دیار سلێمان
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (#دەم پارتی# ) دەڵێت: پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.
تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ڕۆژی (شەممە، #21-12-2024# ) لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی پرسی کورد، دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و دیدارەکەی ئۆجەلان قسەیکرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە ئەگەری دیدارەکەی شاندی خۆیان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی، ''دواخستنی ئەم دیدارە بەم جۆرەی دەیبینین بابەتێکی تەکنیکی نییە. بە ئەگەرێکی زۆر، ئاگاداری پێشهاتەکانی سووریان و بەگوێرەی پێشهاتەکانی ئەوێ بڕیار لەبارەی دیدارەکەی ئێمە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دەدرێت''.
هاتیمئۆغوڵڵای وتیشی، ''لەبەر ئەوەی پێدانی مۆڵەت بە شاندی دەم پارتی بۆ سەردانەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سووریا و پێشهاتەکانی ڕۆژاوا هەیە، ئەو بڕیارەی دەسەڵات دەیدات، سیاسییە. ئەم دەسەڵاتە مافێکی یاسایی بە سیاسی کردووە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی، ''لە دۆخێکی وەهادا کە ئەگەری جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە، بوونی کەسایەتی وەک ئۆجەلان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر پێویستە. باوەڕمان بەوە هەیە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکانی، ئۆجەلان دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە ئاشتیی سووریا، تورکیا و ناوچەکەش هەبێت''.
هاتیمئۆغوڵڵای ڕەخنەی لە سەرۆککۆماری تورکیا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەناوە و وتی، ''ئایا دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات یان نایەوێت؟ بەتەنیا ئەوە بەس نییە لە وەڵامی قسەکانی باخچەلیدا بڵێیت، بەڵێ بە گرنگی دەزانم''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی هەڵوێستەکەی باخچەلی و دۆخی ئێستای ڕۆژاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''چەندین جار گوتوومانە کە هەڵوێستەکەی بەڕێز باخچەلی بەرز دەنرخێنین. ئەگەر لێرەوە هەنگاو بنرێت، دەتوانین هەنگاو بنێین. بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە درۆن بۆ ئاسمانی ڕۆژاوا بنێرێت یان سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ ئەوێ (ڕۆژاوای کوردستان) بنێرێت. کەس مافی ئەوەی نییە لەوێ (ڕۆژاوای کوردستان) ژینگەی شەڕوپێکدادان درووست بکات و لە تورکیاش پێمان بڵێن، ''بێ دەنگ بن، ئاشتی بەرقەرار دەبێت، ڕێگە بەمە نادەین''.
هاتیمئۆغوڵڵای باسی لەوە کرد، ''چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە سووریاش. ئیدی زۆر زەحمەتە بتوانین باسی سووریایەکی جیاواز لە تورکیا و تورکیایەکی جیاواز لە سووریا بکەین. ئەمڕۆ بەدەستهێنانی ماف و پێگە لەلایەن کوردانی سووریا دەبێتە ئاسانکاری تاوەکوو کوردانی تورکیاش مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی دۆخی سووریا ڕەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و وتی، ''ڕوودانی پێشهاتەکانی سووریا بەخێرایی، ئێمەی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەڵام دەمانزانی دۆخەکە بەم ڕۆژە دەگات. تورکیا لەوێ (سووریا) لە ڕێگەی سوپای نیشتمانیی سووریا کە خۆی ڕاهێنانی پێکردووە و چەکداری کردووە، بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەوەی تورکیا بەشێوەیەکی کرداری جێبەجێی دەکات، ڕێگریکردنە لەوەی کورد لە ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێگەی خۆی هەبێت''.[1]