دیار سلێمان
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لەبارەی ئەگەری دیداری دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕۆژنامەڤانانی گوت، ''بۆچوونمان نەگۆڕاوە. ڕەخساندنی دیدارێکی وەها سوودی دەبێت''.
#دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی مەهەپە شەوی ڕابردوو دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2025ی تورکیا، لەبارەی ئەگەری دیداری شاندی دەم پارتی و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی ڕۆژنامەڤانانی دایەوە.
باخچەلی کە پێشتر داوای کردبوو دەم پارتی و ئۆجەلان کۆببنەوە، وتی، ''بۆچوونمان نەگۆڕاوە. ڕەخساندنی ئەم دیدارە سوودی دەبێت''.
سەرۆکی مەهەپە وتی، ''کۆبوونەوەیان ئێمە خۆشحاڵ دەکات. پێم وایە بڕیارەکان بۆ هەموو ئەوانەی لە تورکیادا دەژین، دەبنە مایەی خێر''.
باخچەلی دوایین جار ڕۆژی #26-11-2024# ، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەڕڵەمانی تورکیا وتی: چاوەڕێ دەکەین دیداری ڕووبەڕوو لەنێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت''.
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان ڕۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
وەزیری دادی تورکیا ڕۆژی #18-12-2024# ، وتی، ''ئەم ماوەیە کۆبوونەوەکانی بودجە دەکرێن. بە ئەگەرێکی زۆر دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بودجە، بڕیار لەو بارەیەوە دەدەین''.[1]