پەیمان محەممەد
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پاریس دەڵێت، پێویستە هاوکاریی وڵاتانی بۆ هەتەشە، ببەسترێتەوە بە پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکرات لە سووریا، گوتیشی، ''سیستمی ناناوەندی لەسەر بنەمای جوگرافیا، باشترین بژاردەیە بۆ داهاتووی سووریا.
ئەمڕۆ (هەینی، #20-12-2024# )، خالید عیسا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پاریس، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) رایگەیاند، ''دوای 27ی تشرینی دووەم، بۆ ئەوەی لە حەلەب و شەهبا بەریەککەوتن نەبێت، لێکتێگەیشتنێک لە نێوانیاندا دروست بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانیان نەگەیشتوونەتە ئاستی گفتوگۆکردن.
ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەم، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند.
خالید عیسا لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم گفتوگۆ لەگەڵ هەتەشە گوتی: ''هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دۆخێکی ئاڵۆزی بۆ ئێمە دروست کردووە، بۆیە تاوەکو ئێستا دەرفەتی گفتوگۆکردنمان بۆ نەڕەخساوە.
خالید عیسا هۆشداری لە هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دا و گوتی: ''هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هێزە داگیرکەرەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، پێشێلکردنی سەروەریی خاکی سووریان و رێگرن لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە. تورکیا هەوڵدەدات هەموو ناوچەکە بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
وەک خالید عیسا دەڵێت، ''هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەن بۆ لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە نێو حکومەتی نوێی وڵاتەکەدا بەشدار بن.
بەگوتەی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پاریس، دیالۆگی کوردی - کوردی گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ''ئەمڕۆ رۆژی هاوکارییە، یەکێتیی کوردان دژی هیچ کەسێک نابێت، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی کورد، ئاسایش و خاکی سووریایە.
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ەوە گفتوگۆکانیان راگیراون. خالید عیسا گوتی، ''هیوادارین لەم دۆخەدا، هەر ناکۆکییەکی لە نێوان لایەنە کوردییەکان هەیە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین رێککەوتنێک بکەین.''
ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرجەم هێزە کوردستانییەکان هاوکار بن، ''ئەوانیش دەتوانن رۆڵێکی سەرەکییەکان هەبێت بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە سووریا بپارێزرێت و حکومەتێکی دیموکرات پێکبهێنرێت.
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق.
خالید عیسا گوتی: ''پێویستە کورد بە یەکڕیزییەوە بچێتە شام، ئەمریکی و فەرەنسییەکان بە بایەخەوە لە دیالۆگی کوردی - کوردی دەڕوانن، بەڵام ئەرکی سەرەکیی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەکەوێتەوە ئەستۆی کورد، ئێستا ئەمە ئەرکێکی نیشتمانییە.
ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، دەبێت هەر دوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە سەرنجیان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بێت و ''خوێندنەوە بۆ ئەوە بکرێت کە بە چ شێوەیەک مافی کورد لە سووریایەکی دیموکراتدا دەستەبەر بکرێت''.
خالید عەباس جەختی لە گرنگیی هاوکاریی وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ کورد و پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا کردەوە و گوتیشی، ''بەڵام دەبێت هاوکارییەکانیان [بۆ هەتەشە] مەرجدار بکرێت بە پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکرات لە سووریا. تاوەکو ئێستاش تەحریر شام لە لیستی تیرۆردایە''.
نوێنەرەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی داهاتووی سووریاوە گوتی: ''بەهۆی هەبوونی پێکهاتەی جیاواز لە وڵاتەکە، لەوانەیە بەڕێوەبەرییەکی ناناوەندی لەسەر بنەمای جوگرافیا گونجاوترین چارەسەر بێت بۆ داهاتووی سووریا، داهاتی نەوت و گازی وڵات بە یەکسانی بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێت، هەروەها کورد جیا لە دەسەڵاتی هەرێمی، لە دەسەڵاتی ناوەندیشدا بەشدار بێت.[1]