بژار زوبێر
هێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە# ) ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو چەکدارانەی ڕۆژی شەممە لە#بەنداوی تشرین# لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب کوشتوویانن گەیشتە 52 کەس.
پێش ئەوە، هەسەدە گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی خۆی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی تورکیا لە بەنداوەکە ڕاگەیاند.
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کە سەربە هەسەدەیە، لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت ژمارەی چەتە کوژراوەکانی سەربە تورکیا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین، بۆ 52 کەس بەرزبووەوە، لەنێویاندا ژمارەیەک سەرکردە هەن.
هەسەدە هەروەها تێکشکاندنی دوو زرێپۆش و تانکێکی سەربە گرووپە چەکدارەکانی ڕاگەیاند.
هەسەدە دەڵێت دوای ئەوەی هێزەکانمان هێرشی چەتەکانی سەربە داگیرکاری تورکیان بۆ سەر بەنداوی تشرین لە دوو قۆڵەوە تێکشکاند و دەیان چەتەیان کوشت و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان لەنێوبرد، داگیرکاری تورک بۆردوومانی ئاسمانی و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچەکە چڕکردەوە، لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون.
بەنداوی تشرین لەسەر ڕووباری فورات درووستکراوە. بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب.
دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری منبج لە ڕۆژاوای ڕووباری فورات، گرووپە چەکدارەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە دەدەن. بەشی ڕۆژاوای بەنداوەکە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و بەشی ڕۆژهەڵاتی لە دەستی هەسەدەدا ماوەتەوە.
بە وتەی هەسەدە، شەممە سێزدەیەمین ڕۆژی بەرخودانی هێزەکانیان بوو دژی گرووپە چەکدارەکان کە لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن.
هەسەدە دەڵێت دوای 12 کاژێر لە شەڕ و پێکدادانی سەخت، چەتەکان ناچارکران لە ناوچەکە هەڵبێن و لە خاڵێکی سەربازیی نزیک بەنداوی تشرین کۆبوونەوە. دوای ئەوە لەلایەن هێزەکانمان کرانە ئامانج و کوژرا و و برینداری زیاتریان تێکەوت.
پێشتر بەرپرسانی بەڕێوەبردنی بەنداوەکە کە ئێستا لە کارکەوتووە، هۆشدارییان دابوو لەوەی مەترسیی هەیە بەهۆی هێرشەکان، بتەقێتەوە.
دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم ڕووخێندرا، سوپای نیشتمانیی سووریا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان زیادکرد.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
ئەنقەرە چاوی لەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەنگاو دژی هەسەدە بنێن و ئەو شتەی کە بە هەڕەشەی ئەمنی بۆ سەر تورکیا ناوی دەبات، لە سنووری نێوان ڕۆژاوا و باکووری کوردستان نەمێنێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندبوو، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە و تاوەکوو شەڕڤانان چەک دانەنێن، دەست هەڵناگرێت.[1]