن و بەرگری لە مافەکانی کورد بکەن؛ وتیشی لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ئەنەکەسەش کۆدەبێتەوە.
گوتەبێژەکەی ئەنەکەسەش بە ڕووداوی گوت، شاندە ئەمریکی و ئەورووپییەکە بەوانی ڕاگەیاندووە: ئەگەر [کورد] یەکگرتوو بێت، دەتوانن باشتر یارمەتییان بدەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.
وتیشی، شاندەکە داوای یەکگرتوویی سووریا و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی سووریای کردووە و کۆبوونەوەکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن.
خەزنەوی دەڵێت: ڕۆڵی ئەنەکەسە لە داهاتوودا گرنگ دەبێت.
هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان
مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار ڕۆژی پێنجشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دانی بە هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لەنێو ڕیزەکانی هەسەدەدا نا.
کشانەوەی شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، مەرجێکی سەرەکیی تورکیایە بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە زیادکرد و شەڕڤانان لە چەند شوێنێک کشانەوە.
پەکەکە لەلایەن تورکیا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە.
ئەمریکا کە هەسەدە بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی لە شەڕی دژی داعش دادەنێت، هەفتەی ڕابردوو نێوەندگیری لەنێوان هەردوولادا کرد و ئاگربەستێکی چوار ڕۆژی ڕاگەیێندرا. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی ڕەتکردەوە و وتی، تا هەسەدە چەک دانەنێت، ئەنقەرە هێرشەکەی ناوەستێنێت.
مەزڵووم عەبدی پێشنیاز دەکات لە کۆبانێی ڕۆژاوای کوردستان ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکادا درووستبکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنرێنەوە و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ ناوچەکە دەستەبەربکرێت.
بەڵام زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکاندا ناکەین، وتیشی: ئامادەکاری و ڕێکارەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە چەک دادەنێت و چەکدارە بیانییەکانی نێوی سووریا جێدەهێڵن.[1]